قەرەیلان: لەسەر هێڵی رێبەر ئاپۆ ئێمە سەردەکەوین!

ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە موراد قەرەیلان لە پەیامەکەیدا بۆ نەورۆز، سەرنجی بۆ سەر گرنگی نەورۆزی ئەمساڵ راکێشاوە و رایگەیاندووە، "لەسەر هێڵی رێبەر ئاپۆ و رێبازی شەهیدانی قارەمان ئێمە لەم سەردەمە مێژووییەدا سەردەکەوین".

موراد قەرەیلان بۆ نەورۆزی ٢٠٢٤ پەیامێکی بڵاوکردەوە. پەیامەکەی قەرەیلان بەم جۆرەیە:

"گەلی هێژا و بەنرخمان، سڵاوتان لێبێت. جەژنی نەورۆز لەهەمووتان پیرۆز بێت. لەسەر ناوی بەڕێوەبەرایەتی بزوتنەوەکەمان جەژنی نەورۆز لە رێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەم. سڵاو، رێز و پەیوەستبوونی خۆمانی پێشکەش دەکەین. ئێمە جەژنی نەورۆز لە سەرجەم گەلی کوردستان، دایکانی شەهیدانی، گەلانی ناوچەکە، مرۆڤایەتی پێشکەوتنخواز، لە سەرجەم هەڤاڵان، خەباتکاران پیرۆز دەکەین. لە ساڵی نوێدا هیوای سەرکەوتن بۆ هەمووان دەخوازین. لەم رۆژە پیرۆزانەدا سەرجەم شەهیدانی شۆڕش، شەهیدان نەورۆز لە کەسایەتی کاوەی هاوچەرخ هاوڕێ مەزڵوم دۆغان بە بیردەهێنمەوە، لە بەردەم یادی ئەواندا سەری خۆمان دادەنەوێنین، ئەو بەڵێنەی بەوانمانداوە دووبارەی دەکەینەوە.

جەژنی نەورۆز لە مێژووی گەلانی هەرێمەکە و گەلەکەماندا جێگەیەکی گرنگی هەیە. بەڵام لە مێژووی بزوتنەوە، تێکۆشانماندا جێگە و پێگەیەکی گرنگتر و تایبەتی هەیە. بەرلە ٥١ ساڵ رێبەر ئاپۆ رۆژی نەورۆز هەناگوەکانی دەستپێکرد. لەو رۆژەوە تائێستا رێبەر ئاپۆ لە کوردستان بۆ ئەوەی ئاگری نەورۆز بەگەشی بمنێتەوە، رۆحی نەورۆز بەهێز ببێت، هەوڵی پڕبایەخی خستووتەگەڕ. لە نەورۆزدا لە هەلومەرجی زیندانی ئامەددا لەبەرامبەر ستەمدا، کاوەی هاوچەرخ هاوڕێ مەزڵوم دۆغان چالاکی گەورەی ئەنجامدا. دواتر کچانی کوردی ئازاد زەکیە ئاڵکان، رەهشان دەمیرەل، رۆناهی و بێریڤان بە جەستەی خۆیان ئاگری نەورۆزیان گەش کردەوە، بەم جۆرە بوونە شوێنکەوتووی مەزڵوم دۆغانەکان. لە کوردستان لە جزیرا بۆتان و لە نسێبین بە تایبەتی و لە زۆر ناوچەی کوردستان گەلەکەمان بە گیانبازیەکی گەورە و بە ئازایەتیەکی زۆرەوە زۆر شەهیدیان بەخشی، بە سەدان قارەمانیان بەخشی، بەم جۆرە ئاگری نەورۆزیان گەش کرد. نەورۆز بەم جۆرە گەیشتە واتای مێژوویی، رۆحێکی نەتەوەیی و تێکۆشانی بونیادنا.

لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣دا لە پێناو ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆدا بۆ چارەسەری پرسی کورد هەڵمەتێک لە لایەن دۆستانی ئینترناسیۆناڵیستەوە راگەیەندرا. ئەو هەڵمەتە تادێت بەرەوپێش دەچێت و ئێمە لەو بڕوایەداین، لە رێگەی ئەم نەورۆزە ئەو هەڵمەتە گەشتر دەبێت و بەهێزتر دەبێت. هەموو ئەوانەی بەشداریان لەو هەڵمەتەدا کردووە سڵاویان لێدەکەم. بە تایبەتی دۆستانی ئینترناسیۆناڵیست سڵاویان ئاراستە دەکەم. سڵاو لەو چالاکوانانە دەکەین کە لە زینداندا مانیان لە خواردن گرتووە. سڵاو لەو دایکانەمان دەکەین کە لە ئێشکگریی دادپەروەریدان. ١٢ ساڵە لە بەردەم ئەنجومەنی ئەوروپا لە ستراسبورگ ئێشکگریی ئازادی رێبەر ئاپۆ بەڕێوەدەچێت، سڵاو لەو ئێشکگرانە دەکەم. ماوەیەکی زۆرە لە کەمپی شەهید رۆستەم جودی وڵاتپارێزان ئێشکی ئازادی دەگرن، پیرۆزبایی لە هەموویان دەکەین.

نەورۆزی ٢٠٢٤ نەورۆزێکی ئاسایی نییە. ئێمە لەسەردەمێکی مێژووییدا پێشوازی لە نەورۆز دەکەین. ئەوەی گرنگە ئەم نەورۆزە ئەو دامەزراوانەی نوێنەرایەتی گەل دەکەن و دۆستانی گەلی کورد وەک نەورۆزی ئازادی رێبەر ئاپۆ رایانگەیاندووە. ئەوە بابەتێکی زۆر گرنگ و واتادارە. یەکەمجارە بەم جۆرە لە هەر چوارپارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات گەلەکەمان بە دروشمی 'ئازادی رێبەر ئاپۆ و بژی سەرۆک ئاپۆ' نەورۆز بە جۆش و خرۆشەوە لە گۆڕەپانەکان بە ملیۆنان، بە دەیان ملیۆن مرۆڤی ئێمە ئەو دروشمە بڵێنەوە. داوای چی دەکەن؟ ئازادی رێبەر ئاپۆیان دەوێت. گەلەکەمان ئازادی رێبەر ئاپۆ وەک ناسنامەی ئازادی خۆی دەبینێت. لەبەر ئەوە لە گۆڕەپانەکان هاوار دەکەن. دەبێت دەنگی گەلەکەیان ببیستن. هاواری ئازادی لەپێناو رێبەر ئاپۆ ببیستن. ئەو پیلانگێڕە بێ ویژدانە نەگریسانە دەبێت بیبیستن. ئێمە بانگەواز دەکەین، لە هەموو هێزە پەیوەندیدارەکان، هێزە جیهانیەکان، هێزە پیلانگێڕەکان ئیتر بەسە، چیتر پشتیوانی لە تیرۆری دەوڵەتی تورک لە سەر گەلەکەمان مەکەن. بەسە ئیتر بۆ بەرژەوەندی خۆتان داهاتووی گەلی کورد تاریک مەکەن و گوێ بۆ بانگەوازەکانی گەلی کورد بگرن. ئازادی گەلی کورد مافێکی سروشتیە. دەبێت ئێوە لەبەرامبەر ئەم راستیەدا ئەرکی ئەخلاقی و مرۆیی خۆتان بەجێبگەیەنن.

