شەنگالییەکان دژی بڕیاری داخستنی پادێ خۆپیشاندانیان کرد
ئەمڕۆ لە شەنگال خۆپیشاندنی بەرفراوان بەڕێوەچوو و تێیدا هەزاران هاووڵاتی ئێزدی ناڕەزایەتییان لە دژی بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق لەبارەى داخستن و قەدەغەکردنی پادێ دەربڕى.
ئەمڕۆ لە شەنگال خۆپیشاندنی بەرفراوان بەڕێوەچوو و تێیدا هەزاران هاووڵاتی ئێزدی ناڕەزایەتییان لە دژی بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق لەبارەى داخستن و قەدەغەکردنی پادێ دەربڕى.
ئەمڕۆ لە شەنگال خۆپیشاندنی بەرفراوان بەڕێوەچوو و تێیدا هەزاران ئەندامی پێکهاتەی ئێزدی بەشداربوون.
بەشداربوانى گردبوونەوەکە رایانگەیاند، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پارتی ئازادیی و دیموکراسی ئێزدییەکان (پادێ) تووڕەییەکی بەرفراوانی لەناو کۆمەڵگەی ئێزدیدا لێکەوتوەتەوە، چونکە بە گورزێکی گەورەی دەزانن لە هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە و دەستەبەرکردنی مافى دانیشتووانى ناوچەکە.
خۆپیشاندەران دژایەتی تەواوی خۆیان بۆ ئەم بڕیارە دەربڕی و جەختیان کردەوە ئەو حزبە تاکە هیوای گەیشتن بە دادپەروەری بۆ قوربانیانی ئێزدییە.
یەکێک لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە وتی: بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی حزبەکەمان نکۆڵیکردنە لە مافەکانمان و سڕینەوەی دەنگەکانمانە، ئێمە ڕەتیدەکەینەوە دوای هەموو ئەو ئازارانەی کە تووشی بووین جارێکی دیکە دەیانەوێت پەراوێزمان بخەنەوە.
خۆپیشاندەران لە چەند درووشمەدا ئیدانەى بڕیارەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییان کرد و داوایانکرد پێکهاتەکانی هاوهەڵوێستیان بن، چونکە ئەم بڕیارە خزمەت بەو ئەجێندایانە دەکات کە ئامانج لێی پەراوێزخستنی ئێزدییەکانە.
لە کۆتایی خۆپیشاندانەکەدا پارتی ئازادیی و دیموکراسی ئێزدییەکان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا بەردەوامیدان بە بەرگرى لە مافەکانی ئێزدییەکان بە ڕێگایەکى ئاشتیانە دووپاتکرایەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، داوا لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەکەین، بڕیارەکە هەڵبوەشێنێتەوە و ڕێگەمان پێبدات هاوشێوەی لایەن و پێکهاتە سیاسییەکانی دیکەی عێراق بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بکەین.
ئەوەش هاتووە، بەردەوام دەبین لە کارەکانمان بۆ دەستەبەرکردنی ئایندەیەکی باشتر بۆ ئێزدییەکان، هەروەها واز لە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی خۆمان بەرامبەر پێکهاتەی ئێزیدی ناهێنین.
باس لەوەشکراوە، ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە کاتێکی هەستیاردایە بۆ ئێزیدییەکان کە تا ئێستاش بەدەست کاریگەرییەکانی جینۆساید و ئاوارەبوون و گۆشەگیری بەردەوامەوە دەناڵێنن.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئێستادا هاوڵاتیانمان ترسیان لەوە هەیە کە هەڵوەشاندنەوەی پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدییەکان پێگەیان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق لاواز بکات، هەروەها بارودۆخی ئەمنی و ئابووریی شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری خراپ بێت.
پارتی ئازادیی و دیموکراسی ئێزیدییەکان لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، ڕۆڵێکی سەرەکی بینیوە لە داکۆکیکردن لە مافەکانی ئێزدییەکان، بەتایبەتی دوای ئەو جینۆسایدەی کە لە ساڵی ٢٠١٤ دا لەسەر دەستی داعش، پێکهاتەی ئێزدیەکان تووشی هاتن.