لە ناوچەی خەلفەتی سەر بە رحا، بەرخۆدان دژ بە دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی گەل لە ڕۆژی هەشتەمدا بەردەوامە.شاندێکی سەندیکای پارێزەرانی دیلۆک سەردانی چالاکی ئیشکگرییان کرد کە لە دەورەبەری بینای شارەوانی بەردەوامە.شاندەکە کە بولەنت دوران سەرۆکی سەندیکاشیان لەگەڵە، لە لایەن محەمەد قەرەیلانی هاوسەرۆکی شارەوانی خەلفەتی کە قەیوم لە جێگای دانراوە پێشوازیان لێکرا.
بولەنت دوران لەوێ قسەی کرد و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە دەسەڵاتداران بە زۆر و نایاسایی مافەکان پێشێل دەکەن. دوران بە بیری هێنایەوە کە ئەو شایەت حاڵە کە چۆن هەڵبژاردنەکانیان بردووەتەوە و گەل لە ڕێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە ئەرکی هاوسەرۆکەکانی دیاریکردووە و دواتر دەستی بەسەردا گیراوە. دوران دەستنیشانی کرد کە قەیوم قبووڵ ناکرێت و وتی: "دژ بە دەستبەسەرداگرتنی ئیرادە هەموو ئەوانەی موخاتەبی ئەم پرسەن، سیاسییەکان، ڕێکخراوە ماف پەروەرەکان و هەموو خاوەن ویژدانەکان، لە هەر شوێنێکی ئەم جوگرافیایەن با کۆبنەوە و لە ئاست ئەم ناحەقییەدا دەنگ بەرزکەنەوە. بۆ کۆتایی هێنان بە دەستبەسەرداگرتن و جارێکی دیکە گێرانەوەی ئەم مافە، دەبێت دەنگەکان یەک بخرێن و هەڵوێستی هاوبەش نیشان بدرێت".
ڕاگەیەنراوەکە بە چەپڵە و درووشم کۆتایی هات. دوای ڕاگەیەنراوەکە جەماوەر تاکو بینای دەم پارتی لە ناوچەکە ڕێپێوانیان کرد.