سەرکەوتنی دەم پارتی لە چەند شارێک پیرۆزکرا

بەهۆی سەرکەوتنی دەم پارتی لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکان، لە چەند شارێک ئاهەنگی سەرکەوتن سازدرا.

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو شارانەی لە هەڵبژاردنەکانی دوێنێدا تێیدا سەرکەوت، ئاهەنگی سەرکەوتنی دەست پێ کرد، بەم بۆنەیەوە لە شارەکانی ئاگری و سێرت و موش و ئەرزەڕۆم سەرکەوتنەکان پیرۆزکران.

لە ئاگری هاوسەرۆکانی شارەوانی محەمەد ئاکوش و هەزەل ئاراس قسەیان کرد، ڕایانگەیاند گەل مێژووییەکی نوێی نوسییەوە و وەڵامی پێویستی نەیارانی دایەوە.

لە ئاهەنگەکەی سێرت درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "ژن، ژیان، ئازادی" و "بژی بەرخۆدانی زیندان" بەرزکرایەوە، پاشان هاوسەرۆکانی دەم پارتی لە سێرت سوپاسی گەلیان کرد. لە ئاهەنگەکەدا پەرلەمانتاری دەم پارتی سەباحەت ساریتاش ئەردۆگان تیشکی خستەسەر چالاکی مانگرتن لە خواردن و گوتی: "هێزی ئێوە گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان دەشکێنێت. ئێمە جۆش و هێزی سێرت دەکەینە دیاری بۆ ٤ ی نیسان".

لە ئاهەنگەکەی ناوچەی ملازگر لە موش، هاوسەرۆکانی شارەوانی گوڵستان ئۆزەل و ئەحمەد کەنعان تورکەر ئەم سەرکەوتنەیان وەک "ئیرادە و سەرکەوتنی گەل" پێناسە کرد.

لە ئاهەنگەکەی ئەرزەڕۆم، هاوسەرۆکانی شارەوانی بەهار گۆکسو و فواد توتکون ڕایانگەیاند سەرەڕای هەموو فشار و زۆردارییەک سەرکەوتین.