قوباد تاڵەبانی: ئەم تاوانە ئیدانە دەکەم

جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی شەهیدکردنی دوو ڕۆژنامەنووسەکەی چەتری شەرمەزار کرد و گوتی: "تاوانێکی پاساوهەڵنەگرە و دژی هەموو جۆرە یاسا و نەریتێکی نێودەوڵەتییە".

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە نزیک سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی ئۆتۆمبیلێکی کردە ئامانج، بەهۆیەوە دوو ڕۆژنامەنووسی ژنی چەتر گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین شەهیدبوون.

جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی بە ڕاگەیاندراوێک هێرشەکەی شەرمەزار کرد و گوتی: "قوربانییەکانی هێرشە درۆنییەکەی نزیک شارۆچکەی سەیدسادق، دوو ڕۆژنامەوانی ژن بوون، نەک ئەندامی هێزێکی چەکدار تا مەترسی بن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری هیچ وڵات و ناوچەیەک".

لە درێژەدا قوباد تاڵەبانی دەڵێت: "ئەمە تاوانێکی پاساوهەڵنەگرە و دژی هەموو جۆرە یاسا و نەریتێکی نێودەوڵەتییە و بە توندی ئیدانەی دەکەین. جگە لەوەش پێشێلکردنێکی زەقی سەروەری خاکی عێراقە. جارێکیتر داوا لە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکارییانە دابنێن کە بوونەتە هەڕەشەیەکی جدی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان.

بەم بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری هەردوو ڕۆژنامەنووسی شەهید دەکەم و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکە دەخوازم".