شاندی جەهەپە سەردانی شارەوانی ئامەدی کرد

شاندی جەهەپە لە گۆڕەپانی ئاگرەکە لێکۆڵینەوەی کرد و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیان کرد. پاشان سەردانی شارەوانی ئامەدیان کرد.

 

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) عەلی ماهیری باساریر، پەرلەمانتارانی جەهەپە وەلی ئاگبابا و سەزگین تانریکولو و ئەحمەد باران یازگان لە گۆڕەپانی ئاگرەکەی نێوان ئامەد-مێردین کە بەهۆیەوە ١٥ کەس گیانیان لەدەستدا، لێکۆڵینەوەیان کرد و سەرەخۆشیان لە بنەماڵەی قوربانیان کرد. پاشان شاندەکە چوونە گوندی تۆبنی گوندی هەربەری ناوچەی چناری ئامەد، هەروەها سەردانی پرسەی گوندی کەلەکی شەمرەخیان کرد.

پاشان شاندەکە چوونە سەردانی شارەوانی ئامەد، شاندی جەهەپە لەلایەن هاوسەرۆکانی شارەوانی سەرا بوجاک و دۆغان خاتوون پێشوازیان لێ کرا و کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان ئەنجامدا.

سەرا بوجاک سوپاسی سەردانی شاندەکەی جەهەپەی کرد، تیشکی خستەسەر گرنگی یەکگرتن. تانریکولو ڕایگەیاند لەپێناو یەکگرتن سەردانی شارەوانییەکەیان کردووە، ئاماژەی کرد بە وێرانکارییەکانی قەیوم لە شارەکە و گوتی: "پێویستە جارێکی تر قەیوم نەنێردرێت. ئەم کارانە قبووڵ ناکرێت. پرسی کورد یەکێکە لە پرسە سەرەکییەکانی تورکیا، لە هەموو پرسێک زیاتر جێی مشتومڕە. ئێمە دژی ئەم کارانە، هەوڵی خۆمان دەدەین".