قەرەیلان: ئێمە ستراتیژیی دەوڵەتی تورک-مان تێکشکاند

قەرەیلان ڕایگەیاند، ستراتیژیی سەرەکیی تورکیا ئەوەیە، کورد لە سوریا نەبێتە خاوەن مافی ناسنامەیی خۆی و گەلی کوردستان لە سەرلەنوێ دیزاینکردنەوەی ناوچەکەدا جێگەیان نەبێتەوە و راشیگەیاند: "تورکیا هەوڵی زۆری بۆ ئەوە داوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو".

 

بزووتنەوەی کورد بە شەڕی دژ بە داعش بووە هیوای هەموو جیهان. هەوڵەکان بۆ ڕەشکردن و تێکشکاندنی ئەو تێکۆشان و بەرخۆدانە شکستیان هێنا. گەریلاکانی پەکەکە لە چوارچێوەی پارادایمی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دا هەڵسوکەوتیان دەکرد و دەجوڵانەوە، نەک تەنها بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو بە تێکۆشانەکەیان هەناسەی بە بەر هەموو گەلانی جیهان دا هێنایەوە.

 ڕۆژنامەی یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا بەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە و فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەلی کوردستان (نەپەگە) بڵاوکردەوە. بەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکە بەو شێوەیەیە:

کەواتە چۆن گفتوگۆت لەگەڵ هێزە نێونەتەوەییەکاندا کرد؟

لە سەرەتای دەستێوەردانەکەدا شاندێکی ئەمریکا بە چەند هەلیکۆپتەرێک هاتنە شەنگال و لەو شوێنەدا نیشتنەوە، کە هەڤاڵانی تیادا بوو. بەرپرسیاری شانەکەیدی ئەمەریکا لەو کاتەدا لەگەڵ هەڤاڵ عەگید جڤیان چاوپێکەوتنی ئەنجامدا. لە هەڤاڵ عەگیدیان پرسی: "تۆ یەکسەر و راستەوخۆ پەکەکەن، یان ناڕاستەوخۆ پەکەکەن؟" هەڤاڵ عەگید پێی وتن: "ناراستەوخۆ چییە، ئێمە ڕاستەوخۆ پەکەکەین، ئێمە هێزی هەپەگەین". شاندەکە لەوێ بۆ ماوەی ٢-٣ کاتژمێردا لە ژێر پاراستنی هەڤاڵان دا گەڕابوون و دوای ئەوە لە کۆپتەرەکانیان سەردەکەون و دەڕۆن. ئەوەی ئێمە تێیگەیشتین، شاندەکە بە بەرپرسەکانی خۆیان دەڵێن: "هێزێک هەیە بەرامبەر بە داعش بەرەنگاری و بەرخودان دەکات چیاکان دەپارێزێت، بەڵام بە قسەی ئەوان- ئەو هێزە ڕاستەوخۆ پەکەکەیە. ئاشکرایە ئەمریکاش بڕیاری ئەوەی داوە، کە "ناتوانین پەیوەندیان پێوە بکەین" و هەرگیز نەگەڕانەوە.

لە هەمان کاتدا، پەیوەندیت بە هێزەکانی باشوورەوە کردووە؟

دوای ئەوەی هێزەکانمان شەنگالیان کۆنترۆڵ کرد و گەلیان رەوانەی ڕۆژئاوا کرد، لەو کاتەدا بەڕێز مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی لە رێگەى پەیکەوە پرسیاریان لێکردین: "ئایا بەڕاستی هێزتان لە شەنگالدا هەیە"؟ ئێمەش پێمان وت: "بەڵێ، هێزمان لە شەنگال هەیە. ئێمە ئێستا خەڵکی ناوچەکە دەگوێزینەوە بۆ ڕۆژئاوا، ڕاستە، ئێمە هێزمان لە شەنگال هەیە". جارێکی تر لە ڕێگەی هەمان پەیکەوە پرسیاریان کرد: "ئایا بە هێزەکانتان دەتوانن یارمەتی هێزەکانمان بدەن، کە لەگەڵ هێزەکانی ئێوەدا بپەڕنەوە بۆ شەنگال؟" ئێمە پێمان وتن: "بەڵێ دەبێت". هەر خۆی دەستوەردانمان لە شەنگال ئەوە نەبوو، کە ئێمە بە تەنها بچینە ئەوێ و لەوێ شەڕ بکەین، لە راستیدا دوای ئەوەی بڕیارماندا دەستوەردان بکەین، دەمانخواست راستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) هەبێت، ئێمە بازنەیەکی پەیوەندیمان هەبوو.

