پژاک: قۆناغی نوێی شۆڕشی رۆژئاوا، تێکۆشان و یەکێتی نەتەوەی گەلی کوردە

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان رایگەیاند، شۆرشی رۆژئاوای کوردستانی پیرۆز کرد و وتی، " قۆناغی نوێی شۆڕشی رۆژئاوا، تێکۆشان و یەکێتی نەتەوەی گەلی کوردە."

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بەبۆنەی ساڵیادی شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و باسی ئەوەی کرد کە،١٩ی تەمموز ساڵیادی شۆڕشی رۆژئاوا و باکوری سوریا لە مێژووی نەتەوەی قاڕەمانی کورددا، لە ئەنجامی تێکۆشانی ئازادیخوازی و دیموکراتیدا، لە کوردستان، هەرێمەکە و جیهاندا، بووەتە مۆدێلێکی جیهانی و خاڵێکی وەرچەرخان. بۆیەش ئێمە شۆڕشی شکۆدار لە گەلی کورد، ئازادیخوازان و نەتەوە ژێردەستەکان پیرۆز دەکەین.

پژاک ئاماژەی بەوەدا، لە کاتێکدا کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان بووەتە ناوەندی جەنگی جیهانی و تێکۆشانی گەلانی ژێردەستە رووبەرووی هێرش و خوێنڕێژی هەژمانگەرایی جیهان، ناوچەکە و دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان بووەتەوە، بێگۆمان مۆدێلی شۆرشی رۆژئاوا و خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا لەسەر بناغەی برایەتی گەلان بە شێوەیەکی دیموکراتی، رێگەچارەی دەرچوونە لەو قەیرانەی کە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەی پژاکدا هاتووە، " ئێمەش وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، بەبۆنەی ساڵیادی شۆرشی رۆژئاوا، پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی گەلی کورد، گەلانی باکوری سوریا، بە تایبەتی خانەوادەی شەهیدان دەکەین کە ئەو ئاڵایەی بەڕێوەبەرایەتی رۆژئاوا دەیشەکێنێت، میراس و یادەوەری کۆماری کوردستانە و پێویستە بە فیداکاری و یەکێتی پارێزگاری لێبکرێت. شۆڕشی رۆژئاوا لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش بە شێوەی جیاواز و بە تایبەتمەندی خۆی بەردەوامە. بەرخۆدانی گەریلا لە زاپ، مەتینا و ئاڤاشین نمونەی ئاشکرای ئەو شۆڕشەیە کە پێویستیەکی بەپەلەی بە پشتگیری گەلەکەمان، هەموو ئازادیخوازان و دیموکراسیخوازان هەیە."

دەقی راگەیەنراوەکەی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بەم شێوەیەیە:

”١٩ی تەمموز ساڵیادی شۆڕشی رۆژئاوا و باکوری سوریا لە مێژووی نەتەوەی قاڕەمانی کورددا، لە ئەنجامی تێکۆشانی ئازادیخوازی و دیموکراتیدا، لە کوردستان، هەرێمەکە و جیهاندا، بووەتە مۆدێلێکی جیهانی و خاڵێکی وەرچەرخان. بۆیەش ئێمە شۆڕشی شکۆدار لە گەلی کورد، ئازادیخوازان و نەتەوە ژێردەستەکان پیرۆز دەکەین.

لە کاتێکدا کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان بووەتە ناوەندی جەنگی جیهانی و تێکۆشانی گەلانی ژێردەستە رووبەرووی هێرش و خوێنڕێژی هەژمانگەرایی جیهان، ناوچەکە و دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان بووەتەوە، بێگۆمان مۆدێلی شۆرشی رۆژئاوا و خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا لەسەر بناغەی برایەتی گەلان بە شێوەیەکی دیموکراتی، رێگەچارەی دەرچوونە لەو قەیرانەی کە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە. شۆڕشی رۆژئاوا رۆژ پرسی وەک سیاسی، ئابوری، ئایدۆلۆژی و کەلتوری لە ناوچەکە ئاشکرا کرد.

رۆژئاوا ئەرکی سەرشانی خۆی لەبەرانبەر گەلانی جیهان جێبەجێ کرد و ئازادیخوازانی جیهانیش وەک وڵامێکی فیداکارانە رۆژی جیهانی کۆبانێیان راگەیاند و رێزیان لێگرت. شۆرشی گەلان و نەتەوەکان کە هەموو نەتەوەکانی باکوری سوریای لەژێر سایەی خۆی کۆکردەوە، رووبەرووی جەنگێکی جیهانی و هێرشی تیرۆریستی داعش بووەوە. بۆیەش بووە شۆڕشێکی بێجێگرەوە و جیهانی. شکستی تیرۆریزمی داعش و دەوڵەتی تورک لە رۆژئاوا، لە هەمانکاتدا رزگاربوونی گەلان بوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چنگی تیرۆریزم کە دەوڵەتانی رۆژئاواییش لەم ئاسایش و ئارامیە سوودیان وەرگرت. شکستی داعش لە هەمانکاتدا شکستی بەرەی دوگماتیزمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئایدۆلۆژی کاپیتالیزم و سەرمایەداری بوو کە لەژێر ناوی تیرۆر هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی گەلانی ناوچەکەی دەدا.

