پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بەبۆنەی ١٤هەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی حەسەن حیکمەت دەمیر (عەگید) لە ئەندامانی ئەم حزبە کە لە ١٨ی دیسەمبر (کانونی یەکەم)ی ٢٠٠٧ لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە لە سێدارەدرا، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
دەقی راگەیەندراوەکە:
"لەسێدارەدانی ستەمکارانەی هەڤاڵی هێژامان حەسەن حیکمەت دەمیر بە ناسناوی عەگید لە ١٨ی دیسەمبری ٢٠٠٧ لەسەر دەستی سیستمی قڕکەری کۆماری ئیسلامی ئێران کردەوەیەکی نامرۆڤانەیە کە هەرگیز لەبیری ناکەن و بزوتنەوەی ئازادیی گەلەکەمان بە دەستەبەرکردنی تەواوەتی ئازادی بۆ گەلەکەمان، رێگە نادات خوێنی پاکی ئەو شەهیدە بەنرخەمان بەفیڕۆ بچێت.
بێگومان لەسێدارەدان تاکتیکێک و پلانێکە بۆ سیستمی ویلایی ئێران تا لە رێگەی ئەو کردارە توندوتیژ و نامرۆڤانەیەوە، بە ئاواتی سوڵتەخوازانەی خۆی بۆ خۆسەپاندن بە سەر نەتەوەکانی ئێران بگات و ئەمەش لە ٤٦ ساڵی رابردوودا لە کارنامەی رەشیدا لەو رێگەیەوە تۆمارکراوە. لەسێدارەدانی شەهید عەگید کە یەکەم گەریلای لەسێدارەدراوە بە درێژایی دەیان ساڵ تێکۆشانی ئاپۆیی، ئەگەرچی کۆستێکی گەورەبوو، بەڵام رێگەی بەرخودانی بێهاوتا و بێ پسانەوەی لە زیندانەکانی ئێرانی کردەوە. سیستمی ویلایی ئێران بە درێژایی دەسەڵاتداری خۆی بە بەکارهێنانی رێبازی توندوتیژانە لە دژی ئازادیخوازان کە تەنیا پاکتاو و سێدارە بووە، هەروەها بە کەڵک وەرگرتن لە مشتی ئاسنین توانیویەتی هەندێک بە تەمەنی خۆی زیاد بکات. سەرباری ئەمەش ئەو رەوتەی بە چۆکدانەدانی شەهید عەگید لە ژێر ئەشکەنجەی تاقەتپروکێندا دەستیپێکرد، نەریتێکی بەرخودانی لە زیندانەکانی ئێران ژیاندەوە. سیستمی قڕکەری ئێران ئیتر بە تەواوەتی دڵخۆش ببوو کە بە لەسێدارەدانی هەزاران زیندانی سیاسی، توانیویەتی کە کۆنترۆڵ بگرێتەدەست و سەنگەر ومەتەرێزی بەرخودان تێکبشکێنێت، بەڵام بە بەرخودانی شەهید عەگید خەونەکانی بوون بە بڵقی سەرئاو و لەو رۆژەوە ژمارەیەکی زۆر رۆڵەی وەک فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەمهولی و هەڤاڵانیان زیندانیان لە شوێنێکی ترسناکەوە کە خۆبەدەستەوەدان ببووە چارەنوسی کردە سەنگەری بەرخودان. ئەم گیانبازییەی شەهید عەگید لە بەرامبەر سیاسەتی چۆکپێدادانی رژێم، شەپۆلێکی لە وشیاربوونەوە لە نێوان سۆڕشگێڕان هێنایە کایەوە و بناغەی سیستمی ستەمکاری هەژاند.
لەمڕۆشدا سیستمی ویلایی لە گەرمەی پێشهاتە خێراکان و زەنگی مەترسی دەرەنجامی شەری سێهەمی جیهانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ترسی رووخانی خۆی پەنای بۆ شەپۆلێک لە دەستبەسەرکردن و سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای سێدارە بردووە، بۆ ئەوەی رەنگە بتوانێت شەپۆلی شۆڕشی گەلان جڵەو بکات. وەک تاکتیک و رێکارێکی سیاسی بۆ سەرکوتی زیاتر لە سزای سێدارە دەڕوانێت و هیوای لەسەر هەڵچنیوە. بڕوامان وایە کە لەمرۆدا لە زیندانە سامناکەکانی سیستمی ویلایی ئێرادا شەپۆلێک لە بەرخودانی زیندانیانی سیاسی هاتووەتە ئاراوە کە بەرەنجامی تێگەیشتنی تەواوەتی رێگەی راستیخوازانە و شۆڕشگێڕانەی شەهید عەگیدە. ئەم رێبازە، رێگەی راستەقینەی خۆبەدەستەوەنەدانی تێکۆشەرانی ئاپۆییە کە بزوتنەوە وشیاری گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێز دەکات. هەربۆیە پشتیوانی کردن لە زیندانیانی سیاسی بەتایبەتی ئەوانەی رووبەڕووی سزای سێدارەبوونەوە، بە درێژەدان بە رێبازی تێکۆشانی شەهید عەگید دەستەبەر دەبێت و بە دڵنیاییەوە لە بەرامبەر سیستمی ستەمکار، ئەنجامگر دەبێت. ئەگەر دوێنێ رێگەی شەهید عەگید بە تێچووی خوێنی ئەو بووە مایەی درێژەدان بە تێکۆشانی گەلەکەمان، ئەمڕۆش دەتوانرێت هەمان بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانە تا بەدەستهێنانی ئازادی تەواوەتی درێژەی پێبدرێت. شێوازی خۆڕاگرانەی عەگید بەڕادەیەک پتەو و یەکلاکەرەوە بوو کە بووە نمونەی باڵا بۆ سەرجەم گەنجانی شۆڕشگێڕی گەلەکەمان و وەک مانیفیستۆی رێنیشاندەری رێگەی بەنرخی ئازادیخوازانەی لێهاتووە. لەمڕۆدا بە پشتبەستن بەوە دەتوانین لە قۆناغی ئێرانی پڕکێشمەکێش و ئاڵۆز و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پڕ شەڕ و ئاژاوە، رێگەی رووناکی گەلەکەمان بە باشی بدۆزینەوە.
مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی و بیرەوەری شەهید عەگید، ئەو بە رۆڵەی تێکۆشەری رەوای بزوتنەوەی ئازادیخوازی دەزانێت و بڕوای قووڵی بەوەیە کە گەنجانی گەلەکەمان بە ئاراستەی تێکۆشانی ئەودا ئازادی و دیموکراسی دەستەبەر بکەن. ئەمڕۆ رۆژی ئەوەیە کە گەنجانمان گۆڕەپانەکان پڕبکەنەوە و وەڵامی شایستە بە گیانبازی شەهید عەگید بدەنەوە. رێگە و رێبازی عەگیدەکان، رێگەی سەرکەوتنی گەلی کوردە".