هەرچۆنێک بێت، ئەوان وتیان، ناتوانێت، ئەو لە سەر کارە، ئەگەر دەست لە کارەکەی هەڵگرێت و بێت، ئەوە بەهەڵە لێکدانەوەى بۆ دەکرێت. ئەگەر ئەو پەیوەندییە دروستبکرایە، ئێمە بەوانمان دەوت: با هێزەکای ئێوەش بگەڕێنەوە، ئێمە پێکەوە بەرامبەر هێرشەکان دەوەستینەوە"، بەڵام پەیوەندی دروست نەکرا، بەڵام لەبەر ئەوەی دواتر تکایان کرد، ئێمەش پێمان وتن، "سەرچاو" و ئەوان هێزەکانی خۆیان ڕەوانە کرد. سەرەتا بەو شێوەیە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) هێزەکانی خۆی رەوانەى ڕۆژئاوا کرد، لە جزعە بۆ رۆژێک دوو رۆژ بوونە میوان. هێزێکە لە ژێر فەرماندەیی کەسێکدا بوو بە ناوی ئاشتی، کە ئەو کەسە هەندێک جار قسەی نەشیاو و سپڵەیانە لە دژی هێزەکانمان دەکات. من لەو بڕوایەدام، ئەوە هێزێک بوو، کە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و هەواڵگری بوو. لە دوایدا ئێمە ئەو هێزەمان گەیاندە چیای شەنگال.

کاتێک پێشمەرگە گەڕایەوە شەنگال خەڵک کاردانەوەیان چۆن بوو؟

کاتێک خەڵکی ئەوێ بینییان، کەسانێک بە جلی پێشمەرگەوە هاتوون، ئەو دۆخەیان قبوڵ نەکرد و ویستیان دەستبەجێ هێرش بکەنە سەریان. بە بەرد و دار هەندێک هێرشیان کردە سەریان. هەرچۆنێک بێت هەڤاڵ عەگید، کە کەسێکی زۆر خاوەن هەستی گەورەی بەرپرسیارێتی و هەستی نەتەوایەتیی بەهێز بوو و دڵسۆز بوو، ڕێگریی لە هێرشی دانیشتوانی ناوچەکە کرد. ئەو هێزەی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە شوێنێکی نزیک هێزەکانی ئێمە لە ژێر پاراستنی هێزەکانماندا جێگیربوون، بەڵام بەداخەوە ئەو کاتە بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەو کاتەدا دەیانوت، " پەکەکە خەڵک هان دەدات" و ئەگەر بە فەرمیش نەبێت ئێمە بیستمان، کە لە ناو خۆیدا پڕوپاگەندەیەکی وەهایان دروستکردبوو. هەر خۆی پەدەکە هێشتا بە دروستی لە هەڵوێستی گەل تێناگات، ئەو وادەزانێت، کە هەندێک کەس خەڵکیان هانداوە بۆ ئەو کارە، بەڵام راستیدا شتی وەها نییە. زۆر هەڵە و نەشیاو و سپڵەیی بوو، کە وا بیربکەنەوە، کە لەو هەلومەرجەی شەڕدا ئێمە خەڵکیان لە دژ هان بدەین. هیچ حاڵەتێکی وەها نەبوو. خەڵکی شەنگال وەک خەڵکێک،  کە جێهێڵدرابوون و تەنها کرابوون لە ناو تراژدیایەکی گەورەدا جێهێڵدران، لە دژی ئەوە ناڕازی بوون. ئێمە هەوڵمان دەدا ڕێگری لە ناکۆکیەکان بگرین و هەڤاڵانمان بۆ پاراستنی ئەوان هەوڵێکی زۆریاندا.

هاوکات داعش لە باشووری کوردستان بە خێرایی پێشڕەوی دەکرد، دەتەوێت چی لە بارەی ڕووداوەکانی دەرەوەی شەنگالەوە بڵێیت؟

بەڵێ چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی شەنگال، داعش هێرشی کردە سەر مەخمور و لە باڵێکی ترەوە بەرەو هەولێر بەڕێکەوتن. هەروەها ڕوویان لە کەرکوک کرد. لە نێوانەدا خاڵ و بازگەکانی هێزەکانی باشور ئیدی لەوێ نەمابوون، واتە دوای کەوتنی شەنگال بۆشاییەکی دروستبوو. بێ کۆنترۆڵ دروست بوو بوو. ئێمە بە پاس هەڤاڵانمان نارد بۆ هەولێر و لەوێوە ڕەوانەی مەخمورمان کردن. هەروەها ژمارەیەک لە هەڤاڵانمان لە رێگەى پیکابەوە ڕەوانەی کەرکوک کرد. هاوکات لەو نێوانەدا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شێخان و دهۆک هاتنە گوندەکانی گارە و مەتینا و بە کاتی خۆیان لەوێ نیشتەجێ کرد. گەل داوایان لە ئێمە کرد و ئێمەش دەمانخواست دهۆکیش بپارێزین و باشتر بچنە ناو باشورەوە.

