شەش گۆڕی بەکۆمەڵ لە سنووری شەنگال هەڵدەدرێنەوە

شەش گۆڕی بەکۆمەڵ لە سنووری شەنگال هەڵدەدرێنەوە، کە بەوتەی شاهیدحاڵان نزیکەی ١٠٠ کەس لەو گۆڕانەدا لەلایەن چەتەکانی داعشەوە کۆمەڵکوژ کراون.

ئەمڕۆ تیمەکانی وەزارەتی شەهیدانی عێراق لە گوندی قنێ-ی سەر بە شارۆچکەی شەنگال دەست بە هەڵدانەوەی شەش گۆڕی بەکۆمەڵی سەردەمی چەتەکانی داعش کرا، کە پێشبینی دەکرێت زیاتر لە ١٠٠ ڕووفاتی تێدا هەبێت.

هەڵدانەوەی گۆڕەکان بە ئامادەبوونی کەسوکاری شەهیدانی فەرمانی ٢٠١٤ی ئێزدییەکان دەستیپێکرد، هاوکات شاندێکی دامودەزگاکانی خۆبەڕێوەبەریی شەنگالیش بەشدارن لە مەراسیمەکەدا.
 

بڕیارە پاش دەرهێنانیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان، سەرجەم ڕووفاتەکان ببرێن بۆ پزیشکی دادی بەغدا و پشکنینی دی ئێن ئەی-یان بۆ ئەنجامبدرێت.

تائێستا ٨٧ گۆڕی بەکۆمەڵی سەردەمی چەتەکانی داعش لە شەنگال و دەوروبەری دەستنیشان کراون و ٣٤ گۆڕیان هەڵدراونەتەوە، بە هەڵدانەوەی ئەم گۆڕانەش دەبێتە ٤٠ گۆڕی بەکۆمەڵ کە لەساڵی ٢٠١٦ بەدواوە دەست بە هەڵدرانەوەیان کرابێت.

ف.ق