دووەم گرنگی نەورۆزیش وەک ئێوە دەزانن، ١٠ رۆژی دیکە لە باکوری کوردستان هەڵبژاردنی خۆجێیی هەیە. لە هەڵبژاردنی خۆجێیدا گەلەکەمان هاوسەرۆکانی شارەوانیەکانیان هەڵدەبژێرن، بەڵام رژێمی ئاکەپە-مەهەپە ئیرادەی گەلەکەمان ناناسێت و قەیوم لەشوێنیان دادەنێت، شتێکی لەو جۆرە لە مافە گەردونیەکاندا بوونی نییە. بە شێوەیەکی فەرمی ئیرادەی گەلەکەمان پێشێل دەکات. نایەوێت دانی پێدابنێت. لەبەر ئەوە دەبێت بە گیانی نەورۆزی ٢٠٢٤ تەواوی گەلەکەمان، تەواوی دۆستانمان، کەسانی سۆسیالیست و دیموکراسیخواز لە تورکیا هەموو کەس لە بەرامبەر ئەو سیاسەتە بێدەنگی بشکێنن، بەشداری لە هەڵباردندا بکەن، ئیرادەی خۆیان نیشان بدەن. نیشانی بدەن کە ئێمە خاوەنداری لە ئیرادەی خۆمان دەکەین. ئێمە ئەو سیاسەتی قەیومە ناناسین. لەبەر ئەوەش دەبێت گەلەکەمان ئەم هەڵبژاردنە تەنیا وەک هەڵبژاردنی هەندێک کەس نەبینێت، دەبێت وەک ئاشکراکردنی ئیرادەی خۆی لە بەردەم جیهان، لە بەردەم دۆست و دوژمن، ئیرادەی خۆی نیشان بدات و بچێتە دەنگدان و دەنگ بدات.

سێهەم ئێمە لە سەردەمێکی گرنگداین. ئەم رۆژانەی ئێمەی تێداین، وەک هەموو گەلەکەمان، دۆستانمان چاودێری دەکەین، دەوڵەتی ئاکەپە-مەهەپە و ئەرگەنەکۆن ئێستا لە هەوڵی ئامادەکاری نوێدان بۆ ئەوەی لە بەرامبەر ئێمە، لە بەرامبەر گەریلاکانی ئازادیی کوردستان، لە بەرامبەر دەستکەوتەکانی گەلی کورد هێرشێک ئەنجام بدەن. بۆ ئەوەش ئەو ترافیکە دیپلۆماسیە لە هەرێمەکە و لە سەر ئاستی جیهان ئەنجام دەدەن. ئێمە دەزانین ئامادەکارییان هەیە. بەڵام ئیتر ئەوان تێگەیشتوون کە خۆیان بە تەنیا، بە گەریلاکانی ئازادیی کوردستان ناوێرن. بۆ ئەوەش کەوتوونەتە خۆ و هاوپەیمان بۆ خۆیان دەدۆزنەوە. بەدوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێن کە بتوانن لە بەرامبەر گەریلا لەگەڵ ئەوان بەشداری شەڕ بکەن. ئێستا بەدوای ئەوەوەن. دەزانین نیەتیان خراپە، بە ئەقڵیەتی عوسمانی نوێ، بە وشیاری تورانیستی نەژادپەرستانە دەیانەوێت هەموو دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لەناو ببەن، میساقی میللی داگیربکەن، لە عێراق و سوریا گەلی عەرەب بخەنە ژێر دەستی خۆیانەوە. لە بنەڕەتا نیاز و نیەتیان ئەمەیە. بەڵام ئەوە بە فرت و فێڵ و چەواشەکاری دەشارنەوە و بەم جۆرە دەیانەوێت هاوپەیمان بۆ خۆیان بەدەستبهێنن.

دەوڵەتی ئێستای تورکیا، رژێمی فاشیستی ئێستا بە کوردستان دەڵێت تیرۆرستان. بە تایبەتی بە ناوچە ئازادکراوەکان دەڵێت تیرۆرستان. بڕوانن لەو ناوچانە چی دەکات، تیرۆر دەکات. مرۆڤەکان دەکاتە ئامانج، لەسەر دەستی سیخوڕەکان دەیانکوژێت. بە فڕۆکەی بێفرۆکەوان تیرۆریان دەکات. ئەمڕۆ دەوڵەتی تورکیا لە سەرتاسەری باشووری کوردستان، شەنگال، رۆژئاوای کوردستان تیرۆر بەڕێوەدەبات. وەک چەتە و رێگر هەموو کەسێک دەکاتە ئامانج، سەرانە وەردەگرێت. ئەوانەی دەیانەوێت دڕندەیی دەوڵەتی تورکیا بناسن با سەیری عەفرین بکەن. لە عەفرین چی دەکەن؟ وەک دەوڵەتێکی چەتە، دڕندە دەوروبەر بترسێنن و بەم جۆرە باڵادەست بن. ئێمە لە بەرامبەر ئەو مامەڵەیە هەرگیز هەنگاو بۆ دواوە نانێین. دەبێت دۆستانیشمان باش بزانن، گەلەکەمان بزانێت ئێمە لەم سەردەمەدا ئامادەین کە بەرخودانێکی مێژوویی بکەین. بڕوامان بە خۆمان هەیە. بۆچی؟ ئێمە بڕوامان بەوە هەیە کە گەلەکەمان لەگەڵماندایە. گەورەترین هێز گەلە. ئێمە وەڵامی پێویست بە دەستدرێژی ئەوان دەدەینەوە. دەبێت هەموو کەس ئەوە بزانێت.

