" تورکیا بۆ بەهێزکردنی ئابورییەکەى سوودی لە داعش وەرگرتووە"

شێرزاد سەمەد چاودێری سیاسی و شارەزای بواری سەربازی هۆشداری دەدات و دەلێت: " ئەگەر بۆشایی ئەمنی بەردەوام بێت لەناوچە چێناکۆکەکان ئەوە گروپە تیرۆرستیەکان تەشەنە دەکەن".

سەرەڕای ئەوەی کە  لە کانوونی دووەمی ٢٠١٧وە حەیدەری عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی عێراق ڕایگەیاند كە داعشیان تێك شكاندووە، بەڵام هێشتا شانە نهێنییەكانی داعش لە عیراق بەگشتی و لە ناوچە کوردستانییەکانییەکانی دەروەی هەرێم بەتایبەتی بەردەوامن لە چالاکی، جموجۆڵی داعش لە هێرشی لەناکاو، هەڵکوتانە سەر خەڵک و جووتیاران و وەرگرتنی سەرانە دەگرێتەوە، زیادبوونی هێرشەکانیش هۆکارەکەی بۆ بوونی بۆشایی ئەمنییە لە ناوچە جێناکۆکەکان  لە چوار ساڵ و نیودا، داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان(ناوچە جێناکۆکەکان)  نزیکەی ٥ هەزار هێرشی ئەنجامداوە.

بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاوکراونەتەوە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لەوکاتەوەی داعش خەلافەتەکەی ڕووخاوە، هێرشەكانی نەوەستاون، هێرشەکانی داعش بە زیاتر لە ٤ هەزار و ٨٠٠ هێرش دادەنرێت، زۆربەشیان لە کەرکوک و دیالە و سەڵاحەدینن.

لەلایەن گروپی ناودەسەڵاتی مەیدانی سیاسیەوە پاڵپشتی دەکرێن

سەبارەت بەهۆکاری سەرهەڵدانی بەردەوامی گروپە چەکدارە توندڕەوەکان لە عێراقی دوای ڕوخانی رژێمی بەعس، شێرزاد سەمەد چاودێری سیاسی و شارەزای بواری سەربازی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دوا و ووتی: " سەرەتای سەرهەڵدانی گروپی تیرۆرستی داعش دەگەڕێتەوە بۆ ناسەقامگیری ناوچەکە بەتایبەتی لەسوریا و عێراق، بەردەوام کاتێک دۆخی ووڵات بەرەو ناتەبەیی و دروستبوونی ململانیەی سیاسی و نەتەوەیی و تایفی دەڕوات گروپە چەکدارەکان سەرهەڵدەدەن، بە بۆچوونی من ئەم گروپە چەکدارانەی کە بەردەوام سەرهەڵدەدەن لە عێڕاق، لەلایەن گروپی ناودەسەڵاتی مەیدانی سیاسیەوە پاڵپشتی دەکرێن."

ئاماژەیەکی ترسناکە بۆ داهاتووی گشت عێراق

سەبارەت بەزیادبوونی چالاکییەکانی داعش لەماوەی ڕابردوودا، ئەو چاودێری سیاسی و شارەزای بواری سەربازییە، ووتی: " لەماوەی ڕابردوودا بەهاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی توانرا جموجۆلەکانی چەکدارانی داعش کۆنترۆڵ کرا، بەڵام پاش کشانەوەی بەشێکی زۆری هێزەکانی هاوپەیمان، چەکدارانی داعش لەڕێگەی گروپی بچوک دەستیان بەشەری پارتیزانی کردەوە، لەناو نەچوونی ئەم هێزە تیرۆرستیە ئاماژەیەکی ترسناکە بۆ داهاتووی گشت عێراق، پێویستە سەرجەم سەرکردە سیاسیەکان بیر لەوە بکەنەوە کە هەرکاتێک ئەگەر کێشەکانی نێوخۆی ووڵات چارەسەر نەکەن ئەوەی ئەڵتەرناتیفی کێشەکان، تەشەنە سەندنی گروپە تیرۆرستیەکانە."

