رێککەوتن بۆ نکۆڵیکردن، سڕینەوە و پاکتاوکردنی کوردان؛ لۆزان

جیهان ئەرەن باسی لە سیاسەتی نکۆڵیکردن و سڕینەوەی دەوڵەتى تورک کرد و وتی، "تێکۆشان لە دژی ئەو دەوڵەتە تێۆشکانە بۆ دروستکردنی پێگەى گەلی کورد، بۆیە تێکۆشانی گەریلا تێکۆشانە بۆ پاراستنی هەموو کوردستان".  

جیهان ئەرەن ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بە بۆنەى ٩٨هەمین ساڵیادی رێککەوتننامەى لۆزانەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەى کرد و رایگەیاند، هێزە دیار و یەکلاکەرەوەکەی رێککەتننامەى لۆزان بەریتانیا بوو. راشیگەیاند، "بەریتانیا لە سەرەتای سەدەی ٢٠ دا هێزێکی گەورەی ئیمپریالیستی بوو و سیاسەتی دەرەوەی لەسەر 'پەرت بکە و زاڵ ببە' بەڕێوەدەبرد. بەریتانیا لە لۆزان بۆ بەهێزکردنی دەستی خۆی لە دژی گەلان سیاسەتی پارچەکردن و پەرتکردنی بەڕێوەبرد. تاوەکو ئەجندای خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا جێبەجێ بکات و بۆ ئەوەی ئەوەش بەسەر جیهاندا بسەپێنێت لەسەر مێز بۆ رێککەوتننامە دانیشت".

جیهان ئەرەن رایگەیاند، ئامانجی بنەڕەتی لە رێککەوتنی لۆزان بەشداریکردنی دەوڵەتی تورک بوو بۆ ناو بەرە و ریزی کاپیتالیزم و راشیگەیاند، کادێرانی دامەزرێنەری دەوڵەتى تورکیش دەیانخواست لە بەرامبەر ئەوەدا، ئەوانیش بەشداری لە کاروباری ناوخۆیی (تورکیا)دا نەکەن و دەست لە سیاسەتەکانیان لە دژی نەتەوە و گەلان و باوەڕەکان لە ناوخۆی تورکیا وەر نەدەن. جیهان ئەرەن وتی، "لە ئەنجامیشدا گوشار، کۆمەڵکوژی و پاکتاوکاریی دەوڵەتى تورک لە دژی نەتەوە و پێکهاتەکان و گروپە ئیتنی و ئایینییەکان قبوڵ و پەسەند کرا، بەڵام لە راستیدا ئەوە تەڵەیەک بوو بۆ تورکیا.

چونکە لە ساڵی ١٩١٦ەوە مافی چارەی خۆنووسینی گەلان وەک مافێکی گەردوونی بڵاوکرایەوە و هەمووانیش ئاگاداری ئەوە بوون. هەروەها شۆڕشی  سۆڤیەت بە پێشەنگایەتیی لینین، کە دراوسێی تورکیا بوو، ئەو وتەیە (مافی چارەی خۆنووسینی گەلانی) بەپێی ئایدۆلۆژیای سۆسیالیستی خستبووە بواری جێەجێکردنەوە. لە جیهانێکی لەو شێوەیەدا، نکۆڵیکردنی گەلان و باوەڕەکان، کوشتارکردنیان بە مانای ئەوە بوو 'من تۆم بە خۆمەوە بەستەوە، تۆ هەموو کات پێویستیت بە من دەبێت'. ئەوەشی روویدا ئەوە بوو.

