"دەوڵەتی تورک هێرش دەکات و حکومەتی هەرێمیش گەمارۆ دەخاتە سەر کامپی مەخمور"

چاودێرێکی سیاسی دەڵێت: " ئەو هێرشەی تورکیا بۆسەر کامپی پەنابەرانی مەخمور ئەنجامیدا کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی پەنابەری سڤیلە".

كەمپی مەخمور، كەمپێكە خەلكەكەی ماڵ وگوندەكانیان سووتێنراوە و ل ەترسی تیرۆری توركیا باکوری کوردستانیان جێهێشتووە، كەمپێكە لەژێر سەرپەرشتی نەتەوەیەكگرتوەكاندایە و بەپێی یاسای نێودەولەتی ئەركی پاراستنیان لە ئەستۆی نەتەوە یەكگرتووەكاندایە، هەروەها ئەو كەمپە لەچوارچێوەی دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریدایە، كە دەوڵەتی عێراقە، ئەمە جگە لەوەی،  لەرووی نەتەوەییەوە كوردن وئەركی پاراستن و یارمەتیدانیان دەكەویتە ئەستۆی حكومەتی هەرێم وخەڵكی كوردستان.

شەوی چوارشەممە فڕۆکە جەنگییەکانی تورک زیاتر لە ٢٠ جار بۆردومانی ناوچەکانی شەنگال و مەخموریان لە هەرێمی کوردستان و چەند جارێکیش بۆردومانی ناوچەی دێرکی رۆژئاوای کوردستانیان کرد، ئەو هێرشەی تورکیا کە بۆسەر کەمپی مەخمور و شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان  ئەنجامدرا و بە گەورەتین هێرشی تورکیا بۆسەر ئەو ناوچانە دادەنرێت چونکە هاوکات زیاتر لە ٢٠ هێرشی ئەنجامداوە.

جێگای باسە فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی جەوهەریی کامپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی (کامپی مەخمور) لەبارەی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کامپی پەنابەرانی مەخمور لە کاتژمێر ٢٢:٠٠ی شەوی چوارشەممە رایگەیاند، لە بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا ٢ ئەندامی هێزەکانیان شەهید بوون و دەیان هاووڵاتیی تریش بریندار بوون.

 هەروەها ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (قەسەدە) پەیوەست بە هێرشی ئاسمانی شەوی چوارشەممەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر دێرک راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە، کە بەپی ڕاگەیاندراوەکە لە ئەنجامی هێرشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر دێرک چوار شەڕڤانیان شەهیدبوون و پێنج کرێکاریش برینداربوون.

لەلای خۆیەوە فەرماندەیی یەبەشە رایگەیاند، کە لە بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا لە شەنگال سێ مەدەنی کە کاری بیرهەڵکەندنیان دەکرد شەهیدبوون و یەکێکیش بریندار بووە، هەروەها یەبەشە ئاماژەی بەوەشکرد، کە وێڕای بوردۆمانێکی سەخت هیچ زیانێک بەر هێزەکانیان نەکەوتووە.

سەبارەت بەو هێرشانەی دەوڵەتی فاشستی تورک بۆسەر چەند ناوچەیەکی باشور و رۆژائاوای کوردستان و بەئامانج کردنی هاووڵاتیانی سڤیل، محەمەد نەسرەدین چاودێری سیاسی و سیاسەتمەداری دیاری شاری کەرکوک، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا و باسی لەچەند پرسێک کرد و ئاماژەی بەوەش کرد کە " هەندێک لایەنی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رێخۆشکەر و پاڵپشتی هەڵوێست و کردارە تیرۆرستیەکانی تورکیان".

سەبارەت بەو هێرشانەی کە کرایە سەر کامپی پەنابەرانی مەخمور و قەزای شەنگال و هەروەها هێرشکرایە سەر رۆژئاوای کوردستانیش، محەمەد نەسەدین وتی: "هێرشەکانی دەوڵەتی فاشستی تورک بەڵگەیەکی سەلمێنەرە لەسەر ئەوەی کە تورکیا دژایەتی خەباتی کورد دەکات لە تەواوی پارچەکانی کوردستان و ئەو هێرشانەی دەوڵەتی فاشتی تورکیا بەڵگەن لەسەر ئەوەی دەوڵەتی تورکیا رێز لەیاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان ناگریت و رێز لەسەروەری وڵاتانی دراوسێ ناگرێت و دەست ناپارێزێت لە کۆمەڵکوژی کردنی خەڵکی سڤیل و بێ تاوان."

تورکیا دەستی هەبووە لە هەڵهاتنی زیندانانی داعش لە زیندانی غوێران

هەروەها سەبارەت بە رۆڵی تورکیا لە هێرشەکردنە سەر زیندانی غوێران لە پارێزگای حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان، محەمەد نەسرەدین چاودێری سیاسی، وتی : "ئەو ڕووداوانەی هەفتەی ڕابردوو لە زیندانی غوێران لە رۆژائاوای کوردستان ڕوویدا بەڵگەیەکی سەلمێنەرە کە تورکیا دەستی هەبووە لە هەڵهاتنی زیندانیانی داعش لە زیندانی غوێران لە رۆژائاوای کوردستان، ئەم دەستێوەردان و هێرشانە لە چوارچێوەی پلانگێرییکی نێودەوڵەتی ڕوودەدات دژ بە گەلی کورد، بۆ ڕووبەروونەوەی ئەم پیلانگێڕیانە پێویستمان بە یەکریزییەکی کوردی هەیە و دەبێت تەواوی هێزەکانی چوارپارچەی کوردستان لە پلانی گڵاوی تورکیا دژ بە کورد تێبگەن.