هەمان سیناریۆی ئەفغانستان لە عێراق دووبارە دەبێتەوە

هەروەها لەئەگەری بەردەوام بوونی دۆخی عێراق بەم جۆرە و مەترسییەکانی سەری، شیرزاد سەمەد چاودێری سیاسی و شارەزای بواری سەربازی، هۆشداریدا و ووتی: " پێویستە عێراق سوود لە ئەزمونی ئەفغانستان وەربگرێت، بەچاو خۆمان بینیمان کە لەئەنجامی حکومڕانی و دەسەڵاتێکی خراپ و گەندەڵ، دەتوانین بلین کە گەندەڵی لە عێراق هاوشێوەی گەندەڵیەکانی ئەفغانستانە، بۆیە بەپی پێشبینیەکانی چاودیرانی سیاسی پسپۆڕانی سەربازی ئەوەیە کە ئەگەر دۆخی عێراق بەرەو چارەسەرێکی باش هەنگاونەنێت و حوکمڕانیەکی باش دروست نەکرێ لەم ووڵاتەدا و هێزە سیاسیەکان ڕێکنەکەون ئەوە هەمان سیناریۆی ئەفغانستان لە عێراق دووبارە دەبێتەوە، لەئیستادا بەشێکی میلیشا چەکدارەکانی گۆڕەپانی عێراق دان بەئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە دانانین کە ئەنجامدراوە و ئەمەش مەترسی ڕوودانی ڕووبەرووبوونەوەی سەربازی لێ دەکەوێتەوە."

ئەو گروپە تیرۆرستانە تەشەنە دەکات

سەبارەت بەزیادبوونی چالاکییەکانی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش لەناوچە جێناکۆکەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، ئەو شارەزای بواری سەربازییە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "لەئیستادا لەناوچە جێناکۆکەکاندا بۆشایی ئەمنی زۆر هەیە ئەمەش لە ئەنجامی نەبوونی هەماهەنگیەکی بەهێز و پتەو لەنیوان هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و هێزە عێراقییەکان، ئەگەر ئەم دۆخە چارەسەر نەبیت هەنگاو نەنرێت بۆ ڕێککەوتنی سیاسی، ئەوە مەترسی ئەو گروپە تیرۆرستانە تەشەنە دەکات."

تورکیا سوودی لە داعش وەرگرتووە بۆ بەهێزکردنی ئابوری تورکیا

 سەبارەت بە پەیوەندی تورکیا لەگەڵ گروپی تیرۆرستی داعش، ئەو چاودێرە ووتی: " زۆر ئاشکرایە کە تورکیا پاڵپشتی یەکەمەی داعشە و تا ئیستا پشتیوانیەکانی بۆ داعش بەردەوامە، تورکیا سوودی لە داعش وەرگرتووە بۆ بەهێزکردنی ئابوری تورکیا بە حکومی ئەوەی ڕێکخراوی داعش لە سوریا ٩ کێڵگەی نەوتی گەورەی لەژێر دەستدا بوو و لە عێراقیش چەندین کێڵگەی نەوتی لەژێر دەستی داعش بوو کە تەنها سوودمەندی ئەم نەوتە تورکیا بوو."

پارتێکی سیاسی کوردیش سوود مەندبووە لەو بارودۆخە ناجیگیرەی داعش خوڵقاندویەتی

لەکۆتایدا شێرزاد سەمەد چاودێری سیاسی و شارەزای بواری سەربازی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: " لە مڵملانیە ساسیەکانی ناوچەکە ڕوون بوو کە دەوڵەتی قەتەر و تورکیا لەلایەنی دارایی و لایەنەکانی دیکەدا  پاڵپشتی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعشیان کردووە، هەندێک لەلایەنی عەرەبە سونەکان و پارتێکی سیاسی کوردیش تا ڕادەیەک سوود مەندبوونە لەو بارودۆخە سیاسی و ئابوریە ناجیگیرەی بەهۆی داعش لەناوچەکەدا دروستبووە."

ژ.ت