لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز، تارا حسێن، هاوسەرۆکی گشتیی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، بانگەوازیی لە گەل دەکات، لە ٢٠ و ٢١ـی ئەم مانگەدا بەشداریی لە پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆزی بناری قەندیل بکەن.
لەسەرەتای بانگەوازییەکەیدا، تارا حسێن، وتی: لە نەورۆزی ڕابردوو بۆ نەورۆزی ئەمساڵ گەلی کورد کۆمەڵێک قۆناغی هەستیاری تێپەڕاند، تێکۆشان و دەستکەوتی مەزن هەبوون، لە هەمان کاتدا قوربانی گەورە درا، نەورۆزی ئەمساڵ دەکەوێتە ناو مانگی پیرۆزی ڕەمەزانەوە، بۆیە بانگەوازییمان بۆ هاوڵاتییانی باشوور و پارچەکانی دیکەی کوردستان و کوردانی دەرەوەی وڵات، ئەوەیە نەورۆزی ئەمساڵ لە قەندیلی سەربەرزەوە پیرۆز بکەن.
باسی لە گرنگی بەشداربوون لە نەورۆزی بناری قەندیل کرد و وتی: واتای خۆی هەیە، نابێت هیچ شتێک ببێت بە بەربەست لەبەردەم لاواز دەربازبوونی ئەم نەورۆزە، ئامادەکاریی بۆ بەربانگی ڕۆژی ٢٠ـی مانگ کراوە، هەروەها شەوەکەشی ئاهەنگی تایبەت بەرێووەدەچێت.
تارا حسێن هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە کۆتاییدا وتی: "مێژوویەکی دوور و درێژە گەلی کورد وەک گەلانی دیکەی ناوچەکە، نەورۆز بە جەژنی خۆی دەزانێت و پیرۆزی دەکات، زۆرجار قوربانی گەورەش دراوە لەو کاتەدانەدا، بەڵام هیچ یەکێک لەو کۆمەڵکوژیی و قوربانییانە نەیانتوانییووە ببنە بەربەست لەبەردەم پیرۆزکردنییدا، چونکە لە کۆتاییدا قوربانییەکانمان بۆ پاراستنی هەبوونمانە".
هـ . ب