سەید ئەڤران و "ڕازی شاخ"

کتێبی "ڕازی شاخ" لە نووسینی سەید ئەڤران بە سەرەنج خستنەسەر ژیانی ڕۆژانە و ڕۆحی تێکۆشەرانەی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان، وێنەیەکی سەرنجڕاکێشە لە تێکۆشان و ڕۆحی پێکەوە بوون دەخاتە ڕوو.

ڕازی شاخ

کاتێک سەید ئەڤران بڕیاری دا لە ساڵی ٢٠٠٦ دەست بە گەشتی دەروونی خۆی بکات، وەک ئەوەی ئاگرێک لە دڵیدا بێت ئەو ڕێگایەی گرتەبەر. ئەم ئاگرە هانی دا کە لە باوەشی سروشت ونبێت و بەدوای چیرۆکی نوێدا بگەڕێت لەگەڵ گڕی گەڕان لە ژیانی ئاساییدا تێپەڕی. گەورەیی چیاکان بوو بە هەنگاوێک بۆ دۆزینەوەی مانای ڕاستەقینەی ژیان. هەموو بەیانییەک بە سەرکێشییەکی نوێیەوە لە خەو هەڵدەستا، بوو بە بەشێک لەو خاکەی پێی لەسەر دانا و ئەو چیایانەی کە خۆشی دەویست. هەموو وردەکارییەکانی سروشت ڕۆحی تێکۆشانی گەریلاکانی ئازادی کوردستانی پەروەردە کرد و بیروبۆچوونەکانی سامان دەدا. ئەو بڕیارەی کە لە چاوی گەلەکەی بەدوای ئازادیدا دەگەڕا دەیبینی و وەک تۆوی یادەوەریەکانی بە قەڵەمەکەی چاندی.

گەشتی دەروونی سەید ئەڤران

ئەو ڕۆژانەی کە تەمەنێک لە چیا ئازادەکاندا بەسەر بردبوو، سەرکەوتنەکان، گفتوگۆی شەوانە لە تەنیشت ئاگرەکانەوە، هیوا هاوبەشەکان، هەمووی یەک بە یەک لە مێشکیدا خوڵقا. قەڵەمەکەی دەستی وەک چەک بەکاردەهێنا، دەستی کرد بە نووسینی ڕاستییە دڕندەکانی جەنگ و ساتە خۆشەکانی پێکەوەبوون. هەر یەکێک لە بیرەوەرییەکانی تەنها چیرۆکی خۆی نییە. بەڵکوو چیرۆکی گەریلا وەک پارێزوانی گەڵێک و هێزی سروشت لە قەڵەمەکەیەوە دەهاتە سەر کاغەز. ئەو بیری لە هەموو ئەو ساتانەی کە ئەزموونی کردبوو دەکردەوە لە ڕیتمی هەناسەبڕکێی جەنگ و بێدەنگی سروشتدا، لە هەوڵی دۆزینەوەی خۆیدا بوو.

ئەو یاداشتەکانی خۆی وەک چاودێرێک و چیرۆکبێژێک بەو هەستەی کە لە هەموو ساتەکاندا ئەزموونی دەکرد دەنووسیەوە،. لەگەڵ هەر وشەیەکدا، هەم ڕوخساری دڕندەی جەنگ و هەم قووڵایی ڕۆحی گەریلا ڕەنگی دەدایەوە. ئەو خۆی لە یادەوەریەکانیدا دەبینی، هەندێک جار وەک گوڵ دەپشکوێ، هەندێک جار لە پشت هەورێک ون دەبێت، و هەندێک جار لە بەرامبەر ئازارەکاندا بەرخۆدانی دەکرد.

سەید ئەڤران لە کتێبی "رازی شاخ"دا دەڵێ: "زۆر لە پەیامنێرەکانی پێش من بەم شاخانەدا تێپەڕیون، بەم کوێرەڕێگا شاخاویانە و بە قوڵایی ئەو دۆڵانەدا تێپەڕیون کە چیاکان سێبەریان بەسەردا کردووە. من تەنها شوێنکەوتوویەک بووم کە بە شوێن پێی ئەواندا دەڕۆیشتم. منیش لەم ڕێگا شاخاویانەدا بە ڕێبازی باپیرمدا دەڕۆیشتم. ئەوان؛ بە تفەنگی سەر شان و جانتای پشتەوەی پڕ لە هیوا و کتێب بە دەست و عەشق و ئازادی لە دڵدا لەم کوێرە رێگا شاخاویانەدا دەڕۆیشتن. غوربات ئەللی ئارسۆز، محەممەد شەنول، نالان ئالیچی، ئەنوەر پۆلات، بێهزاد ئەرسەلان، ئەرەن پۆلات، عادل دەنک، هاتیج دەمیر، گۆلستان یاڵچین، خەلیل داغ (ئۆیسال)، مەزلوم ئەرەنجی وزۆر کەسیتر لە هەر ساتێکدا ئامادە بوون گیانی خۆیان بەخت بکەن، شەقام بە شەقام گەڕان و لە دەرگاکانیان دەدا. ئەمانە یەک بە یەک ئازادییان دابەش دەکرد. بەڵێ زۆرکەس پێش من ئەم ڕێگانەیان تێپەڕاندووە. کەواتە ئەوەی من ویستم بیکەم لە ڕاستیدا ئەو کارە ناتەواوانەی ئەوانە تەواوی بکەم". بەم هەست و بیرکردنەوەو، وەک پەیامنێرێکی شەڕەکان سەردانی هەر شوێنێکی گەریلاکانی دەکرد و لە ساڵی ٢٠٠٦دا بیرەوەرییەکانی گەریلایەتی خۆی نووسیەوە.