 دەستووری بنەڕەتیی ساڵی ١٩٢٤، کە ساڵێک دوای رێککەوتنی لۆزان ئامادە کرا، بۆ گەلان و ئایینەکان بووە دەستوورێکی بنەڕەتی، کە نکۆڵیکردن و سڕینەوەى بەسەریاندا دەسەپاند. برایانی کورد کران "بە داردەستی بەریتانیا". سەرباری ئەوەى بەڵێنێک، کە تورکیا دەیدا و دەیوت، تورکیا وڵاتی هاوبەشی کورد و تورکە. دەوڵەتى دوو گەلە، بەڵام دوای ئەوە ئیدی بە کوردان دەوترا تورک. باکووری کوردستان وەک خاکی تورک ناسێنرا. بەو شێوەیە نکۆڵی لە کورد و وڵاتەکەى کرا.

 ساڵی ١٩٢٥ و کاتێک بە راپەرین وەڵامی ئەو نکۆڵیکردنە درایەوە، کوشتارێکی گەورە و توند لە دژی کوردان بەڕێوەچوو. ئەو کوردانە، کە لە لۆزان بۆ بابەتی بەرژەوەندی بوونە هۆی مشتومڕ، دوو ساڵ دوای رێککەوتنەکە بووە گەلێک، کە فریودراوە و کاتێک لە دژی ئەو فریوکارییە راپەڕین کۆمەڵکوژکران. ئێستاش دەیانەوێت ئەوە لە دژی کورد بەردەوامی پێ بدەن".

جیهان ئەرەن رایگەیاند، رێککەوتننامەى لۆزان بە فەرمان و رەزامەندی و پەسەندی هێزە نێونەتەوەییەکان ئامادە کرا و وتی، "کورد بە قبوڵکردن و پشتیوانیی هێزە نێونەتەوەییەکان پاکتاو دەکرێن و لە ناو دەبردرێن. دەیانەوێت کورد بسڕنەوە. هەر ناهەقییەک بەرامبەر بە کورد بکرێت خۆیان لە بەرامبەریدا بێدەنگ دەکەن. کاتێک کورد بۆ مرۆڤایەتی و بۆ هەبوونی خۆی تێکۆشان دەکات بە تیرۆریست ناویان دەبەن. هەوڵ دەدرێت، کە هەموو مافەکانیان و نرخ و بەهاکانیان لە دەستیان دەربهێنرێت. هەر وەک ئەوەى لە لۆزان کرا، دەیانەوێت بیکەن بە قوربانیی حساباتی بەرژەوەندییەکانی خۆیان".

جیهان ئەرەن ئەندامی دەستەى بەڕێوبەریی کەجەکە باسی ئەوەیکرد، هەر لە سەرەتاوە رێککەوتننامەى لۆزان هەڵە بوو، چونکە رێککەوتننامەى نکۆڵیکردن بوو لە گەلان و وتی، "تێکۆشانی ئازادیی کوردستان، نەک تەنها لۆزانی کردە بابەتی مشتومڕ، بەڵکو بە کردەوە و لە پراتیکدا پووچی کردووەتەوە. بۆ نمونە سێ پارچەى کوردستان، کە لە لۆزان دابەشکران، بە تێکۆشان کراون بە یەک. هاوکات لەگەڵ گەلی کورددا، ئەوەشی لەگەڵ گەلانی تردا کردووە. کوردی کرد بە خاوەنی هۆشمەندی، رێکخستن و رێ و رێبازی تێکۆشان تاوەکو مافەکانی خۆیان بە دەست بهێنن.  ئەوانەى بۆ بەرژەوەندیی خۆیان لەگەڵ کەمالیستەکان گفتوگۆیان لەبارەی کوردەوە دەکرد، ئیدی ئێستا لەگەڵ تورکیا لەبارەی بزووتنەوەی ئازادییەوە گفتوگۆ دەکەن. سیاسەت و عەقڵییەتی نکۆڵیکردن و سڕینەوەی دەوڵەتی تورک بە بەرخودانی گەورەی رۆژووی مردنی ١٤ی تەممووزی ١٩٨٢ پووچکرایەوە.