تا رادەیەک هەموو زلهێزانی جیهان و ناوچەکە و دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، لەم شەڕەدا دوژمنایەتیان کرد، بەڵام بە شەهیدبوونی هەزاران کە رۆژئاوا بە سەربەرزی لە شەڕەکە هاتە دەرەوە و گەلی کورد سەرفرازە. قاڕەمانانی فیدایی رۆژئاوا بەرخۆدانێکی چەند ئەوەندەی لێنینگرادیان پێشکەش کرد. بە ئەندازەی شکۆی ئەم شۆڕشە، لە سایەی هەزاران ژنە شەهید، پرسی ئازادی ژنان لە هەموو جیهان دەنگیدایەوە و ناوی ژنی کورد بووە، سەردێڕی هەواڵەکانی، هەموو راگەیەنراوەکانی ناوچەکە و رۆژئاو و رۆژهەڵات. ئەم شۆڕشە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا یەکەمین شۆڕشی شکۆداری ژنانە و سەرەتای هەزارەی ئازادی ژنانە.

لە ئێستادا کە لەساڵی ٢٠٢١داین، ١٠ ساڵ بەسەر شۆرشی رۆژئاوادا تێپەڕیەوە و تێکۆشان و بەرخۆدانی گەلەکەمان گەیشتووەتە لوتکە و بەرەو ئامانجی کونفدرالیزم و نەتەوەی دیموکراتی هەنگاو بەرەوە پێشەوە دەنێت. هەڕەشەی سەر گەلی کورد، بە واتای مەترسی سەر هەموو گەلانی ژێردەستە دێت. هێرشەکانی تورک لە عەفرینەوە تاوەکو زاپ، مەتینا و ئاڤاشین، کە بە ئامانجی لەناوبردنی گەلی کورد ئەنجام دەدرێت، بە تەنها بە رۆحی شۆڕشگێری و بەرخۆدانی رۆژئاوا دەتوانرێت تێکبشکێنرێت. ئەم رۆحە بە پشتگیریکردن لە شۆڕشی رۆژئاوا و لە چوارچێوەی یەکێتی نەتەوەیی و کۆنگرەی نەتەوەیی دەتوانرێت بەهێز بکرێت. لەسەر ئەم بناغەیە قۆناغی داهاتووی شۆڕشی رۆژئاوا، بەهێزکردنی بەرخۆدان و پرسی یەکێتی نەتەوەیی کورد دەبێت. تاوەکو بەرخۆدان ئەنجام نەدرێت، یەکێتی دروست نابێت. گەلەکەمان پیشەنگایەتی ئەم یەکێتیە دەکات، بۆیەش پێویستە حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردی ئەرکی سەر شانیان ئەنجام بدەن.

ئێمەش وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، بەبۆنەی ساڵیادی شۆرشی رۆژئاوا، پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی گەلی کورد، گەلانی باکوری سوریا، بە تایبەتی خانەوادەی شەهیدان دەکەین کە ئەو ئاڵایەی بەڕێوەبەرایەتی رۆژئاوا دەیشەکێنێت، میراس و یادەوەری کۆماری کوردستانە و پێویستە بە فیداکاری و یەکێتی پارێزگاری لێبکرێت. شۆڕشی رۆژئاوا لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش بە شێوەی جیاواز و بە تایبەتمەندی خۆی بەردەوامە. بەرخۆدانی گەریلا لە زاپ، مەتینا و ئاڤاشین نمونەی ئاشکرای ئەو شۆڕشەیە کە پێویستیەکی بەپەلەی بە پشتگیری گەلەکەمان، هەموو ئازادیخوازان و دیموکراسیخوازان هەیە. ئێمە وەک پژاک بانگەوازی ئاڕاستەی هەموو ژنان، گەنجان، رۆناکبیران، بەشەکانی کۆمەڵگا و گەلانی ژێردەستە دەکەین کە پشتگیری لە شۆرشی رۆژئاوا و شۆرشی چوار بەشی کوردستان بکەن. تێکۆشانی دیموکراسی گەلەکەمان بە تەئکیدی دەگاتە سەرکەوتن."

ف.ق