وان، ئامەد، جولەمێرگ: دەبێت کوردی ببێتە زمانی فەرمی

لە چوارچێوەی ١٥ ی ئایار، ڕۆژی زمانی کوردی لە وان و ئامەد و جولەمێرگ چالاکی ئەنجامدرا، داواکرا زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمی و پەروەردە.

لە چوارچێوەی ١٥ ی ئایار، ڕۆژی زمانی کوردی، چالاکییەکان بەردەوامە. لە وان بە پێشەنگایەتی بەڕەوپێشبردنی کەلتوور و زمانی کوردی (KURDÎGEH) کە ٢٢ ڕێکخراو تێیدا کاردەکەن، ڕێپێوانیان ئەنجامدا و ڕاگەیاندراویان خوێندەوە.

لە چالاکییەکە ئەم داخوازییانە کران:

_ دەبێت لە دەستوور و یاسادا، دان بە زمانی کوردیدا بنرێت.

_دەبێت لە قوتابخانەوە تا زانکۆ، پەروەردە بە زمانی کوردی هەبێت.

_دەبێت هەموو قەدەغە و ئاستەنگەکانی بەردەم گەلی کورد هەڵبگیرێت، دەبێت لە هەموو شوێن و دامەزراوە فەرمیەکان و لەنێو کۆمەڵگە و ژیانی ڕۆژانەدا، ئازادانە زمانی کوردی بەکاربهێنرێت.

_ ئەو شوێنانەی ناویان گۆڕاوە بۆ تورکی، ناوە ڕاستەقینەکانیان بگەڕێنرێتەوە.

هەروەها لە چالاکییەکەدا تیشکخرایەسەر سیاسەتەکانی ئاسیمیلاسیۆن و گرنگی خاوەنداری لە زمانی کوردی.

بەشداربووان درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بژی زمانی کوردی"یان بەرزکردەوە.

جولەمێرگ

لە ناوچەی گەڤەری جولەمێرگ لەبەردەم بینای دەم پارتی ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە و هەمان داخوازی خرانەڕوو. هاوسەرۆکی دەم پارتی گەڤەر ئەرجان سەڤمەز ڕایگەیاند ملیۆنان منداڵی کورد بێبەشن لە خوێندن و پەروەردە بە زمانی دایکیان. جەختی کردەوە تا بەدەستهێنانی هەموو مافە ڕەواکانی گەلی کورد، تێدەکۆشن.

پەرلەمانتاری دەم پارتی جۆشکون پارلاک ڕایگەیاند سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن سەرنەکەوتووە، دووپاتی کردەوە، دەبێت هەنگاو بنرێت تاوەکو لە پرۆسەی نوێدا زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمی.

ئامەد

کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی زمان و کەلتووری میزۆپۆتامیا (مەد_دەر) لە گوندی جۆبینی ناوچەی خانا ئاخپاری ئامەد، بە بەشداری ژنان و منداڵان بەرنامەیەکی ڕێکخست. لە بەرنامەکەدا ئەلفوبێی کوردی فێری بەشداربووان کرا، نزیکەی ٢٥٠ منداڵ بەشداربوون و گۆرانی کوردی پێشکەش کرا. منداڵەکان و کەسوکاریان هەڵپەڕکێیان کرد.

پاشان کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ژنان ئەنجامدرا، تیشکخرایەسەر سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن و ئەو ڕێکارانەی دەبێت دژی ئەم سیاسەتانە بگیرێنەبەر. دواتر شارەوانی خانا ئاخپار و مەد_دەر کتێبی کوردییان پێشکەش بە منداڵان کرد.