بە کورتی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان بە پێشەنگایەتیی رێبەر ئاپۆ، بێ پێگەکردنی گەلی کوردی بێ واتا کرد، گەلی کوردی گەیاندە ئاستێک، کە ببێتە خاوەنی پێگە. بەو رێککەوتننامەیە، کە سیستمی دژە دیموکراتیک، نەژادپەرەست و ئایینپەرەست بونیات دەنێت وتی، نابێت ئەوە تێپەڕێت، نەک تەنها بۆ تورکیا و کوردستان، بەڵکو بۆ هەموو ناوچەکەش سیستمێکی دیموکراتیکی خستە رۆژەڤەوە. نەتەوەپەرەستی و نەژادپەرەستی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئاستێکی گرنگدا پووچ کردەوە، کە دەوڵەتی تورک ئافرێنەری نەژادپەرەستییە".

جیهان ئەرەن لە بەردەوامیی وتەکانیدا باسی ئەوەیکرد، هیچ کەسێک نایەوێت ئەو پێگە و دۆخەى بەهۆی رێککەوتننامەى لۆزانەوە دروستکراوە، وەک پێشتر بەردەوامیی هەبێت و وتی، "لەبەر ئەوەى رێککەوتنێکی وەها نییە، کە بەردەوامیی پێ بدرێت، تەنها تورکە سەردەستە نەتەوەپەرەستەکان دەیانەوێت لۆزان درێژەى پێ بدرێت. هەرچەند ئەردۆغان جاروبار دەڵێت، کە لۆزان کۆتایی پێهاتووە، خیانەتە، بەڵام دواتر ئەوە روون بوویەوە، کە ئەردۆغان ئەوە قبوڵ ناکات، کە کەمالیستەکان باشوور و رۆژئاوایان جێھێشتووە. دەیەوێت ئەو پارچانەش وەک باکوور داگیر بکات. یانی دەیەوێت پاکتاکارییەکەى لە باکوور لە باشوور و رۆژئاواش ئەنجام بدات. بۆ نمونە لە عەفرین، گرێ سپی و سەرێکانی ئەو پاکتاوکارییە ئەنجامدەدات. دیارە، کە ئەمریکا و رووسیا بۆ داگیرکردنی خاکی رۆژئاوا  پێیان وتوە، 'تۆ دەتوانیت ئەوە بکەیت'. بۆیە سەرباری ئەوەی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان لۆزانی پووچکردووەتەوە، بەڵام دەوڵەتی تورکی داگیرکەری پاکتاوکار بە عەقڵییەتی لۆزانەوە دەیەوێت لۆزانێکی دووەم بسەپێنێت. ئەمریکاش بەو مەرجەى، کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی بکات، پشتوانیی لێ دەکات. هەروەها هەندێک دەوڵەت لە ناو یەکێتیی ئەوروپادا پشتیوانیی لێدەکەن. ئەو روودانەی، کە روودەدەن ئێمە بەو شێوەیە لێی تێدەگەین. ئەوە نیشانی دەدات، کە دەبێت ئێمە بزانین مەترسییەکی وەها لە گۆڕیدایە.

لە پێش هەموانەوە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و هەندێک هێزی کورد ئەو مەترسییە نابینین و لێی تێناگەن، بەڵام تا دێت مەترسییەکە گەورەتر دەبێت. هەر خۆی لەبەر ئەوەى لە لۆزان کوردان وەک پێویست لە دۆخەکە تێنەگەیشتن، داواکانیان بە شێوەی رێکخستنکراو و یەکگرتووانە پێشکەش نەکرد، لۆزانیان بەسەردا سەپێنرا. هەر چۆن ئێستا دەوڵەتی تورک پەدەکە فریو دەدات و بە بەرژەوەندیی بچووک بەرەو خۆی رایکێشاوە، لەو کاتەداش نوێنەرانی تورک لە رێککەوتننامەى لۆزان و مستەفا کەمال و بەرپرسانی ئەنقەرە کوردانیان فریودا. ئەو کوردانەى، کە فریودران دواتر یەک بە یەک لە سێدارە دران. گەورەترین مەترسی ئەوەیە، کە لە یاسا و مافە نەتەوەییەکاندا نەبوونە خاوەنی پێگەی یاسایی گەل. لەبەر ئەوەش ئێمە وەک گەلی کورد دەبێت لە دروستکردنی پێگەیەکی یاسایی نێونەتەوەیدا پێداگری بکەین. رێبەرایەتی بە دوای کۆبوونەوەى کۆنگرەى نەتەوەیی و دروستکردنی دیپلۆماسیی هاوبەشی کورد، خواستی ئێمە لەو دۆخە تێبگەین".

