پژاک: ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ و دامەزراندنی پژاک، بەهاری گەلە

پژاک بەبۆنەی ٤ ی نیسان ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و دامەزراندنی پژاکەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: " ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ و دامەزراندنی پژاک، بەهاری گەلە".

پژاک بەبۆنەی ٤ ی نیسان ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و دامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاوکردەوە و ئەم ڕۆژە بە بەهاری ئازادی گەل ناودەبات.

پژاک دووپاتی دەکاتەوە، لەم ساڵانەدا دوژمن پشتی بە سیاسەتی ئاسیمیلایۆن و جینۆسایدی چاندی بەستبوو، بەڵام دەرکەوتنی پژاک وەک شکۆفەی بەهار و نەورۆز کورد، بووە مایەی بووژاندنەوەی ژیانێکی پڕ لە ئومێد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

لە ڕاگەیاندراوەکەی پژاک هاتووە: "پایەکانی پژاک لەسەر چەمکە مەزنە دیموکراسی و ئازادی داڕێژراوە، هەربۆیە دامەزراندنی پژاک لە ٤ی نیسانی ٢٠٠٤، دەگەڕێتەوە بۆ پێویستی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی دیکەی هەستانەوە، کە لەوپێناوەدا رۆڵە دلێرەکانی گەلەکەمان، بە پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی پژاکەوە، فەلسەفەی گیانفیدای و فیداکارییان کردە لوتکەی ڕێبازی ڕۆشنی خۆیان".

هەروەها پژاک دەڵێت: "هاوکاتی سێهەمین لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ دامەزراندنی پارتەکەمان (پژاک)، ڕووداوێکی گەورەیە لە چارەنووسی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چونکە لەدایکبوونەوە و زیندووبوونەوەی نەورۆزیانە و لەدایکبوونی ئازاد لەخۆدەگرێت. ئەرکی پژاکیش ئافراندنی حەماسەیە لە تێکۆشانی ئازادیخوازانەی گەلەکەمان لە دژی ستەمکاری".

لەو سۆنگەیەوە پژاک یادی هەموو ئەو شەهیدانە بەرز رادەگرێت، کە لە دامەزراندنییەوە تا دەگاتە درەوشانەوەی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" و نەورۆزی ئەمساڵ، درێژەپێدەری رێگەی خەبات بوون.

پژاک ڕایدەگەیەنێت نەورۆزی ئەمساڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەشێوەی سەرهەڵدان بەڕێوەچووە، دەڵێت: "ئەمەش هیوایە بە داهاتوویەکی ئازاد و سەرکەوتنی گەلەکەمان لە هەڵبژاردنەکانی باکوری کوردستان و تورکیا، ئەم هیوایەی گەیاندە لوتکە و ئێستاش لە سەروبەندی ٤ی نیساندا، پێویستە بیر لە تێکۆشانی بەهێزتر بکرێتەوە لە دژی سیستمە ستەمکارەکان".

پژاک یەکگرتووی گەل و گەریلا بە کرۆکی تێکۆشان دەزانێت و پێشەنگایەتی ژنانیش بە بناغەی تێکۆشانی ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەناسێنێت، دەڵێت: "ژنانی کورد لە پێشەنگایەتیی تێکۆشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پەیامێکی گرنگیان لەسەر شانە و هێڵی سیاسەتی پژاکیش کە لەسەر بناغەی فکری ئازادیخوازانەی رێبەر ئاپۆ دامەزراوە، گەورەترین ڕێنیشاندەرە".

لەکۆتاییدا ٤ ی نیسان لە گەلی کورد و بنەماڵەی شەهیدان و گەریلا و شەهیدانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" و دایکی شەهیدان پیرۆز دەکات، بەڵێن دەدات بە درێژەدان بە تێکۆشان تا بەدیهاتنی ژیانێکی ئازاد  و دیموکراتیک بۆ گەلی کورد.