پیرۆزباییەکانی شەوی نەورۆزی بناری قەندیل دەستی پێکرد

بە هەزاران کەس لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستانەوە ڕوویان لە بناری قەندیل کردووە بۆ بەشداربوون لە ئاهەنگی نەورۆزی سبەینێ لە قەندیل.

لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی نەورۆزدا؛ ئەمرۆش گەلان بەجۆش و خرۆشێکی زۆرەوە، وێڕایی بارینی بارانێکی زۆر، لە چاوەڕوانی نەورۆزی ٢٠٢٤دان. هەربۆیە لە هەموو لایەکی کوردستان و بەتایبەت لە باشووری کوردستانەوە. پێش ڕۆژێک لە گۆڕەپانی نەورۆز قەندیل ئامادەبوون.

ئامادەبووان سەڕەڕای دەربڕینی خۆشحاڵیان بانگەوازییان لە گەلی کورد و بە تایبەتی گەلی باشوور کرد کە ڕووبکەنە قەندیل و پێکەوە نەورۆز پیرۆز بکەن.

ماهر تونج گەنجێکی مەخموری خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و گوتی: "لە سەرەتادا بە ڕوحی مەزڵوم و زەکیان پیرۆزبایی نەورۆز لە ڕێبەر ئاپۆ و زیندانیانی سیاسی، گەریلاکانی ئازادی و شەڕڤانانی سەنگەرەکانی بەرخۆدان دەکەم".

هەروەها گەنجێکی تر بەناوی عەبیل غانم بە زمانی عەرەبی پیرۆزبایی نەورۆزی لە گەلان کرد و گوتیشی:" نەورۆز لە ڕێبەری گەلان عەبدوڵا ئۆجەلان و تەواوی گەلی کورد و هەموو ژنانی جیهان پیرۆز دەکەم، ئەم جەژنە بۆ هەموو گەلانە نەک تەنها کورد".

هەروەها گروپێک لە گەنجانی نێونەتەوەیی بەشداری ئاهەنگی نەورۆزی ئەمساڵی قەندیل بوون، سرودێکی شۆڕشگێڕییان بە زمانی ئەڵمانی بۆ مایکی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) پێشکەش کرد و گوتیان:"نەورۆز جەژنی پێکەوەیی و ئازادییە، وەک گەنجانی نێونەتەوەیی خۆشحاڵێن کە لە کوردستان ئامادەین و ئەو یادە پیرۆز دەکەین".

تاریق لەتیف باوکی گەریلایەکی شەهید لە هەڵەبجەی شەهیدەوە هاتۆتە قەندیل، نەورۆزی پیرۆز کردو گوتی:" داوا لە گەلی باشووری کوردستان دەکەم کە بەشداری نەورۆزی نوێبوونەوە بکەن لە قەندیل".

هەروەها دایکی شەهیدێک گوتی:" جەژنی نەورۆز جەژنێکی زۆر واتادارە بۆ کوردستان، هیوادارین کۆمەڵگەی ئێمە لە ڕووی فکریەوە زیاتر خۆی ئازاد بکات و بگاتە ئامانجەکانی".

لە ئێستادا پیرۆزباییەکان لە قەندیل بە چالاکی هەمەچەشن بەردەوامە هەر ئەمشەو ڕێپێوانی بە مەشخەڵی ئەنجامدرا، سبەینێش ئاهەنگی نەورۆز لە قەندیل بەشێوەیەکی جەماوەریی بەڕێوەدەچێت.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)  بڕیارە سبەی لە ئاهەنگەکەدا پەیامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە بخوێنرێتەوە.