"ساکینە جانسز ئەشکەنجەکانی گۆڕی بۆ بەرخۆدان بەرامبەر دوژمن"

لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، یادی ساکینە جانسز و هەڤاڵانی بەرز ڕاگیرا، کە لە پاریس کۆمەڵکوژ کرابوون.

لە بەردەوامیی سیمینار و چالاکییەکان بۆ بەرز ڕاگرتنی روحی شەهید ساکینە جانسز و هەڤاڵانی لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان یادی ئەو سێ ژنە شەهیدە بەرزڕاگیرا.

ژنە شۆڕشگێڕانی کورد ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز، کە لە ٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریس کۆمەڵکوژ کران، لە شاری کەرکوک لەلایەن ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان (رەژاک)ەوە یادیان بەرزڕاگیرا.

لە یادکردنەوەکەدا ژمارەیەکی زۆری ژنان و رێکخراوەکانی مافی ژنان ئامادەی یادەکە بوون، یادەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد. پاشان سینەفزێۆنێک، کە لەسەر ژیاننامەی هەرسێ شەهید ئامادەکرابوو نمایش کرا.

لە مەڕاسیمی یادکردنەوەکەدا، ڕوناک مەجید ئەندام بەڕێوبەری گشتیی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان سیمینارێکی پێشکەش بە ئامادەبووانی یادەکە کرد و باسی لەژیاننامەی شەهید ساکینە کرد.

دەربارەی مەراسیمی یادکردنەوەی هەرسێ ژنە شۆڕشگێڕی کورد، ڕوناک مەجید ووتی: "ئەمڕۆ لە شاری کەرکوک مەراسیمی ساڵیادی شەهیدانی پاریس-مان کردەوە، لەم مەراسیمەکەدا تیشکمان خستە سەر ژیانی هەر سێ ژنە شۆڕشگێڕی کورد ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز. لەم یادەدا سیمینارێکی تایبەت پێشکەش دەکەین، لە سیمینارەکەدا تیشکیش خرایە سەر ئەو ڕاستیانەی ئەمڕۆ، کە بەرهەمی تێکۆشانی ئەو شۆڕشگێرانەیە و بوونەتە مایەی شۆڕشێک لە سەرتاسەری کوردستاندا، کە لەژێر دروشمی "ژن،  ژیان، ئازادی" روودەدات و ئەوەش ئیلهامی لە شۆڕشی ژنانی کوردستان وەرگرتووە."

ڕووناک مەجید سەبارەت بە ژیاننامەی شەهید ساکینە ووتی: "هەڤاڵ ساکینە کچە دەرسیمییەکی عەلەوییە، بەردەوام دوژمنان لەکەسایەتیی تاکی کوردا گەلی کوردیان کۆمەڵکوژ کردووە، کە کوردانیش بەردەوام کۆمەڵکوژ کراون بە تەواوی بیروباوەڕەیەکانیەوە وەکو عەلەوی و ئێزدی ...هتد کۆمەڵکوژکراون، دەوڵەتی تورک بە شیوازێک خەڵکی دەرسیم کۆمەڵکوژ دەکات، کە خەڵک شەرم بکەن بڵێن، کوردین و تورک بوون ئەسەپێندرێت بەسەریاندا و وەکو کوردێکی مردوو دەمێننەوە، هەڤاڵ ساکینە لە تەمەنێکی زوو درک بەوە دەکات، کە بۆچی شەرم لە زمانی کورد دەکرێت، شەهید ساکینە بەدواداچون دەکات لە کەسایەتی خۆیدا".

هەروەها سەبارەت بە قۆناغی زیندانی کردنی شەهید ساکینە جانسز کە ماوەی ١٠ ساڵ لەزیندانی دوژمن زیندانی کراوە، ناوبراو تیشکی خستەسەر ئەو قۆناغە و ووتی: "زیندانەکانی دوژمن بۆ شکاندنی ئیرادەی گەلی کورد بووە، بەڵام شەهید ساکینە جانسز بەپێچەوانەوە ئەشکەنجەکانی دەوڵەتی تورکی گۆڕی بۆ بەرخۆدان و تێکۆشان بەرامبەر دوژمن".

لە کۆتایدا دەربارەی هۆکاری بەئامانج کردنی شەهید ساکینە ڕووناک مەجید ئاشکرای کرد: "هەر کەسێک تێکۆشان بکات لەپێناو ئازادی گەل و نەتەوەکەی دەبێتە ئامانجی دوژمن، خەتی ساکینەکان خەتی ژیانێکی ئازادە، کە خەتی "ژن، ژیان، ئازادی"یە، خەتی ژن ژیان ئازادی لەهەموو جیهاندا بڵابووەتەوە و تەنها لەهەرچوارپارچەی کوردستان نەماوە".

پاش ناساندنی ژیاننامەی شەهیدی سەرکردە هەڤاڵ ساکینە جانسز، لە ڤیدیۆیەک لەسەر سینەفزیۆن باس لە رۆڵی شەهید هەڤاڵ ساکینە جانسز کرا لە سەرکەوتنی خەباتی و تێکوشانی ئازادیخوازانی گەلی کورد و هەروەها رۆڵی شەهید لە پێشخستنی رۆڵی ژنان لە کایەکانی شۆڕشگێریدا کە لە ئێستاداشدا شۆڕشی (ژن ژیان ئازادی) لە تەواوی جیهان بڵاوبووەتەوە.

ژ.ت