قەڵای میر ماوەی ٤٢ ساڵە لەلایەن سەرباز و پۆلیسی تورکەوە داگیرکراوە

قەڵای میر لە ناوەندی جۆلەمێرگی باکوری کوردستان ماوەی ٤٢ ساڵە لەلایەن سەرباز و پۆلیسی تورکەوە داگیرکراوە ئەو قەڵایە کە بۆ گەلی کورد و گەشتیاران قەدەغەیە، ساڵانێکە لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە وێرانکراوە.

لە باکوری کوردستان چەندین بینا و شوێنەواری مێژوویی کە ڕەنگدانەوەی کلتوری کوردییە لەلایەن سەرباز و پۆلیسی تورکەوە داگیرکراوە. یەکێکیان قەڵای میرە کە دەکەوێتە ناوەندی جۆلەمێرگەوە.

دوای کودەتاکەی ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠، وەزارەتی بەرگری نەتەوەیی تورکیا قەڵای میری بە ناوچەیەکی سەربازی ڕاگەیاند لەسەر زەمینەی ئەمنی و قەدەغەی کرد. ئەو قەڵایە کە تا ئەو کاتە کراوەبوو بۆ گەشت و گوزاری، نزیکەی ٤٢ ساڵە جگە لە هێزە چەکدارەکانی دەوڵەتی تورک بەڕووی هەموواندا داخراوە. ئێستا قەڵاکە لەژێر دەستی پۆلیسی تایبەتی دەوڵەتی تورکدایە. تەلارسازیی قەڵاکە بەتەواوی لەناوچووە.

لە ساڵی ٢٠١٤دا هاوسەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگی هەدەپە داوای یاسایی لەسەر وەزارەتی بەرگری تۆمارکردووە، کە لە ساڵی ١٩٨٠ەوە چۆڵکراوە. بەڵام وەزارەتی دادی تورکیا گوێی لێنەگرتبوو.

سەیرکردنی قەڵاکە قەدەغەیە

قەڵاکە دوورە لە خەڵکی ناوەندی جۆلەمێرگەوە، دانیشتوانی جۆلەمێرگ دەبێت تەنها لە دوورەوە سەیری قەڵاکە بکەن. هەروەها سەیرکردنی لەنزیکەوە قەدەغەیە. ئەوانەی دەیانەوێت سەیری قەڵاکە بکەن، لەوانەیە دەستگیر بکرێن و ئەشکەنجە بکرێن و بکوژرێن.

با قەڵای میر ڕادەستی خاوەنەکانی بکرێتەوە

کەسێک لە گەڕەکەکانی دەوروبەری قەڵای میر کە بەهۆی هۆکاری ئەمنییەوە ناوی خۆی ئاشکرا نەکرد وتی: ئەو قەڵایە چەندین ساڵە لەلایەن پۆلیسی تایبەتەوە بەکارهاتووە. ئەو هاوڵاتییەی ڕایگەیاند، کە لەتەنیشت قەڵاکە ژیاوە، بەڵام نەیانتوانیوە قەڵاکە ببینن و بەم شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانیدا:

ئێمە ٣٠ ساڵە لەم گەڕەکەداین. قەڵاکە لەبەردەم ئێمەیە، بەڵام ناتوانین بڕۆین و ببینین. هەروەها ناتوانین سەرمان بەرزبکەینەوە و سەیریان بکەین. چونکە لە هەموو شوێنێکی قەڵاکە بورجەکانی چاودێری هەیە. کاتێک بۆیان دەرکەوت کە ئێمە سەیری قەڵاکە دەکەین، لەوانەیە دەستگیرمان بکەن. سەرەڕای قەدەغەکردنی سەردانیکردنی قەڵاکە، سەیرکردنی قەڵاکەش قەدەغەیە. ئەم قەڵایە هەم بۆ خەڵکی جۆلەمێرگ و هەم بۆ گەلی کورد زۆر گرنگە. ساڵانێکە لەلایەن پۆلیسەوە بەکار دەهێنرێت. ئێمە دەمانەوێت قەڵاکەمان ڕادەستی ئێمە بکرێتەوە. قەڵای میر کە هێمای خەڵکی جۆلەمێرگە، پیویستە بە زوترین کات ڕادەستی خاوەن ڕاستەقینەکانی بکرێتەوە"

ف.ق