حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی گوشار و گەمارۆ لەسەر شەنگال توندتر بکاتەوە، پەنا بۆ رێگا و شێوازی نوێ دەبات. نزیکەی مانگێکە سوپای عێراق دەستی بە هەوڵێکی نوێ کردووە، کە بەتایبەتی لە لای سنووری رۆژئاوای کوردستانەوە دەوروبەری شەنگال بە چیمەنتۆ و کۆنکرێت گەمارۆ بدات، عێراق لە نێوان شەنگال و رۆژئاوای کوردستان دیوار دروست دەکات.
لە دژی سیاسەتەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق مستەفا کزمی خەڵکی شەنگال ئەمڕۆ رێپێوانێکی جەماوەرییان ساز کرد. بەسەدان کەس لە کۆمەڵگاکانی خانەسۆر و سنونێ کۆبوونەوە، روویان کردە بارەگای سوپای عێراق لە تربکا لە نزیک سنوور.
بەڵام سوپای عێراق بە هێزێکی گەورەوە رێگەی لە گەل گرتووە و ناهێڵێت جەماوەرەکە رێپێوان بکەن. وێڕای ئەوەی سوپای عێراق ئاگادار کرابووەوە، بەڵام دیسانیش بە پاساوی ئەوەی ئاگاداری رێپێوانەکە نین، رێگەیان لەبەردەم جەماوەر گرتووە.
هەروەها بە پێی زانیارییەکان ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی عەرەب کە ویستییان بەشداری لە رێپێوانەکەدا بکەن، لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە هەڕەشەیان لێکرا کە بەشداری رێپێوانەکە نەکەن.
لەم ساتەدا ئاڵۆزی لەناوچەکە بەردەوامە، دیدار ئەنجام دەدرێن، بەڵام تائێستا هیچ ئەنجامێک ئاشکرا نەکراوە.
هـ . ب