بەرخۆدان و کاردانەوەکان لەدژی دانانی قەیومەکان لەسەر شارەوانی مێردین، ئێلیح و خەلفەتی و ڕحا بەردەوامە. ئەحمەد شەهباز هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی (مەخموور) دژی دانانی قەیوم لە گەڵ ئاژانسەکەمان قسەی کرد و داوای لە گەلی باکووری کوردستان کرد؛ پێکەوە دژی دانانی قەیومەکان سەرهەڵدان بکەن.
'دەوڵەت لە سیستەمی ئێمە دەترسێت'
شەهباز لە سەرەتای قسەکانیدا سڵاوێکی گەرمی ئاراستەی گەلی ئێلیح، خەلفەتی و مێردین کرد و بەرخۆدانی ئیرادەی گەلی پیرۆز کرد و وتی: "ئێمە قەیومە داسەپێنراوەکان بە سەر شارەوانیە کوردییەکاندا ڕەت دەکەینەوە. لەبەر ئەوەی ئاکەپە-مەهەپە نایانەوێت گەلەکەمان بە ئیرادەی خۆی بژی. مەسەلەکە دەم پارتی نییە، بەڵکوو ئەوە بەردەوامی سیاسەتی جینۆسایدی کوردە. زیاتر لە ٤٠ ساڵە گەلی کورد لە سایەی پەکەکەوە خۆی ناسیوەتەوە و داوای مافی خۆی دەکات. دەوڵەتی فاشیستی تورکی لە سیستەمی هاوسەرۆکایەتیمان کە پاراستنی کولتوور، زمان، نەتەوە و ئازادی گەل بە بنەما دەگرێت دەترسێت. بۆیە بە هەموو جۆرە ڕێبازێک پلانی و شەڕی تایبەت بەکار دێنێت."
'کاردانەوەیەکی یەکگرتووانە پێویستە'
ئەحمەد شەهباز قەیومی بە پەرەدان بە ڕەگەزپەرستی ناوبرد و وتی: "دەوڵەتی تورک دەستبەرداری یەک زمان، یەک ئاڵا و یەک دەوڵەت نەبووە". بە هەموو شێوەیەک کورد بە نەبوون هەژمار دەکات و ئەمەش ڕوونە. بۆیە پێویستە گەلەکەمان ئیتر ڕاستیەکان ببینێت و بە هاوارێک وەڵامی بداتەوە. پێویست بە سەرهەڵدانە. تێکۆشانی گەلی مێردین، خەلفەتی و ئێلح پیرۆز دەکەم، بێگومان تێکۆشانێکی بێهاوتایە. پێویستە گەلەکەمان لە باکووری کوردستان بە هەموو هێزیانەوە خاوەنداری لە دەستکەوتەکانیان بکەن.
ئەحمەد شەهباز هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی (مەخموور) داوای لە گەلی کورد کرد و وتی: "داگیرکەران ڕاوەستێن. دەبێت گەلەکەمان سیاسەتەکانی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە قبووڵ نەکات و خاوەنداری لە گەل و مافە سروشتیەکانی خۆی بکات. دژی ئەم دڕندەیی و توندوتیژییە دەست بە سەرهەڵدان بکات. لەبەر ئەوەی مەسەلەکە پرسێکی نەتەوەییە. هەروەها پێویستە بەرخۆدانی گەل بەهەموو شێوەیەک لەدژی ستەم و توندوتیژییەی بەرامبەر کورد پەرەی پێبدرێت."