تیرۆری ده‌وڵه‌ت: فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ ٩١ كه‌س ده‌رچوو

ده‌وڵه‌تی تورك له‌ ژێر ناوی ‘لێپرسینه‌وه‌ی كۆبانێ‘ ده‌ستی به‌ ده‌ستگیركردن كرد. له‌ ١٣ شار لانیكه‌م له‌باره‌ی ٩١ كه‌سه‌وه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن درا.

له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و لێپرسینه‌وه‌یه‌ی له‌لایه‌ن داواكاری گشتیی ئه‌نقه‌ره‌ ده‌ستیپێكراوه‌، له‌ ١٣ شار له‌ باره‌ی ٩١ كه‌سه‌وه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن دراوه‌. راگه‌یه‌نرا كه‌ ئه‌و ئۆپراسیۆن ده‌ستگیركردنه‌ له‌ ژێر ناوی "لێپیرسینه‌وه‌ی كۆبانێ" ده‌ستی پێكراوه‌ و تائێستا ٤٦ كه‌س ده‌ستگیركراون.

ئۆپراسیۆنی هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ماڵان له‌ شاره‌كانی وه‌ك ئامه‌د، رحا، ئیسته‌نبوڵ،ئه‌ده‌نه‌، مێرسین و زۆر شاری دیكه‌ به‌ڕێوه‌چووه‌. زانرا كه‌ هاوسه‌رۆكانی شاره‌وانی هه‌ده‌په‌شیان له‌ نێودا، زۆر كه‌س ده‌ستگیركراون.

ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌ستگیر كراون به‌م جۆره‌یه‌: هاوسه‌رۆكی پێشووی شاره‌وانی ئاكده‌نیز فازڵ تورك، كارمه‌ندانی پێشووی شاره‌وانی ئاكده‌نیز حه‌سه‌ن چات، سه‌لامی توران و ئولفیه‌ ئۆزجان، كارمه‌ندی شاره‌وانی گه‌وره‌ شاری ئامه‌د پارێزه‌ر مه‌تین كلاڤوز، ژمێریاری پێشووی هه‌ده‌په‌ زه‌كی چه‌لیك، به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌ده‌په‌ی ئه‌ده‌نه‌ موسته‌فا بیلگیچ، شه‌فیق ئۆزبه‌ی و نه‌جمه‌دین ئاسڵان.

داواكاری گشتیی كۆماری ئه‌نقه‌ره‌ په‌یوه‌ست به‌ لێپرسینه‌وه‌كه‌ راگه‌یه‌نراوێكی نوسراوی بڵاوكرده‌وه‌. به‌ پێی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ به‌ هۆی "له‌ رووداوه‌كانی كۆبانێدا یارمه‌تی داراییان پێشكه‌ش كردووه‌، یارمه‌تی داراییان داوه‌ته‌ بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی په‌كه‌كه‌ كه‌ ژیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و برینداربوون" ده‌ستگیركراون.

هـ . ب