شه‌نیاشار: له‌به‌رده‌م ده‌رگای دادگا سته‌م هه‌یه‌

بنه‌ماڵه‌ی شه‌نیاشار كه‌ خۆڕاگری ده‌كات رایگه‌یاند، "ئه‌وانه‌ی سته‌می به‌رده‌م دادگا نابینن، زیانیان پێده‌گات".

خزم و پاسه‌وانانی په‌رله‌مانتاری ئاكه‌په‌ ئیبراهیم خه‌لیل یه‌ڵدز له‌ ١٤ی حوزه‌یرانی ساڵی ٢٠١٨ هێرشی دوكانی بنه‌ماڵه‌ی شه‌نیاشاریان له‌ پرسوس كردبوو. له‌ ئه‌نجامی هێرشه‌كه‌دا هاوژین و دوو كوڕی ئه‌مینه‌ شه‌نیاشار كوژرابوون و كوڕه‌كه‌شی فه‌رید شه‌نیاشار به‌ برینداری رزگاری ببوو.

به‌ مه‌به‌ستی گرتن و دادگاییكردنی بكوژان، ئه‌مینه‌ شه‌نیاشار و كوڕه‌كه‌ی فه‌رید شه‌نیاشار له‌ ٩ی ئاداری ٢٠٢١ه‌وه‌ له‌به‌رده‌م دادگای رحا ده‌ستیان به‌ چالاكی ئێشكگریی دادپه‌روه‌ری كردووه‌. چالاكی بنه‌ماڵه‌كه‌ له‌ رۆژی ٣٩٧هه‌میندا به‌رده‌وامه‌. دادگا له‌ رۆژانی كۆتایی هه‌فته‌دا داخراوه‌ هه‌ر بۆیه‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ چالاكیه‌كه‌یان له‌ ماڵی خۆیان له‌ پرسوس درێژه‌ پێده‌ده‌ن.

سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ له‌سه‌ر هه‌ژماری خۆیان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ئه‌م په‌یامه‌یان بڵاوكرده‌وه‌، "له‌ئێستادا له‌ وڵاته‌كه‌مان وه‌زاره‌ته‌كانی داد، ناوخۆ و ته‌ندروستی هه‌ن. له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ده‌وڵه‌ت له‌ پرسوس كۆمه‌ڵكوژی ئه‌نجامدرا و دایكێك له‌به‌رده‌م دادگای رحا ده‌وه‌ستێت. ئه‌وانه‌ی له‌ مانگی ره‌مه‌زاندا سته‌م له‌به‌رده‌م دادگا نابینن زیانیان به‌رده‌كه‌وێت".

هـ . ب