تورکیا سەلماندوویەتی کە دوژمنێکی سەرسەختی کوردە

هەروەها سەبارەت بە دژایەتی و هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ سەر گەلی کورد، ئەو چاودێرە سیاسیە وتی: "پێویستە هیچ لایەنێکی کوردی تورکیا وەکو فریادڕەسی خۆی نەزانێت چونکە تورکیا دژایەتی خۆی بۆ کورد سەلماندووە، تورکیا رۆژانە دەسەلمێنێت بە هێڕشە تیرۆرستیەکانی و بەدژایەتی کورد لەهەر چوارپارچەی کوردستان کە ئەو دوژمنێکی سەرسەختی کوردە لەهەر چوارپارچەی کوردستان، دوژمنی ڕاستەقینەی دۆزی ڕەوای کورد دەوڵەتی تورکیای فاشیست و ئەردۆغانە."

دوژنی ڕاستەقینەی داوا ڕەواکانی گەلی کورد تورکیا و ئەردۆغانە

هەروەها ئەو چاودێری سیاسیە ئاماژەی بەوەشکرد : " لە ئیستادا لایەنی سایسی هەرێمی کوردستان هەیە سەردانی تورکیا دەکەن چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەردۆغان ئەنجام دەدەن، بەڵام لەوێ پیان دەوترێت لایەنی باکوری عێراق نەک هەرێمی کوردستان، پێویستە هەموو لایەنە سیاسیەکان تێبگەن کە دوژنی ڕاستەقینەی داوا ڕەواکانی گەلی کورد دەوڵەتی فاشستی تورکیا و ئەردۆغانە."

لە رێگەی هێرش کردن بۆسەر کامپی مەخمور، تورکیا کۆمەلکوژی دژی خەڵکی سڤیل ئەنجام دەدات

سەبارەت بە هێڕشکردنە سەر کامپی مەخمور لەلایەن فرۆکەکانی دەوڵەتی فاشستی تورک، ئەو چاودێرە سیاسییە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ڕایگەیاند، " کامپی پەنابەرانی مەخمور کە بەپیی یاسا نێودەوڵەتیەکان لەژێر پاراستنی نەتەوەیەگرتووەکانە لەناو خاکی عێراق، بەزاندنی سنوری عێراق بۆ هێرش کردنە سەر کامپی پەنابەرانی مەخمور لەلایەن فرۆکەکانی دەوڵەتی فاشستی تورکیاوە، پێشێڵکردنی سەروەری خاکی عێراقە و رێزنەگرتنە لە یاسای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی پەنابەران بەحوکمی ئەوەی ئەو کامپە لەژێر چاودێری و پاراستنی نەتەوە یەکگرتووەکانە، هەروەها ئەو هێرشەی تورکیا بۆسەر کامپی پەنابەرانی مەخمور کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی پەنابەری سڤیلە."

حکومەتی عێراق لاوازە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بێ هەڵوێستە

سەبارەت بەبێ هەڵوێستی حکومەتی عێراق بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا و هاوکاریکردنی تورکیا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، محەمەد نەسڕەدین ئەوەی خستەڕوو، " ئەم هێرشانەی تورکیا ئەوەشی سەلماند کە حکومەتی عێراق حکومەتێکی لاوازە بۆیە دەوڵەتی تورکیا بەو شێوەیە دەتوانێت سنوری ببەزێنێت و هێرش ئەنجام بدات لەناو خاکی عێراق، و حکومەتی هەرێمی کوردساتنیش حکومەتێکی بێ هەڵوێستە، دەوڵەتی تورک هێرش دەکات و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش گەمارۆ دەخاتە سەر کامپی پەنابەرانی مەخمور."

هەندێک لایەنی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رێخۆشکەر و پاڵپشتی هەڵوێست و کردارە تیرۆرستیەکانی تورکیان

لەکۆتاییدا محەمەد نەسرەدین چاودێری سیاسی و سیاسەتمەداری دیاری شاری کەرکوک وتی: " ئەم هێرش و کردەوانەی تورکیا ئەوە دەسەلمێنێت کە تورکیا هیچ رێزێک لە سەروەری و بەهاکانی دەوڵەتی عێراق و بەها مرۆڤایەتییەکان ناگرێت، و ئەم هێڕشانە ئەوە دەسەلمێنێت کە هەندێک لایەن هەن لەناوخۆی هەرێمی کوردستان کە خۆیان بەدۆستی تورکیا دەزانن و لە هەندێک کردەوەشدا رێخۆشکەر و پاڵپشتی هەڵوێست و کردارە تیرۆرستیەکانی تورکیان."

ف.ق