جیهان ئەرەن باسی ئەوەیکرد، تاکە شتێک، کە لە بەرامبەر ئەو دۆخە مەترسیدارەدا دەبێت ئەنجام بدرێت، تێکۆشانە و وتی، "دەوڵەتی تورکی نکۆڵیکار و پاکتاوکار بەردەوام دەبێت لە سڕینەوەی کوردان. بۆیە تێکۆشان لە دژی ئەو دەوڵەتە راستەوخۆ تێکۆشانە بۆ پێگەى گەلی کورد. بۆ ئەوەش تێکۆشانی گەریلایی بەردەوامیی هەیە و تێکۆشانە بۆ پاراستنی چوارپارچەى کوردستان. دەبێت هەر کوردێک وەک ناوی خۆی ئەوە بە باشی بزانێت، کە شەڕی دەوڵەتی تورک بە ناوی شەڕ لە دژی پەکەکە، لە راستیدا شەڕە بەرامبەر هەموو کوردان، چونکە هێزێکی نکۆڵیکار و پاکتاوکارە. پەکەکەش لە رێگای تێکۆشانەکەیەوە هەوڵ دەدات، کە ئەو هێزە لە نکۆڵیکردن و لە ناوبردن و سڕینەوە بگەڕێنێتەوە، بەڵام سەردەستەکانی تورک تووشی نەخۆشیی فۆبیای کورد بوون. لەبەر ئەوەش ئەوەى پەکەکە دەیڵێت، لێی تێناگەن و نایانەوێت لێی تێبگەن. لێرەدا تێکۆشانی گەریلا لە ئاستی ژیانیدا گرنگە. نکۆڵی تەنها بە تێکۆشانی گەریلا دەتوانێت تێکبشکێنرێت. دەوڵەتی تورک بەو هێزەى لە لۆزانەوە وەریگرتووە، نکۆڵی لە کورد دەکات و لەبەر ئەوەى دەیەوێت کوردان لە ناو ببات لە دەرەوە پشتیوانیی لێدەکرێت. لەبەر ئەوەش هەموو دەوڵەتەکان پشتیوانی لە دەوڵەتی تورک دەکەن و پەکەکە وەک تیرۆریست دەناسێنن و بە شێوەیە بە ناڕاستەوخۆ دەیانەوێت لۆزان بەردەوامیی هەبێت".

جیهان ئەرەن لە کۆتایی وتەکانیدا وتی، "کورد دەبێت لە مەترسیی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکی پاکتاوکار و داگیرکەر تێبگات و بیانبینێت. لە دژی ئەوەش دەبێت بە شێوەیەکی یەکگرتوانە و یەکێتییانە تێبکۆشن.

 ئەو کوردانەى، کە لۆزان قبوڵ ناکەن دەبێت یەکبگرن، یەکێتیی نێوان خۆیان دروست بکەن و نیشانی بدەن، کە لە دژی لۆزانن. لە ناو گەل دا یەکێتی و یەکگرتووی بە چڕی و قورسی هەیە، دەبێت لایەنە سیاسییەکان ئەو یەکێتییە ئەنجام بدەن و ئەوانەشی کە دەبێت ئەوە بکەن، حیزبەکان، رووناکبیران و هونەرمەندانی کوردن".

ژ.ت