شارەوانی شنگاڵ ٩هەمین ساڵوەگەڕی ئازادیی شنگاڵی پیرۆز کرد

بەبۆنەی ٩هەمین ساڵوەگەڕی ئازادکردنی شنگاڵەوە شارەوانی خۆبەرێوەبەری گەلی شنگاڵ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند؛ پێویستە عێراق و هێزە جیهانیەکان لەبەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکدا بێدەنگ نەبن.

 ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شارەوانی گەلی شنگاڵ بە بۆنەی ٩هەمین ساڵوەگەڕی ئازادکردنی شنگاڵ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

بەیاننامەکە بەم شێوەیەیە:

"لە ٩هەمین ساڵوەگەڕی ئازادکردنی شنگاڵدا، گۆڕانکاری و پێشهاتی زۆر هەم لە شنگاڵ وهەم لە جیهاندا ڕوویدا. لەم ٩ ساڵەدا سیاسەتی لەناوبردنی گەلی ئێمەی ئێزیدی هێشتا بەردەوامە. زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا ئەم فەرمانەیان بە جینۆساید ناساند. بەڵام هیچ ڕێوشوێنێکیان بۆ پاراستن و هەڕەشەی جینۆساید لە دژی گەلەکەمانیان نەگرتووبەر. ڕۆژانە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا هێرش دەکەنە سەر هەرێمەکانی شنگاڵ و گەنجانمان دەکوژن. حکوومەتی عێراق سنوورەکانی بەڕووی هێرشەکاندا کردۆتەوە، واتە هاوبەشی هێرشەکانە، ئەگەرنا حکومەتی عێراق بە ئاسانی دەتوانێت ڕێگری لە هێرشەکانی تورکیا بکات. داواکاری ئێمە لە حکومەتی عێراق ئەوەیە کە لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا بێدەنگ نەبن و خاوەن هەڵوێستی جددی بن.

ئەوەندەی هەر فەرمانێک وێرانکاری، داڕمان و لەناوبردنی ژیانە؛ ئەوەندەش ئازادیی ئاوەدانی و گەشەپێدانی ژیانە. لە ڕاستیدا کار و چالاکیی ئێمە وەک شارەوانی بریتییە لە ڕازاندنەوە، پاککردنەوە و ڕەخساندنی ژیانی ئازاد و ئارامە بەپێی دەرفەتەکان. ئازادی شنگاڵ بووە هۆی هیوا و باوەڕبوون بە گەڕانەوەی گەلەکەمان بۆ شنگاڵ. ئەمەش بە سایەی بەرخۆدان و تێکۆشانی گەریلاکانی ئازادی، یەژەشە-یەبەشە لە دژی دڕندەکانی داعش بەرهەم هاتووە. هەروەها وەک شارەوانی گەل پشتیوانی و خزمەتگوزاری پێشکەش بەو بنەماڵانە دەکەین کە دەگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. ڕاستە شنگاڵ ئازاد کراوە، ئەم ڕۆژە ڕۆژێکی پیرۆز و بەنرخە؛ بەڵام گرنگ ئەوەیە کە خاوەنداری لێبکەین، ئەویش بە یەکێتی و بەڕێکخستن کردنمانەوە دەکرێت.

ئێمە وەک شارەوانی خۆبەڕێوەبەری گەل دیسان ٩ هەمین ساڵوەگەڕی ئازادیی شنگاڵ لە هەموو کۆمەڵگای تێکۆشەر و بەرخۆدێری ئێزیدی پیرۆز دەکەین. لە کەسایەتی هەڤاڵ عەگید جڤیان فەرماندەی ئازادی شنگاڵ بەڕێزدارییەوە یادی شەهید دڵشێر هەرەکوڵ و سەرجەم شەهیدانی ئەم دەستکەوتە مەزنە بەرز ڕادەگرین و بەڵێن دەدەین بە ڕێکخستنی خۆبەڕێوبەریەوە تێکۆشانیان درێژە پێدەدەین.