'عێراق لەسەر داوای دەوڵەتی تورک بەرەو ڕۆژەڤێکی تاریک دەڕوات'

حسێن حاجی، سەرۆکی پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدییەکان(پادێ) ڕایگەیاند، بڕیاری داخستنی ٣ پارتی عێراقی تەنیا سوودی بۆ بەرژەوەندی دەوڵەتی تورک هەیە و ڕایگەیاند، عێراق لەسەر داوای دەوڵەتی تورک بەرەو ڕۆژەڤێکی تاریک دەڕوات.

حسێن حاجی سەرۆکی پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدییەکان (پادێ) سەبارەت بە داخستنی ٣پارت و لایەنی سیاسی عێراق لە گەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد.

لە سەرەتای قسەکانیدا، حسێن حاجی ئاماژەی بەوەدا کە دوای سەردانەکەی ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورک بۆ بەغدا و ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنە ٢٧ خاڵییەکەیان، بڕیاری داخستنی پارتەکەیان و ٢ پارتی دیکەی عێراقی درا و ڕایگەیاند، گوشار و هێرشکردنە سەر پادێ سیاسییە .

حسێن حاجی ئاماژەی بەوەشکرد، ڕژێمی ئاکەپە-مەهەپە و حکومەتی ناوەندی عێراق لەسەر ئاسایش، سیاسەت و بازرگانی ڕێککەوتوون و ڕایگەیاند: "بەبۆچوونی من داخستنی ئەو پارتە سیاسییانە لە سەردانەکەی ئەردۆغان جیا نییە، بەتایبەتی دەستکەوتەکانی شەنگال کە لە ماوەی ١٠ ساڵدا بەرهەم هاتوون، چ لە ڕووی سەربازیی و چ لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە بە ترسێک دەبینن. ئەم کۆمەڵگایە ماوەی ١٠ ساڵە داوای مافی ڕەوای خۆی دەکات. لە بواری دیپلۆماسیەوە، هەڵبژاردنەکان و پەیوەندییەکاندا پێشکەوتن بەدی هات، ئەوان کە بینیان کە پادێ بەرەو پێش دەچێت، هەوڵی ڕێگرییان لێکرد.

'پارتی ئێمە پارتی شەهیدانە'

حسێن حاجی ئاماژەی بەوەدا کە ئامانجێکی سیاسی لەپشت بڕیارەکەی دژ بە پادێ هەیە و ڕایگەیاند، "ئەم پارتیە بە ڕەنجی شەهیدان، بە ڕەنجی سەعید حەسن دامەزراوە. پێشکەوتووە و لەپڕێک  نەگەیشتووە ئەمڕۆ. بڕیاری داخستنی هەر ٣ پارتی لەسەر ئەم بنەمایە بوو، پەرلەمانی عێراق پلانێکی دانابوو کە لێبوردن بۆ چەتەکانی داعش دەربکات، هەرچەندە دەستیان لە خوێنی عێراقیەکان و بەتایبەت گەلی ئێزیدیدا هەیە، با جارێک لەخۆیان بپرسن ئایا دەتوانن برینی ئێزدییەکان دەرمان بکەن یان نا؟ کۆمەڵگایەک کە هێشتا مافی ژیانی بەسەر ئەم خاکەوە نەدراوە، ئێستاش کراوە بە ئامانجی گوشارە سیاسی."

'ئێمە مافی تانەدانمان هەیە'

حسێن حاجی وتی: "کاتێک دادگای عێراق بڕیاری داخستنی دا، مافی تانەدانیشی داوە، هەروەها ئێمەش هەوڵدەدەین تانە لە بڕیارەکە بدەین و ناڕەزایەتی کۆمەڵگاکەمان رابگەیەنین، ئێمەش پەیامی کۆمەڵگاکەمان دەگەیەنین بە دەوڵەتی عێراق". با هۆکار نیشان بدەن کە ئایا پادێ چ کارێکی نایاسایی کردووە؟ کەواتە چۆن پادێ مەترسی لە سەر ئاسایشی عێراق هەیە.

'عێراق داخستنی پادێ وەک سەرکەوتنێک دەبینێت'

سەرۆکی پادێ هەروەها سەبارەت بە پرسی پەیوەندیی نێوانیان لەگەڵ پەکەکە وتی: "بۆچی بەر لە داخستنی پادێ بەدواداچوونێکیان نەکرد، یان ئاگاداریان نەکردینەوە؟ چ پەیوەندیمان بە پەکەکەوە هەیە؟ پەکەکە هات و ئەرکی مرۆڤی خۆی بۆ شەنگال جێبەجێ کرد و بەئامادە بوونی دەوڵەتی عێراق لە ٢٠١٨ لە شەنگال چووە دەرەوە. پەکەکە لە ئاستی گەلان و نێونەتەوەیی تێکۆشانی خۆی بەڕێوە دەبات. لە ڕاستیدا ئەوانەی لەو ڕووەوە تۆمەتبارمان دەکەن، پێویستە ئەوە بزانرێت کە بە شێوەیەکی سیاسی ئێمەیان کردە ئامانج. بەم شێوەیە دەیانویست لەکاتێکدا کە گەل دەگەرێتەوە بۆ شەنگال ئاژاوەگێڕی دروست بکەن، بۆ ئەوەی سەرنجیان لەسەر ڕۆژەڤی سەرەکی خۆیان نەبێت کە خیانەتیان بەگەلەکەمان کرد. ئێمە بەپێی ئەو یاسایانە داوای مافەکانمان دەکەین. دەبێت ئەم ڕاستییە ببینین، ئەمڕۆ ١٠ ساڵە بەسەر فەرمانەکەدا تێپەڕیوە، کۆمەڵکوژی دژی ئێزیدییەکان هێشتا بەردەوامە، گەلەکەمان هێشتا ئاوارەیە، گەلەکەمان تا ئەمڕۆش داوای دادپەروەری و مافی ئێزیدییەکان دەکات بەڵام هێشتا هیچ بەدی نەهاتووە. ئەو سیاسەتانەی ئەمڕۆ لە دژی شەنگال و ئێزیدییەکان دەکرێت، بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی ئەمریکا و عێراقە. پێویستە دەستبەرداری پلانە سیاسییەکانیان بن.

لەکۆتایی قسەکانیدا حسێن حاجی، وتی: "داخستنی ئەم سێ پارتیە بە پێی بەرژەوەندیی عێراق نییە، ئەم بڕیارانە بە پێی بەرژەوەندیی دەوڵەتی تورکیایە، ئەوان دەیانەوێت کارەکانیان لە عێراق یاسایی بکەنەو هەروەک دیارە بە شێوەیەکی یاسایی دەستی بە داگیرکاری و شەڕی سیاسی کردووە لە عێراقدا، پێویستە دەوڵەتی عێراق بزانێت بەم سیاسەتانەی خزمەت بە دوژمن دەکات، بەم شێوەیە عێراق بەرەو ڕۆژەڤێکی تاریک دەڕوات."