ئەوەی لەئێستادا گەلەکەمان پێویستی پێیەتی، دۆزی ئازادی کوردستان پێویستی پێیەتی، یەکێتی نەتەوەییە. یاخود ستراتیژێکی نەتەوەییە. دەبێت لەم سەردەمە مێژووییەدا گەلی کورد ستراتیژێکی نەتەوەیی هەبێت. بۆ ئەوەش ئێمە وەک رێکخستن بۆ سازکردنی یەکێتی نەتەوەیی بانگەواز دەکەین. ئەوانەی نایەن با نەیەن، ئەوانەی وڵاتپارێزن دەبێت بە دڵنیاییەوە لەنێو خۆیاندا کۆببنەوە، ستراتیژێکی هاوبەشی نەتەوەیی بونیاد بنێن. پێویستە هەموو کەس بزانێت، لەم سەردەمە گرنگ و مێژوویەدا بۆ ئەوەی گەلەکەمان لە سەر خاکی مێزۆپۆتامیا، لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەکی ئازادانە بژی، جیمان لەدەست بێت وەک بزوتنەوە دەیکەین. لەسەر ئەو بابەتەش قووڵبوونەوەی ستراتیژی و تاکتیکیمان هەیە. ئەزمونمان هەیە. باڵادەستی و زاڵبوونمان لە سەر تاکتیک و تەکنیک هەیە. بۆیە خۆڕاگری دەکەین. ئێمە شەڕخواز نین، بەڵام ئەوانەی شەڕ بکەن ئێمە وەڵامی پێویستیان دەدەینەوە. دەبێت هەموو جیهان ئەوە بزانێت. بەڵام لێرەدا بانگەوازمان هەیە، بۆ هەمووانە. دەوڵەتی تورک تیرۆر بەسەر وڵاتەکەماندا جێبەجێ دەکات، دەیەوێت سیاسەتی قڕکاری زاڵ بکات، لەسەر رێبەرمان گۆشەگیرییەکی قورس پەیڕەو دەکات، هەموو ئەوانە مرۆڤانە نین، دڕندانەن. باکەس نەبێتە هاوبەشی ئەو کۆمەڵکوژی و دڕندەییەی تورکیا. بانگەوازمان بۆ هێزەکانی ناتۆیە، بانگەوازمان بۆ هەموو هێزەکانی پشتیوانی تورکیایە. دەبێت هەمووان بزانن کە رێپێوانی ئێمە رێپێوانێکی دادپەروەرانەیە، رێکردنێکی راست و دروستە. داواکارییەکانمان داواکاری سروشتین. لەو پێناوەدا هەموو شتێک دەکەین و ئێمە سەردەکەوین. ئێمە لەمڕۆدا زیاتر لە هەموو کات بڕوامان بە سەرکەوتن هەیە. ئێمە بڕوامان بە خۆمان، بە گەلەکەمان و دۆستانمان هەیە و ئێمە لەبەر رۆشنایی هێڵی رێبەر ئاپۆدا، لە گرتنەبەری رێبازی شەهیدانی قارەماندا لەم سەردەمە مێژووییەدا سەردەکەوین. لە سەر ئەو بنەمایە جارێکی دیکە نەورۆزی هەمووتان پیرۆز دەکەم، لە رێپێوانی ئازادکردنی رێبەر ئاپۆ و ئازادکردنی کوردستاندا سەرکەوتن بۆ هەمووان دەخوازم".

هـ. ب