 ئێمە پێمان وابوو داعش بۆ لەناوبردنی تەواوەتیی باوەڕ و کۆمەڵگەی ئێزدی، دەتوانێت هێرش بکاتە سەر لالەش، بۆیە لەو کاتەدا بە پێشنیار و هاوکاری و پێکەوە کارکردنی هەڤاڵ زەکی شەنگالی هێزێکی باش، کە لیوایەک بوو، نارد بۆ لالەش. لە تەنیشت لالەش نیشتەجێ بوون و پاشان بۆ پاراستنی ناوەندی پیرۆزی باوەڕی لالەش هێزەکەمان لە شوێنێکی گونجاودا جێگیر کرد و سەنگەریی بەرگرییان لێدا.

هەروەها لیوایەکمان نارد بۆ پاراستنی دهۆک. ئەم هێزەشمان نەک لە ناوەندی دهۆک، بەڵکو لە لووتکەی دوای شارەکە جێگیر بوون.  لەو کاتەدا وتمان، ئەگەر هەڤاڵان بچنە ناو شارەکە، لەوانەیە خەڵک نیگەران بن و زیاتر تووشی تر و دڵەڕاوکێ بن، ئەوەیان بەوە لێکبدایەتەوە، کە داعش دەیەوێت هێرش بکاتە سەر شارەکەیان، بۆیە بڕیارماندا لە چیاکان خۆمان جێگیر بکەین، لەو کاتەدا هەڤاڵانمان ئەو رێنماییەیان پێدرا، کە لە چیاکان دا جێگیر بن، بەڵام ئەگەر داعش ڕوو لە شێخان بکات و لە شێخانەوە بەرەو دهۆک بجوڵێت، ئەوا دەبێت راستەوخۆ دەبێتە داببەزنە بەرەکانی پێشەوەی بەرخۆدان و بەرەنگاری. هەر لەو کاتەدا لیوایەکی ترمان نارد بۆ مەخمور و لیوایەکیشمان نارد بۆ کەرکوک.

ئێوە بۆ پاراستنی گەل چەند گرووپتان ئەرکدار کرد؟

ئێمە بۆ پاراستنی باشوور هێزێکی پێکهاتوو لە ٤ لیوامان ئەرکدار کرد. ئێمە سەرەتا دوو لیوامان بۆ شەنگال نارد، دواتریش بەپێی پێویست هێزیشمان بۆ زیاد دەکرد. بەو شێوەیە لە کەرکوکەوە تا شەنگال لە دژی پێشڕەوییەکانی داعش سەنگەرمان لێدا.

هاوکات گەلی ئێمە لە باشوور و ئەو پێشمەرگانە، کە ئەمەیان بینی ورەیان گرتەوە. ئەو دەستێوەردانەی ئێمە ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی گرنگی بینی لە خۆ کۆکردنەوە و خۆئامادەکردنی پێشمەرگەدا. پێشمەرگەکانیش خۆیان کۆ کردەوە. پێویستە ئەوەش بوترێت: هەڤاڵانمان لە گردەکانی پشت کامپی مەخمور سەنگەریان گرت. هەروەها پێشمەرگەکانیش لەشارەکەدا بوون، بەڵام ٢-٣ جار لە بەرامبەر داعش دا پاشەکشەیان کرد. دوای ئەوەی بینییان ئێمە ناکشێینەوە، ئێمە لەوێین، ئیدی ئەوانیش گەڕانەوە. کەس ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات. ئەگەر ئەوان بهاتنایە و کامپی مەخموریان تێپەڕاندایە، روویان لە هەولێر دەکرد. هەر خۆی لە قۆڵێکی ترەوە خۆیان لە هەولێر نزیک کردبووە، بەڵام بۆ گرتن و کۆنترۆڵکردنی کامپی مەخمور، بۆ نموونە هێرشیان کردە سەر قەرەچۆخ و خواستیان ئەو لووتکەیە بگرن،  لەوێ یەک لەسەر شەڕ روویدەدا.

