پیلانێك له‌ دژی زیندانیانی بادینان: له‌ زیندانیشدا جارێكیتر سزاده‌درێت

نوێنه‌ری زیندانیانی بادینان ئایهان سه‌عید ئاشكرای كرد پیلانێك له‌ دژی زیندانیانی بادینان له‌ ئارادایه‌ و له‌ زیندانیشدا به‌ هۆی ده‌ربڕینی بیر و را سزاده‌درێن.

ئایهان سه‌عید له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا بۆ رای گشتی باسی له‌وه‌كردووه‌، " ئاشکرایە لەژێر سیاسەتی کابینەی نۆیەم بە عەقلیەتێکی دۆگماتیکی و پۆلیسی ماوەی دوو ساڵە چ زۆڵم و پێشڵکاری یاسایی و مافی مرۆڤ بەرامبەر رۆژنامەنوس و چاڵاکوانانی بادینان کرا و دوور لە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و ئازادی بیروڕا، پێچەوانەی پەیماننامە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ، دەستوور و یاسا کارپێکراوەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان، لەژێر حوکمی دادگایەکی حزبیانە سزادران."

' شێروان شێروانی به‌ هۆی ده‌ربڕینی بیر و ڕا له‌ زینداندا سزادرا'

نوێنه‌ری زیندانیانی بادینان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، " ماوەیەکە ھەست بە پیلانێکی چه‌په‌ڵی - خراپ دەکەین بە تایبەتی دوای ئەوەی رۆژنامەنووس شێروان شێروانی بۆچوون و تێبینی خۆی خستەڕوو لەسەر کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەت لەگەڵ بەشێک رۆژنامەنووسان و بەرگری لە خۆی و ھاوڕێکانی کرد دەربارەی ئەو تۆمەتە بێ بنەمایانەی خراونەتە پاڵیان، بەداخەوە دوای کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر کاک شێروان سزادرا و لەنێو چاکسازی ھەولێر مافەکانی پێشێکران و کۆدی پەیوەندیکردن لێ بڕاوە و پێیان وتووە نابێت قسە و پەیوەندی بکەیت، لە ئێستادا گواستوویانە ھۆڵێکی دیکە کە بەپێ ڕێنماییەکان پێویستە لەگەڵ ھاوتا ماددە یاساییەکانی خۆی بێت، ھەروەھا لەژێر چاودێری کامێرا و تیمی ناو زیندان دایە، پێویستە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رێگە بە دەستێوەردانی دەزگایەکی ئەمنی نەدات لەناو چاکسازی، ھەروەھا ڕەفتارانەش پێچەوانەی ئەو بەڵێن و درۆشمە بێ کردارانەی سەرۆکی حکومەتن کە لە کۆبوونەوەکەدا کردی".

' کتێبە ئاساییەکانیان لێ قەدەغەکراون'

ئایهان سه‌عید ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، " پێشتریش لەناو چاکسازیەکان ھەولێر و دھۆک زیندانیانی بادینان لەسەر پەیوەندی تەلەفۆنی و دەربڕینی بۆچوونی خۆیان سزادراون، ھەندێک لە کتێبە ئاساییەکانیان لێ قەدەغەکراون و بێ بەشکراون لە خوێندن و خولی میوزیک و چەند مافێکیان، ھەروەھا پێنج چالاکوانی شێلادزێ دوای سزادانیان و تەواوکردنی حوکمەکەیان ماوەی زیاتر لە مانگێک لە لایەن ئاسایشی گشتی ھەولێر ڕێگێری لێکرا بگوازرێنەوە بۆ چاکسازیی تا رێکارە یاسایی و ئیداریەکانی تەواو بکرێن و ئازادبکرێن".

' ھێشتا زیندانیانی بادینان سزادەدرێن'

له‌ كۆتاییشدا نوێنه‌ری زیندانیانی بادینان ئایهان سه‌عید رایگه‌یاندووه‌، " پرۆسەی گرتن و ڕفاندنی چالاکوان و رۆژنامەنوسانی بادینان ھەر لە یەکەم رۆژا تا ئێستا نایاسای و نا دیموکراسییە، کە دوای ئەم ھەموو نیگەرانی ناوخۆ، نوێنەری وڵاتان لە ھەرێم (کونسۆڵخانەکان) و بەغداد (باڵیوزخانەکان) و رێکخراوە جیھانیەکانی مافی مرۆڤ چاوەڕێی ئەوە بووین حکومەتی ھەرێم و بەدیاریکراوی پارتی دیموکراتی کوردستان پێداچونەوویەک لە سیاسەتی خۆیدا بکات دەربارەی پرسی ئازادی بیروڕا و کاری رۆژنامەنوسی و ئاشتەواییەک دروست ببێت، بەڵام بەداخەوە ھێشتا زیندانیانی بادینان سزادەدرێن و ڕێگە بە بەشێک لە رۆژنامەنوسان نادرێن بگەڕێنە زێدی خۆیان و بە بیرکردنەوەیەکی سادیزمانە چێژ لەم سەرکوتکاری و ترس و تۆقاندنە دەبینێت و ھیچ ھەنگاوێکی پراکتیکی نەناوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە، بەم سیاسەتکردنەش سومعەی ھەرێمەکەمان ناشرینتر دەبێت وئەمەش لە قازانجی ھیچ لایەنێکدا نیە".

هـ . ب