شۆرش خدر: خاونداریکردن لە ئۆجالان خاونداریە لە مرۆڤایەتی

شۆرش خدر ئەندامی کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان:"دەبێت ئێمە وەک گەلی کورد هەموو گەلانی ئازادیخواز و دیموکراتیک درێژە بە چالاکیەکانمان بدەین تا ڕێبەر ئۆجالان ئازاد دەکەین"

شۆرش خدر ئەندامی کۆمیتەی ئازادی ڕێبەر ئۆجالان لە وتووێژێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) سەرنجی ڕاکێشایە سەر گۆشەگیری توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

لە سەرەتای قسەکانی شۆرش خدر باسی ئەرکی کۆمیتەی ئازادی ڕێبەر ئۆجالانی کردو وتی:"کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان بە واتای خاونداریکردن لە مرۆڤێکە کە پرسی نەتەوەیەکی لە ئەستۆ گرتوە، خاوەنداریکردنە لە مرۆڤێک کە خاوەنی بێرۆکەی نەتەوەی دیموکراتیە، ئەو  کەسایەتیە کە توانی نەتەوەیەک لە لێواری مەرگ ڕزگار بکات."

"ڕێبەر ئۆجالان لە ڕووی فکریەوە لە هەموو کەس زیاتر ئازادە"           

هەروەها وتیشی:"کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان بە ئەرکی ئەخلاقی و مرۆیی خۆی دەزانێت کە خاوەنداری لە بەرێز ئۆجالان بکات، بە هەموو شێوەیەک خەبات و چالاکیەکان فراوان بکات بۆ ئەوەی ڕێبەر ئۆجالان لە کونجی زیندان ئازاد بکات، هەرچەندە کە ئێمە بەراورد بکەین لە نێوان مرۆڤێکی ئاسایی و بیرمەندێکی وەک ڕێبەر ئۆجالان، پێم وایە کەس نیە وەک ڕێبەر ئۆجالان لە لایەنی فکریەوە  ئازاد بێت، بەڵام دەبێت کار بکەین بۆ ئەوەی ڕێبەر ئۆجالان بە جەستەیش ئازاد بێت.

"کلیلی چارسەری پرسی کورد لە دەستی ڕێبەر ئۆجالاندایە"

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ئازادی ڕێبەر ئۆجالان وتیشی: پێمان وایە ئازادی ڕێبەر ئۆجالان پابەندە بە ئازادی نەتەوەی کورد و کلیلی  چارەسەری لە دەستی ئەودایە، نەک تەنها بۆ گەلی کورد بەڵکو بۆ هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوکات  ئاماژەی بەوەشدا:" گرنگی ڕێبەر ئۆجالان لەوەدایە کە ناتوانین وەک مرۆڤێکی سادە و ساکار لێ بروانین، چونکە خاونداری لە پرۆژەیەک دەکات کە پێ دەگوترێت نەتەوەی دیموکراتیک."

"کە ڕێبەر ئۆجالان ئازاد بێت کۆتای بە کێشەکانی ناوچەکە دێت"

شۆرش خدر پێ وایە" دەوڵەت نەتەوەکانی ناوچەکە کە لەسەر بنەما نادیموکراتی و شەڕ و ئاژاوە دروست بوون، بۆیە نەتەوە دەوڵەتەکان و  سیستەمی سەرمایەداری دڵنیان لەوەی کە ڕێبەر ئۆجالان ئازاد بێت هەموو کێشەو ناکۆکیەکانی ناوچەکە کۆتای پێدێت و پلانی شەڕی دەوڵەتانی سەر دەست هەڵدەوەشێتەوە."

لە درێژەی نرخاندەکانیدا شۆرش خدر سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئەوەی کە بە هەموو شێوەیەک دەوڵەتانی سەر دەست ڕێبەر ئۆجالان گۆشەگیر دەکەن. بەردەوامی بە زیندانی ئێمراڵی دەدەن، لەبەر ئەوەی دەوڵەتانی سەردەست و سیستەمی سەرمایەداری درێژە بە جەنگ دەدەن. بۆ ئەوەی چەکەکانیان ساغ بکەنەوە، بۆیە درێژە بە پاراستنی دەسەڵاتە نادیموکراتیەکەیان دەدەن، هەموو ئەو شتانەش بە زیندانیکردن و گۆشەگیرکردنی ڕێبەر ئۆجالاندا تێپەر دەبێت."

لە کۆتای قسەکانیدا شۆرش خدر وتی:" ئەشکەنجە و گۆشەگیری کە لە بەرامبەر ڕێبەر ئۆجالان بەرێوە دەچێت بە واتای بێ ئومێدکردنی نەتەوەیەک دێت، بۆیە دەبێت ئێمە وەک گەلی کورد، هەموو گەلانی ئازادیخواز و دیموکراتیک، درێژە بە چالاکیەکانمان بدەین تا ڕێبەر ئۆجالان ئازاد دەکەین، چونکە خاونداریکردنی لە رێبەر ئۆجالان خاوەنداریکردنە لە نەتەوەیەک و  ئازادی و  مرۆڤایەتی."

ف.ق