راپۆرتی مانگانەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکرایەوە

بەپێی ئامارێک لە مانگی جۆزەرداندا ٩ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون و برینداربوون، ٢٧ چالاکوانی کوردیش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراون و لەو مانگەدا تەقینەوەی مین شەش قوربانی لێکەوتووەتەوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ئاماری پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە مانگی جۆزەردان (٢١ی ئایار -٢١ی حوزەیران)ی بڵاوکردەوە و بە گوێرەی ئامارەکە لەو مانگەدا دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی سینا رەسوڵزادە و هەژیر مەحمودپور لە سنووری بانە و سەردەشت بە تەقەی هێزە سەربازییەکانی دەوڵەتی ئێران کوژراون و کاسبکارێکیش لە سەردەشت بەناوی رەحیم ئیبراهیمی بە هۆی ئەوەی هێزەکانی دەوڵەت دوای کەوتبوون، کەوتبووە رووبارێکەوە گیانی لەدەستدابوو.

هەر لەو ماوەدا چوار کۆڵبەر بە تەقە و دوو کۆڵبەریش بە لێدان و ئەشکەنجەدان لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە بریندارکرابوون. هەروەها دوو هاوڵاتیش لە ناوچەیەکی سنووری شاری شنۆ بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری دەوڵەتی ئێران برینداربوون.

لە بەشێکی دیکەی ئامارەکەدا باس لەوەکراوە، کە لە مانگی جۆزەرداندا ٢٧ چالاکوانی سیاسی و مەدەنی، هونەری، کولتوری کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانی لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە، ورمێ و خوراسان دەستگیرکراون.

هاوکات ئاماژە بە یەک حاڵەتی کوشتنی ژنان کراوە لە ماوەی مانگی جۆزەردان کە ئەویش ژنێک بووە لە پیرانشار کە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا.

سەبارەت بە قوربانیانی تەقینەوەی مینیش هاتووە، کە دوو هاووڵاتی لە شارەکانی شنۆ و بانە بە تەقینەوەی مین کوژراون و ٤ کەسی دیکەش لە شنۆ و پیرانشار برینداربوون.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە بەردەوامی گوشارەکان بۆ سەر زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەی گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیش کراوە.

هـ . ب