هەڤاڵی ڕۆژنامەنووس دەنیز فرات لە نزیکەوە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە شەهید کرا. داعش خۆی بەرادایە ناو قەرەچۆخەوە بەڵام ئێمە دەستبەرداری نەبووین و چۆڵمان نەکرد. هێزەکانمان بەرخۆدانیان کرد. لە ئەنجامی ئەو بەرخۆدانەدا داعشەکان بۆیان دەرکەوت، ناتوانن لەوێ پێشڕەوی بکەن و بەو شێوەیە بەرخۆدانی مەخمور بوو بە دەرگای سەرەکیی پاراستنی هەولێر. بەکورتی لە مانگی ئابدا ئەمە ڕوویدا و داعش تا ڕادەیەک لەو ناوچانەدا ڕاوەستنێرا.

بەرخودان و بەرەنگارییەکەی ئێوە چۆن وەڵامێکی وەرگرت؟

ئەو بەرخۆدانەی هێز و بوێریی بە هێزە نێونەتەوەییەکان بەخشی، چونکا هەموو کەسێک بەرامبەر بە داعش گێژبوو بوو، وایان لێهاتبوو، کە نەیاندەزانی چۆن رێی لێ بگرن. هەرچەندە پاراستنی شەنگال سەرەڕای هەموو ئەو هێرشانەی، کە کرایە سەری و نەکەوتنی چیای شەنگال و مەخمور و هەروەها خۆ چالاککردنەوەى هێزی پێشمەرگە و شەڕی قورسی پاراستنی کەرکوک بووە هۆی دامەزراندنی ئەو هێڵە دژ بە داعش و ڕێگریکردن لە داعش. لەو بارەیەوە بەرخودانی هێزەکانی گەریلامان ڕۆڵی بەهێز  و یەکلاکەرەوەیان لە بەرخۆدانی گەلەکەمان لە باشور و بەرخۆدانی پێشمەرگە دا گێڕا. بۆ نموونە هێزەکانمان لە هێرشەکانی داعش لە کەرکوک و مەخمور و شەنگال پاشەکشەیان نەکرد.

هێزەکانی یەپەگەش لە جزعە نەکشانەوە لەبەر ئەوە، کاریگەرییەکی وەها بەهێزیان خوڵقاند. هێزەکانی هەپەگە لە هیچ شوێنێک دا لە بەرامبەر داعش پاشەکشەیان نەکرد، هەتا ئەو شوێنەى دەکرا و تا دوا هەناسەیان بەرخۆدان و بەرەنگارییان دەکرد. هەڤاڵانمان لە شوێنێکیشدا ئەگەر ١٠ کەسیش بوونایە لە دژی هێرشی سەدان چەتەی داعش بەرخۆدانیان دەکرد.

له‌و كاته‌دا داعش بۆ ئه‌وه‌ی تۆڵه‌ بكاته‌وه‌، كه‌وته‌ هه‌وڵدانه‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بینی له‌ باشور هێڵێك دروست بووه‌. هه‌روه‌ها به‌ پێشه‌نگایه‌تی ئه‌مریكا هاوپه‌یمانیه‌كی نێونه‌ته‌وه‌یی پێكهێنراوه‌ و ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ له‌ عێراق و سوریا هێزی ئاسمانی به‌كارده‌هێنێت. كاتێك بینی باشور دژوار بووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی تۆڵه‌ی شه‌نگال له‌ په‌كه‌كه‌ بكاته‌وه‌ پلانی دانا كه‌ په‌لاماری كۆبانێ بدات.

به‌ر له‌وه‌ی بچینه‌ سه‌ر بابه‌تی گه‌مارۆدانی كۆبانێ و قۆناغی شه‌ڕ له‌وێ، بتوانن له‌ باره‌ی دروستبوونی شۆڕشی رۆژئاوا، دامه‌زراندنی یه‌په‌گه‌ و په‌یوه‌ندی بزوتنه‌وه‌كه‌تان و هێزه‌كانی رۆژئاوا قسه‌ بكه‌ن. دواتر ئێمه‌ بچینه‌ سه‌ر بابه‌تی گه‌مارۆدانی كۆبانێ. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی به‌رده‌وام باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ له‌ نێوان بزوتنه‌وه‌كه‌تان و هێزه‌كانی شۆڕشی رۆژئاوادا په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ش له‌ دژی هێزه‌كانی شۆڕش به‌كارده‌هێنێت..