گەشتێک بۆ جیهانی ناوەوەی گەریلا

کتێبی "ڕازی شاخ" لە نووسینی سەید ئەڤران بەرهەمێکە کە بە قووڵی باس لە ژیانی گەریلا و ئەزموونی ڕۆژانەی هەڤاڵانی گەریلا دەکات. لە زۆر لایەنی گەریلادا، هەر لە شێوازە سەرەتاییەکانی ژیانەوە تا دەگاتە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، نەک تەنیا لەسەر ناسنامەی تێكۆشەرێک گرنگی دەدا، بەڵکو گرنگیی بە سۆز و هاودەنگیی مرۆڤیش دەدات. جگە لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی گەریلا وەک خواردن و چا و خەو، بە پیاسەکردن و چالاکییەکانی ڕۆژانەیانەوە هاوڕێیەتی و ڕۆحی پێکەوە بوونیان ئاشکرا دەکات. بە تێگەیشتن و ئەدەبیاتی قووڵیەوە خوێنەر لە جیهانی گەریلا نزیک دەکاتەوە. زمان و شێوازی گێڕانەوەی کتێبەکە زۆر سەرەنج ڕاکێشە. هەرچەندە بە زمانێکی سادە نووسراوە، بەڵام بە شێوەیەکی کاریگەر ڕووداو و پێشهاتەکان وەک خۆی لە ژیانی ڕاستیەوە دەگەیەنێتە خوێنەر. ئەو تەنها خوێنەر لەگەڵ جوانی سروشتی ئاشنا ناکات. بەڵکوو چیرۆکی بەرخۆدانی پشت ئەم جوانیانەش ئاشکرا دەکات و وات لێدەکات وەک خۆی لەڕاستیەکانی شاخ و گەریلا تێبگەیت.

میراتی سەید ئەڤران

ئەڤران لە ٢٢ی ئەیلولی ٢٠٢٣ بە هۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کرد، هەرچەندە ساڵێک بەسەر کۆچی ئەودا تێپەڕیوە، بەڵام دەنگی سەید ئەڤران هێشتا لە گوێماندا ماوەتەوە. ئیرادەی ئەو لە دڵماندا دەنگ دەداتەوە. تا ئێستاش بەو میرات و یادگاریانەی کە لە دوای خۆی بەجێی هێشتووە و ئیرادەی تێکۆشانی و "ڕازی شاخ" کە لە یادەوەرییەکانیەوە کۆکراوەتەوە، بۆ هەمیشە لەیادەوەرییەکاندا دەمێنێتەوە. قەڵەمەکەی ئەڤران پڕاوپڕ لە چیرۆکی قارەمانانە بوو کە لە قووڵایی یادەوەرییەکانی گەریلادا دەنگی دەدایەوە. ئەڤران زیاتر لە کتێبێک، ڕەنگدانەوەی باوەڕێک، تێکۆشانێک و ڕۆحێک بوو. لە کاتی نووسینی ئەم چیرۆکانەدا، کە بە قووڵی گرێدراو بوو پێیانەوە، بەئاواتی دروستکردنی داستانێک بوو کە نهێنییەکانی شاخ، عەشق و ئازادی و جەوهەری بەرخۆدان پێناسە بکات. بەڵام پێش ئەوەی ئەم خەونەی بەئەنجام بگەیەنێت، لە ژیان بەجێی هێشتین. هەڤاڵانی بە بڵاوکردنەوەی کتێبی "رازی شاخ" بە نووسینی سەید ئەڤران، میراتەکەیان بۆ هەمیشە بە زیندوویی هێشتەوە. هەر لاپەڕەیەکی ئەم کتێبە هاوار دەکات کە هێشتا ڕۆحی سەید ئەڤران لای ئێمەیە و ئارمان و خەونەکانی لەلایەن هەڤاڵەکانیەوە بە زیندوویی دەمێننەوە.