سەبری ئۆک ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە "بەرنامەى تایبەتی" ستێرک تیڤی شیکاریی بۆ پێشهاتەکانی ئەمدواییە کرد.
ئۆک لە بەرنامەکەدا بە بەرفراوانی باسی لە هێرشە بەردەوامەکانی سوپای تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا کرد و بانگەوازی گرنگی بۆ بەڕێوەبەرانی باشووری کوردستان، عێراق، ئێران و هێزەکانی رۆژئاوا هەبوو.
لەبارەی ئامانجی هێرشە داگیرکەرییەکانەوە باسی ئەوەیکرد، ئەوە جاری یەکەم نییە و لە ساڵی ١٩٨٣ەوە بەردەامییان هەیە و ئەم هێرشە داگیرکەرییانە بەشێکن لە "پلانی تێکشکاندن"، کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بەرنامەى بۆ دانراوە، ئەو پلانە وەک پلانی سریلانکایە، کە بەرامبەر بە پڵنگەکانی تامیل ئامادە کرابوو. راشیگەیاند، لەم پلانەدا ناوچەکانی گەریلا بە بەردەوامی بۆردومان دەکرێن و هاووڵاتییانی مەدەنی لە ناوچەکان دەردەکرێن و لەم دواییەشدا چەکی کیمیاوییان بەکارهێنا.
سەبری ئۆک ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە ئەوەشی رایگەیاند، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان لەسەر بنەمای ئەو دید و بەرنامەیەیە، لەبەر ئەوەى لە هێرشکردنە سەر گارە هیچ ئەنجامێکیان بە دەستنەهێنا بەرنامەیان بۆ هێرشێکی تر دانا و وتی، ئەردۆغان بە وتەى "ئێمە مژدەتان پێ دەدەین" هێرشکردنە سەر گارەی راگەیاند، بەڵام لە بەرامبەر بەرخودانی گەریلادا گورزێکی گەورەیان بەرکەوت و هێرشەکەیان تێکشکا.
لەبارەی هێرشەکانی ٢٤ی نیسان بۆ سەر زاپ، مەتینا و ئاڤاشین وتی، "ئێمە ئەوەمان مەزەندە دەکرد، کە دوای گارە بلۆکی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە بەو هێرشەوە ناوەستن و درێژە بەو پلان و بەرنامەیەی خۆیان دەدەن. وەک ئەوە دەرچوو، کە ئێمە لێکدانەوەمان بۆ کردبوو و لەمدواییەدا هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر زاپ، مەتینا و ئاڤاشین. ئامانجیان لەو زنجیرە هێرشانە ئەوەیە، کە باکوور و باشوور لە یەکتر داببڕن، هاووڵاتییانی مەدەنی لە ناوچەکە دەربکەن و هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لە یەکتر داببڕن".
ئۆک لە بەردەوامیی وتەکانیدا رایگەیاند، دەوڵەتی تورک بە فەرمانی هێزە نێودەوڵەتییەکان هێرشە داگیرکەرییەکانی دەستپێکردووە و وەک شەڕی ساڵانی ١٩٩٠، کە لە کوردستان رێکخرابوو، فەرمانی بۆ ئەم شەڕە وەرگرتووە، لە جموجوڵ و لێدوان و سەردانەکانی ئەمدوایەی بەرپرسانی دەوڵەتی تورک لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکان سەردانی دۆغان گیورەش سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکی لەو ساڵانەدا (١٩٩٠) بۆ بەریتانیا بە یاد هێناینەوە وتی، "گیورەش لە دوای ئەو چاوپێکەوتنە لە بەریتانیا وتی، 'ئێمە رەزامەندیمان وەرگرتووە بۆ ئەوەى لە دژی پەکەکە کارێک بکەین' و دوای ئەوە سەرمایەدارەکان، خاوەنکارەکان، پەیامێنران، وڵاتپارێزان و هەزاران مرۆڤ لەلایەن دەوڵەتی تورک و هێزە ئەمنی و میلیشیاییەکانیانەوە کوژران و هەزاران گوندی کوردستانیان خاپوور کرد. ئێستاش پاش دەستوەردانێکی لەمجۆرە و وەرگرتنی رەزامەندیی لە هێزە نێودەوڵەتییەکان دەستیان بەم هێرشە کردووە. لەم لاشەوە حکومەتی عێراق بێدەنگ بوو و فەرمان و رێگای پێدان. هەر خۆی بەڕێوەبەریی باشووری کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بە شێوەکی روون و ئاشکرا لە ناو ئەم کارەدان".
ئۆک رایگەیاند، دەوڵەتی تورک چەتەکانی داعش و نوسرە بەکار دەهێنێت و لێدوانێکی سولەیمان سویلو وەزیری ناوخۆی دەوڵەتی تورکی بە بیرهێنایەوە، کە وتبوی، "ئامانجمان ئەوەیە وەک سوریا لە عێراقیش بۆ هەمیشە خۆمان جێگیر بکەین و بمێنینەوە". سەرباری ئەوەى دەوڵەتی تورک بە ئاشکرا دەڵێت، خاکی باشوور و رۆژئاوا دەخەنە سەر خۆیان، بەڵام عێراق بێدەنگە و وتی، "رۆژانە بۆ ٢٤ کاتژمێر خاکی عێراق بۆردومان دەکەن و دەڵێن، لەو شوێنانەدا خۆیان جێگیر دەکەن و دەمێننەوە، بەڵام بەرپرسانی عێراق ناڵێن، تورکیا 'تۆ لێرە چی دەکەیت؟".
ئۆک هەروەها وتی، "عێراق کە بۆ شەنگال بە بەردەوامی دەڵێت، "یەکپارچەیی خاک" ئەی بۆ لە بەرامبەر داگیرکەریی خاکی خۆی لەلایەن دەوڵەتانی ترەوە بێدنگە؟ بۆ ئەوەى هێرشەکانی دەوڵەتى تورک کۆتاییان پێ بێت ئۆک داوای لە بەڕێوەبەریی باشووری کوردستان، عێراق و ئێران کرد و وتی، "دەوڵەتی تورک لە بەرامبەر بێدەنگیی هێزە ناوچەییەکاندا ئەو هێرشانە ئەنجام دەدات".
سەبری ئۆک ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی کەجەکە لە دوای هێرشەکان بۆ زاپ، مەتینا و ئاڤاشین بانگەوازی بۆ بەڕێوەبەرانی باشووری کوردستان ئەوە بوو، "لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاکە هێز، کە لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بەرەنگاری دەکات و دەتوانێت شەڕ بکات پەکەکەیە. تاوەکو شوێنێک مرۆڤ دەتوانێت تێبگات، کە بۆ لە دژی دەوڵەتی تورک شەڕ ناکەن، بەڵام رێگری لە گەلی باشوور مەکەن، کە دەیەوێت لە دژی ئەو هێرشانە ناڕەزایەتی نیشان بدات. هێزەکانی گەریلامان مسۆگەری و دڵنیایی باشووری کوردستانن و ئێمە دەزانین گەل چەند گەریلای خۆش دەوێت".
ژ.ت