ده‌وڵه‌تی تورك له‌ سه‌ره‌تادا په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌په‌گه‌ و په‌یه‌ده‌ ساز كرد. هه‌موو كه‌س ده‌زانێت كه‌ هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده‌ ساڵح موسلیم زۆر جار به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا چووه‌ته‌ ئه‌نقه‌ره‌. له‌ هه‌مان كاتدا په‌یوه‌ندیشی له‌گه‌ڵ یه‌په‌گه‌شدا هه‌بوو. بۆ وێنه‌ ئه‌و نوێنه‌ره‌ی یه‌په‌گه‌ كه‌ بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندی ئه‌ركداركرابوو، ده‌وڵه‌تی تورك بردیه‌ ئه‌نقه‌ره‌ و له‌وێ نه‌شته‌رگه‌ری كرد. ده‌زانم كه‌ نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌ش به‌ سه‌ركه‌وتوویی ته‌واوبوو. بێگومان ده‌وڵه‌تی تورك ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی بۆ په‌یوه‌ندیه‌كی راسته‌قینه‌ و راست و دروست ساز نه‌كردبوو. بۆ ئه‌وه‌بوو ئه‌وان له‌ بونیاتی كوردبوون دوربخاته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌بوو بیانخاته‌ ناو ئه‌و هێزه‌ی پێی ده‌وترا سوپای سوریای ئازاد، بۆ ئه‌وه‌ی دژی سوریا بجه‌نگن، ئه‌وه‌ی كرد. له‌لایه‌كه‌وه‌ ئه‌وه‌ی ده‌كرد و له‌ لایه‌كیشه‌وه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٣ه‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی سوپای سوریای ئازاد له‌ دژی یه‌په‌گه‌ ده‌ستی به‌ هێرشێك كردبوو. ئه‌و هێرشه‌ 5-6 مانگ درێژه‌ی كێشا، به‌ڵام به‌سه‌ر یه‌په‌گه‌دا سه‌رنه‌كه‌وتن و شكستیان هێنا. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش حكومه‌تی ئاكه‌په‌ به‌ شه‌ڕانگێزیه‌كی زۆره‌وه‌ به‌ شێوازی شه‌ڕی تایبه‌ت ویستی یه‌په‌گه‌ و په‌یه‌ده‌ گه‌مارۆ بدات و بیانخاته‌ ژێر چه‌تری سوپای سوریای ئازاده‌وه‌. بۆ نمونه‌ ده‌زانین یه‌كسه‌ر به‌ ساڵح موسلیمیان وتبوو، "ئه‌گه‌ر ئێوه‌ سوریا له‌ قامیشلۆ ده‌ربكه‌ن ئێمه‌ پشتیوانیتان لێده‌كه‌ین. سه‌ربازانی سوریا له‌وێ ده‌ربكه‌ن، ئه‌و كاته‌ پشتیوانیتان لێده‌كه‌ین".

ستراتژی بنچینه‌یی توركیا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بوو، كه‌ كورد له‌ سوریا مافی هه‌بوونی ناسنامه‌ به‌ده‌ستنه‌هێنێت و گه‌لی كوردستان هیچ پێگه‌یه‌كی له‌ قۆناغی دیزاینكردنه‌وه‌ی نوێدا نه‌بێت. توركیا له‌و قۆناغه‌دا زۆری هه‌وڵدا كه‌ كورد نه‌توانن سود له‌ ده‌رفه‌ته‌كان وه‌ربگرن و به‌شداری له‌ قۆناغی دیزاینی نوێدا نه‌كه‌ن. خۆی له‌ خۆیدا دواتر ده‌وڵه‌ت بووه‌ یه‌ك و  له‌ ساڵی ٢٠١٥ به‌دواوه‌ ئه‌وه‌ی كرده‌ خاڵێكی بنچینه‌یی ئه‌و ستراتیژیه‌. به‌ڵام ئاشكرایه‌ كه‌ پێشتریش له‌ هه‌وڵێكی له‌و جۆره‌دابوون. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌وان خۆیشیان ده‌زانن بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ یه‌په‌گه‌ یان په‌یه‌ده‌ به‌شێكن له‌ په‌كه‌كه‌ راست نییه‌.

