تەرمی سێ گەریلا کە لە بۆتان شەهیدبوون، رادەستی بنەماڵەکانیان کرایەوە

تەرمی سێ گەریلا کە لە هەرێمی هەرەکۆلی سێرت لە بۆردومانی داگیرکەراندا شەهیدبوون رادەستی بنەماڵەکانیان کرایەوە.

لە هەرێمی هەرەکۆلی ناوچەی بەرواری سێرت لە ٢٥ی تەمووزدا لە ئەنجامی شەڕ و بۆردوماندا گەریلاکانی یەژاستار سەمرا ئایڤەردی (بەندا ئامەد) و بیشەنگ دورموش (دەستینا بۆتان) و گەریلا هەپەگە سەعیدخان سەنجەر (باران خەملین) شەهیدبوون.

تەرمەکان لە بەشی توێکاری نەخۆشخانەی فێرکاری سێرت دانرابوون و توانرابوو بناسرێنەوە. بنەماڵەکان لە ٣٠ تەمووزدا نمونەی خوێنیان رادەست کردبوو. دواتر تەرمەکان رادەستی بنەماڵەکان کرایەوە.

زانرا کە تەرمی ئایڤەردی لە ناوچەی بسملی ئامەد، تەرمی بیشەنگ دورموش لە ناوچەی سلۆپیی شڕنەخ و تەرمی سەعیدخان سەنجەر لە وان بەخاکدەسپێردرێن.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە ٣١ی تەمووز لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندبوو: "فیدایانی ئازادیی گەلی کورد هاوڕێیانمان بەندا ئامەد، دەستینا بۆتان و باران خەملین ٢٥ی تەمووزی ٢٠٢٤ لە گۆڕەپانی کاتۆ خەلیلی بۆتان لە ئەنجامی هێرشی دوژمندا شەهیدبوون".