پەژاک سەبارەت بە بەردەوام بوونی هێرشە داگیركارییەكان بۆ سەر باشوری كوردستان رایگەیاندوە؛ كۆمەڵكۆژی و داگیركاری یەكجارەكی لەزۆربەی هەرێمەكان لەهەرچواربەشی كوردستان بەشێوە و رەنگی جیاواز و رێكاری سیاسیی جودا بەردەوامە و لە باشوری كوردستان داگیركاری هێدی هێدی و داگیركاری گشتیی وڵات گەیشتووەتە ئاستێكی ترسناك.
پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پەژاک)، لەهەڵسەنگاندنی رەوشی سیاسی هەفتانەی خۆیدا سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوین و كوردستان دەڵێت: "رۆژهەڵاتی كوردستان و بەشەكانی تری كوردستان لەیەكدی بەكاریگەر دەبن و ئێرانیش بەناچاری بەكاریگەر دەبێت لەرووداوەكانی رۆژهەڵاتی ناوین. ئەم بابەتەش بووەتە هۆی ئەوە پەژاک بەخوێندنەوەی راست لەهەلومەرجە هەنووكەیەكان، ستراتیژی، بەرنامە و تاكتیكی قۆناخەكە بەهۆشیارییەوە دیاری بكات و لەبەر ئەوەش چاوەڕوانی گرتنەبەری رێوشوێنی هەنووكەییە خۆیەتی لەداهاتوویەكی نزیكدا".
پەژاک لەبەشێك لەهەڵسەنگاندنەكانیدا لەسەر بابەتەكانی رۆژەڤی رۆژ دەڵێت: "ئەمڕۆكە رەوشی نەتەوەیی، سیاسی، كۆمەڵایەتی و ئابوری كە لەتاران سەریهەڵداوە، لەدژایەتی و ناكۆكی گشتیە لەگەڵ بارودۆخی گەلانی كورد، بەلووچ، ئازەری، عەرەب و گەلانی تردا. ئابوری ئێران بەمانگانە دەربازی قوناخی هەڵوەشانەوە و لەناوچوونی ئەكۆلۆژی و هەڵاوسان و قەیرانی ئابوری و كائیوسی (گێژاو)ی سیاسی یەكجارەكی بووە و رەوشەكە بەرەو قەیرانێك ملدەنێت، كە رەوشی كۆمەڵایەتی بەرەو هەڵوەشاندنەوە و مەترسییەكی جددی پاڵ دەنێت.
لەلایەكی تر دواكەوتوویی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لەكۆمەڵگەی مەدەنی ناڕازی شتێكی چاوەڕواننەكراو و سوپرایزێك نییە؛ چونكە بەساڵانە سەرەڕای ئامادەبوونی كۆمەڵگەی ئێرانی بۆ سەرهەڵدان، هیچ گۆڕانێكی نەكردوە. تەنانەت لەوەش خراپتر؛ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بەشێوەیەكی ناباوەڕانە سەرهەڵدان و بەهاری گەلانی لەئێراندا دواخستووە. دیارە كە لەداهاتووشدا لەكاتی دەستپێكردنی راپەڕینی بەرفراوان و سەرهەڵدان، هەر ئەم بەناو ئۆپۆزسیۆنە، ئەگەر خۆی نەگۆڕێت، دوور نییە كە سەرهەڵدان و شۆڕش رووبەرووی قەیران و دابەشكاری دۆژمنكارانە بكاتەوە".
پەژاک لە بەشێكی تری هەڵسەنگاندنەكانیدا لەسەر رۆژهەڵاتی كوردستان دەڵێت: "لەرۆژهەڵاتی كوردستان، كۆمەڵگە بەهۆی سەركوتكردنەوە جیاواز لەبەشەكانی تری ئێران، لە قۆناخی بەرخۆدانی بەردەوامە و تێڕوانینێكی هیوابەخشی بەكرانەوەی زۆتر، بەرهەڵستی بوونی خۆی هەمیشەیی كردووە. لەبەر ئەوەش لەرووی خاوەنداریكردن لەشۆناس و هیواكانی دیموكراسیخوازی جیاوازی زیاتری لەگەڵ كاركتەرە بەناو ئۆپۆزسیۆن ئێرانیەكانی تر هەیە، بەڵام بەگشتی لەقەیران و هەڵوەشاندنەوەی رژێم بەگشتی، لەچوارچێوەی ئێراندا بەشدار و دەستەوەستانە.
هەر كام لەرژێمە داگیركەرەكانی سەر كوردستان لەدوو رێیانی هەڵبژاردنی شەڕ و قەیرانی بەردەوام دان و رێگەی دیموكراسیان ناوەتە لاوە. هەموو ئامادەكاری و گرتنەبەری رێ و شوێنەكانیان بەگوێرەی شەڕ و قەیران گرتووەتە بەر و ئەمەش بارودۆخی كۆمەڵگەی ناڕەزای قورستر كردوە".
پەژاک دەڵێت: "هەر شوێنە بەرنامەیەكی هەژەمۆنی جیهانیش پەیوەستە بەبەرنامەكانی دەوڵەتە داگیركەرەكانی سەر كوردستانەوە و نموونەی هەرە بەرچاویش، رەوشی ناتۆ و پەیوەندی لەگەڵ توركیایە. ناتۆ هەر خەریكی گەورەكردن و كۆكردنەوەی هێز و دەسەڵاتە لەدژی گەلی كورد. بێگۆمان دیموكراسی نیوەچڵی ئەوروپا لەگەڵ سیستەمی ئەردۆغانی تورك لەسەر كوردەكان نزیكن لەیەكدیەوە و یەكتر تێردەكەن، بەڵام لەهەمانكاتیشدا لەكێبڕكی و ناكۆكی دان".
پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پەژاک)، لەسەر یەكگرتوویی گەلی كوردیش دەڵێت: "ئەمڕۆكە لەهەرچوار لای كوردستان، قسەوباس لەسەر"یەكگرتوویی گەلی كورد" و "لەیەكتر دابڕانی بەشەكانی كوردستان لەیەكدی" لەلایەن بەشێك لەئۆپۆزسیۆن لەناكۆكی و دژایەتیدایە. ناسیۆنالیستەكان و بەشێك لەپارتە كلاسیكەكان كە پشتیان بەچەمكی دەوڵەت ـ نەتەوە بەستووە لەقوڵایی ئەم ناكۆكی و دژایەتیانەدا جێگایان گرتووە و ئەمانەش خۆی لەخۆیدا گەورەترین زەبر لەپرۆژەی یەكگرتوویی نەتەوەیی دەدەن".
پەژاک ئەوەش دەڵێت: "ئەمڕۆكە هەرێمەكانی گەریلا بوونەتە ناوەندی سەرەكی بەرخۆدان و تێكۆشانی گەلی كورد و لەئێستاكەشدا بەنرخترین پیرۆزەیان دەنووسنەوە. ئاستی بەرفراوانی شەڕ گەیشتووەتە قۆناخێك كەچارەنووسی پارتە كوردیەكانی هەرچواربەشی بەیەكەوە بەستووەتەوە. چونكە بزوتنەوەیی ئاپۆیی، هەرچواربەشی كوردستانی هاوشێوەی ماڵێكی كوردستانی رێكخستووە و هەموو ئۆپۆزسیۆنی كوردیش رووبەرووی راستیەكی وەهادان".
ژ.ت