ئه‌وه‌ راسته‌: رێبه‌ر ئاپۆ به‌ نزیكه‌ی ٢٠ ساڵ له‌ سوریا، له‌ رۆژئاوای كوردستاندا مایه‌وه‌. تایبه‌تمه‌ندیه‌كی رێبه‌ر ئاپۆ ئه‌وه‌بوو كه‌ بچوبایه‌ هه‌ر شوێنێك په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ گه‌ل ساز ده‌كرد. ئه‌گه‌ر رێبه‌ر ئاپۆ نه‌یتوانیبایه‌ له‌گه‌ڵ گه‌ل گفتوگۆ و قسه‌ بكات ئه‌و كاته‌ زویر  و توڕه‌ ده‌بوو، بێتاقه‌ت ده‌بوو. به‌و هۆیه‌وه‌ كاریگه‌ری رێبه‌ر ئاپۆ له‌سه‌ر رۆژئاوای كوردستان زۆر گه‌وره‌یه‌. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كاتێك رێكخراوه‌كانی وه‌ك یه‌په‌گه‌ و په‌یه‌ده‌ دامه‌زران بێگومان له‌ ژێر كاری هێڵی رێبه‌ر ئاپۆدا دامه‌زران.

به‌ڵام هه‌ندێك هه‌ڤاڵ وه‌ك خه‌بات دێرك له‌ دامه‌زراندنی یه‌په‌گه‌دا به‌شدار بوون، ساڵی ٢٠١١ كاتێك كه‌ بینیان له‌ سوریا هه‌ندێك رووداو رووده‌ده‌ن، پێشنیازیان خسته‌ڕوو. ئه‌وانه‌ هه‌ڤاڵی ئێمه‌ بوون. به‌ رێكخستنیان راگه‌یاند، كه‌ له‌ رۆژئاوا ئه‌گه‌ری روودانی هه‌ندێگ رووداو هه‌یه‌، پێویسته‌ خاوه‌نداری له‌ گه‌لی ئه‌وێ بكه‌ین، ده‌مانه‌وێت گه‌لی ئه‌وێ رێكبخه‌ین و پێشنیازێكی به‌و جۆره‌یان كرد. رێكخستنه‌كه‌شمان ئه‌وه‌ی به‌ گونجاو بینی و به‌وانی گوت 'ئێوه‌ ده‌توانن بڕۆن'. هه‌ر بۆیه‌ گروپێك له‌ هه‌ڤاڵانمان به‌و جۆره‌ له‌ ئێمه‌ دابڕان و چوونه‌ رۆژئاوا. له‌وێ له‌گه‌ڵ هه‌ندێك وڵاتپارێزی هێژادا كۆببوونه‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌ندێك كه‌س كه‌ پێشتر له‌ ئێمه‌ دابڕابوون به‌ڵام په‌شیمان ببونه‌وه‌ رێكخران و یه‌په‌گه‌یان دامه‌زراند.

یه‌په‌گه‌ چۆن چه‌كی به‌ده‌ستهێنا؟

ئێمه‌ باش ده‌زانین كه‌ كاتێك یه‌په‌گه‌ دامه‌زرا هاتنه‌ باشور و داوای هاوكاری چه‌كیان له‌ مه‌سعود بارزانی كرد. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دواتر هه‌مان شاند هاتنه‌ لای ئێمه‌ و داواكه‌یان ئاراسته‌ی ئێمه‌ كرد. ئێمه‌ به‌ڵێنماندا كه‌ پشتگیری بكه‌ین و به‌ پێی توانامان له‌ رووی چه‌كه‌وه‌ هاوكاریمان كردن. به‌ هه‌رحاڵ په‌ده‌كه‌ له‌و كاته‌دا وه‌ڵامێكی روونی نه‌دابوونه‌وه‌ و دواتریش هاوكاری نه‌كردن. ره‌نگه‌ دواتر كه‌ بۆ ماوه‌ك كورت سنووریان كرده‌وه‌ به‌و شێوه‌یه‌ پشتیوانیان كردبێت. به‌ڵام له‌و كاته‌دا كه‌ یه‌په‌گه‌ تازه‌ دامه‌زرابوو، داوای هه‌زار كڵاشینكۆفیان كردبوو. هه‌مان ئه‌و بڕه‌شیان له‌ ئێمه‌ داواكرد، ئێمه‌ ئه‌و كاته‌ به‌ گوێره‌ی تواناكانمان چه‌كمان پێدان. واته‌ په‌یوه‌ندی یه‌په‌گه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ به‌و جۆره‌ له‌ چوارچێوه‌ی دۆستایه‌تیدا بوو. ئێستا به‌ هه‌مان شێوه‌ په‌ویه‌ندی هه‌یه‌. خۆی له‌ خۆیدا یه‌په‌گه‌ وه‌ك له‌گه‌ڵ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كانی تر كوردانیش خاوه‌نی هه‌مان په‌یوه‌ندی و پشتیوانیه‌.

