تەڤگەری ئازادی سەرکەوتنەکانی دەم پارتی پیرۆزکرد

دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی کوردستان پەیوەست بە سەرکەوتنەکانی دەم پارتی لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکاندا پیرۆزکرد و وتی: "ئەو کاتەی گەل دەبێت بەیەک و خۆی بە ڕێکخستن دەکات، بێگومان سەرکەووتن مسۆگەر دەبێت."

سەرکەوتنی دەم پارتی

دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی کوردستان پەیوەست بە سەرکەوتنەکانی دەم پارتی لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی لە باکوری کوردستان و تورکیا پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە.

لە پەیامەکەدا هاتووە: "سەرکەوتنی ئیرادەیی ئاشتیانە و دیموکراتیکی گەلەکەمان لە باکوری کوردستان پێرزبێت، سەرکەوتنی دەم پارتی لە هەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئادار لە باکوری کوردستان و تورکیا لە تەواوی گەلی خەباتکەر و بەربژێرە سەرکەوتووەکان پرۆسەی دیموکراتیکی پیرۆز دەکەین.

دەرنجامەکانی هەڵبژاردن بۆ گەلی کورد تەنها بۆ دەستکەوتی خزمەتگوزاری و بەڕێوەبەری نیە، بەڵکو لە هەمانکاتدا سەرکەوتنێکی مەزنی سیاسیە کە بووە هۆکاری شکاندی ڕۆحی نەتەپەرەستی و فاشیزم.

لە ڕاستییدا ئەم سەرکەوتنەی گەلی کورد، تەواوکەری تێکۆشانی گەریلا و خەباتی ھاوبەشی گەل و ئازادییخوازانە بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، دەستپێک و ھەنگاوێکی گەورە دەبێت بۆ سەرکەوتنی بزوتنەوەی ئازادییخوازیی گەلی کورد، لەم قۆناغەدا.

دەبێت گەلەکەمان لە باشووری کوردستان، لەم سەرکەوتنە ئەزموون و ھێز وەربگرێت، باوەڕی بە ئیرادە و ھێزی خۆی ھەبێت بۆ سەرکەوتن بەسەر داگیرکاریی و دەسەڵاتدارانی وابەسەتە و بەرژەوەندییخواز، ئەگەر گەل یەک بێت و خۆی بەرێکخستن بکات، گومانی تێدا نابێت سەرکەوتن مسۆگەر دەبێت."