سەربازانی تورک هێرشیان کرد و جوتیارەکانیش پاشەکشەیان نەکرد

بەرخودانی جوتیاران لە دژی بڕینی کارەبا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە تاوەکو دێت بەرفراوان دەبێت. سەربازانی تورک بە بۆمبی گازی و فرمێسکڕێژ هێرشیان کردە سەر جوتیاران.

جوتیاران لە چۆبان دەڕەسیی ناوچەى خەلفەتیی پارێزگای رحا لە دژی بڕینی کارە لەلایەن کۆمپانیای دابەشکردنی کارەباری دیجلە (دەداش / DEDAŞ)ەوە بە تراکتۆر و ئۆتۆمبێلەکانیان رێگای شاری رحا – مێردینیان داخست.

 جوتیارەکان ئەم بەیانییە کۆبوونەوە و رایانگەیاند، بەهۆی بڕینی کارەباوە بەربوومە کشتوکاڵییەکانیان وشکیان کردووە و زیانیان پێگەیشتووە.

بەهۆی چالاکیی داخستنی رێگای نێوان شارەکانی رحا – مێردین کاروانێکی دوور و درێژ لە ئۆتۆمبێل لەسەر رێگاکەدا راوەستێنراون.

 دەوڵەتی تورک ژمارەیەکی زۆر سەربازی رەوانەى ناوچەکە کرد و دەوری جوتیارەکانیان گەمارۆدا، بەڵام جوتیارەکان پاشەکشەیان نەکرد و سەربازەکان دەستیانکرد بە هەڵدانی بۆمبی گازی و فرمێسکڕێژ بۆ سەر جوتیارەکان. بۆمبە گازییەکان کاریگەرییان لەسەر زۆرێک لە جوتیارەکان دروستکردووە، بەڵام جوتیارەکان بەردەوامن لە چالاکییەکەیان.

لە دژی بڕینی کارە لەلایەن کۆمپانیای دابەشکردنی کارەباری دیجلە (دەداش / DEDAŞ)  ماوەیەک لەو پێشیش جوتیارەکان لە سێوەرەگ، حیلوان و وێرانشاری پارێزگای رحا چالاکیی ناڕەزایەتییان ئەنجامدابوو.

ژ.ت