ده‌وڵه‌تی تورك ئه‌و كاته‌ی تێگه‌یشت كه‌ ناتوانێت په‌یه‌ده‌ و یه‌په‌گه‌ بۆ ئامانجه‌كانی خۆی به‌كاربهێنێت، ئه‌مجاره‌یان كردنی به‌ دژبه‌ری خۆی. كاتێك كه‌ بڕیاری خۆی له‌و باره‌وه‌دا، واته‌ ساڵی ٢٠١٤ هه‌ركات ناوی یه‌په‌گه‌ و په‌یه‌ده‌ی بڵاوده‌كرده‌وه‌، رێك ناوی ئێمه‌شی له‌گه‌ڵ ئه‌وان داده‌نا. واته‌ ده‌ستی به‌ وتنی یه‌په‌گه‌- په‌كه‌كه‌ كرد. ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ پێشتر به‌و جۆره‌ مامه‌ڵه‌یان نه‌ده‌كرد. به‌ڵام ئێستا ده‌یه‌وێت یه‌په‌گه‌ و په‌یه‌ده‌ وه‌ك درێژكراوه‌ی په‌كه‌كه‌ نیشان بدات. هیچ راستیه‌ك له‌وه‌دا نییه‌.

به‌ڵام له‌ رووی ئایدۆلۆژیاوه‌ له‌ یه‌ك ده‌چن..

رێبه‌ر عه‌بدوڵا ئۆجالان رێبه‌رێكه‌ كه‌ خاوه‌نی هێڵێكی فه‌لسه‌فی- ئایدۆلۆژیكی سه‌رده‌میانه‌یه‌. ئه‌و هێڵه‌ ته‌نیا بۆ په‌كه‌كه‌ دانه‌نراوه‌، ئه‌و هێڵه‌ بۆ ته‌واوی گه‌لی كوردستانه‌، بۆ ته‌واوی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕراست و مرۆڤایه‌تی دانراوه‌. رێبه‌ر ئاپۆ رێبه‌ری په‌كه‌كه‌یه‌، رێبه‌رێكه‌ كه‌ مشتومڕ هه‌ڵناگرێت، به‌ڵام چوارچێوه‌ی پاڕادایمه‌كه‌ی رێبه‌ر ئاپۆ زۆر فراوانتره‌. له‌ چوارچێوه‌ی پارادایمی رێبه‌ر ئاپۆدا له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان ده‌توانرێت حزب دابمه‌زرێت، له‌ عێراقیش ده‌توانرێت دابمه‌زرێت، له‌ سوریا، میسر، ئه‌وروپاش ده‌توانرێت دابمه‌زرێت: خۆی له‌ خۆیدا هێنده‌ی ده‌زانم گروپی له‌و جۆره‌ش هه‌ن. ئێمه‌ ده‌زانین كه‌ له‌ ئه‌رژه‌نتینیش گروپی له‌و جۆره‌ هه‌ن. چاره‌نوسی ئێستایان نازانم به‌ڵام له‌ پاكستانیش گروپی له‌و جۆره‌ هه‌بوون. هه‌ر وه‌ها له‌ عێراقیش حزبێك كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی له‌ كه‌سانی عه‌ره‌ب پێكده‌هات دامه‌زرا، به‌ڵام به‌ هۆی كێشه‌ی توانا و ده‌رفه‌ته‌وه‌ ئێستا نه‌ك وه‌ك حزبێك به‌ڵكوو وه‌ك گروپێك تێده‌كۆشن. ئه‌و مرۆڤانه‌ خه‌ڵكی به‌سره‌ و به‌غدان، به‌ڵام هێڵی ئاپۆییان بۆ خۆیان به‌ بنه‌ما گرتووه‌. دامه‌زراندنی یه‌په‌گه‌ یا خود په‌یه‌ده‌ له‌و چوارچێوه‌دایه‌. راسته‌ له‌ رووی ئایدۆلۆژیاوه‌ له‌ ئێمه‌وه‌ نزیكن. به‌ڵام ده‌توانێت لایه‌نی دیكه‌ی جیاوازیشی هه‌بێت، به‌ڵام له‌ رووی په‌یوه‌ندی ئۆرگانیكه‌وه‌ یه‌كبوونێكی رێكخراوه‌یی نییه‌. ده‌كرێت پاڵپشتی هه‌بێت. پشتگیری ئێمه‌ ته‌نیا بۆ ئه‌وان نییه‌، له‌ رۆژئاوای كوردستان له‌گه‌ڵ زۆر رێكخراوی جیاوازدا هه‌یه‌، له‌ توركیا له‌گه‌ڵ چه‌ندین رێكخراوی چه‌پ- دیموكرات هه‌یه‌. له‌گه‌ڵ زۆر رێكخراوی كوردی له‌ باشوریش هه‌یه‌. ئه‌وانه‌ هه‌موویان نابنه‌ په‌كه‌كه‌یی. هه‌روه‌ك چۆن ئه‌و هه‌مووانه‌ نابنه‌ په‌كه‌كه‌یی، په‌یه‌ده‌ش له‌سه‌ر په‌كه‌كه‌ هه‌ژمار ناكرێت. به‌ڵام ده‌وڵه‌تی تورك بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌له‌كه‌مان له‌ رۆژئاوا، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كانی باكور- رۆژهه‌ڵاتی سوریا له‌ ناو ببات، بۆ ئه‌وه‌ی یه‌په‌گه‌ و په‌یه‌ده‌ بخاته‌ لیستی تیرۆره‌وه‌ ئه‌وه‌ به‌كارده‌هێنێت.

پێویسته‌ تێبگه‌ین كه‌ ئێوه‌ هه‌رگیز په‌یوه‌ندیتان پێوه‌ی نییه‌؟

ئێمه‌ ناڵێین كه‌ 'هه‌رگیز په‌یوه‌ندیمان پێوه‌ نییه‌'. ئێمه‌ هه‌موو شتێك به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا ده‌خه‌ینه‌ به‌رچاو. واته‌ هه‌مووشت روونه‌. په‌یوندیمان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ رێكخراوه‌یی نییه‌. ئێمه‌ جیاواز و جیاین. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی جیای خۆیان هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش جیایه‌. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر ته‌نگیان پێهه‌ڵپنرێت ئێمه‌ش پشتیوانیان لێده‌كه‌ین. ئه‌مه‌ هه‌مان شت نییه‌. پشتیوانی نێوان شۆڕشگێڕانه‌.خۆی له‌ خۆیدا به‌ گوێره‌ی ئێمه‌ پێویسته‌ شۆڕشگێڕ- دیموكراته‌كان له‌ كوردستان توركیا و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست یه‌كبگرن. گه‌لی عه‌ره‌ب و گه‌ل كورد پێویسته‌ یه‌كێتی و یه‌كگرتوویی خۆی دابمه‌زرێنێت. هه‌روه‌ها گه‌لی ئاشوری- سوریانی هه‌یه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و گه‌لانه‌ی زیاتر له‌ هه‌مووان مافه‌كانی پێشێل ده‌كرێت. ئه‌و گه‌لانه‌ هه‌موویان پێویسته‌ یه‌كێتی خۆیان ساز بكه‌ن. له‌ باكور-رۆژهه‌ڵاتی سوریا توركمان، چه‌چه‌ن، ئه‌رمه‌ن ده‌ژین. پارادایمی رێبه‌رمان ئامێز بۆ هه‌موو كۆمه‌ڵگاكان ده‌كاته‌وه‌.

نه‌ته‌وه‌ی دیموكراتیك به‌ واتای ژیان به‌ شێوه‌یه‌كی ئازاد و یه‌كسانی نه‌ته‌وه‌كان له‌ ژێر سێبه‌رێكدا. به‌پێی ئه‌و راستیه‌ ئایدۆلۆژی- تیۆریه‌ هه‌ڵه‌ی بگوترێت، ئه‌و رێكخراوانه‌ی له‌ ژێر ئه‌و چه‌تره‌دا كۆده‌بنه‌وه‌ هه‌موویان په‌كه‌كه‌یین. ئه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ی راستیه‌. له‌ هه‌مان كاتدا بچوك نیشاندانی هێزی ئایدۆلۆژیای رێبه‌ر ئاپۆیه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی 'رێبه‌ر ئاپۆ ته‌نها سه‌ركرده‌ی په‌كه‌كه‌یه‌، په‌كه‌كه‌ش ئه‌و رێكخراوانه‌ی سه‌ر به‌ خۆی دامه‌زراندوه‌' نیشان ده‌درێت. ئه‌وه‌ راست نییه‌. شێوه‌ و شێوازی په‌یوه‌ندیه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاماژه‌مان پێكرد.

سبه‌ینێ: ده‌ستوه‌ردانی هه‌په‌گه‌ له‌ كۆبانێ

ژ.ت / هـ.ب