ئـۆجالان و نوح هەراری و ئـاشتی جیهانی!

عەبدوڵای مەلانوری پەرلەمانتاری پێشووی هەرێمی کوردستان، لە نووسینێکیدا، تیشک دەخاتە سەر میتۆدەکانی بیرمەندی یەهودی ‘ یوڤال نوح هەراری’ و بە بۆچوونی عەبدوڵای مەلانووری-ش، ئـەو شوناسە هاوبەشە لای ڕێبەر ئۆجالانە، کە لە (نەتەوەی دیموکراتیک) دا شکڵ دەگرێ.

عەبدوڵای مەلانوری، چاودێری سیاسیی و پەرلەمانتاری پێشووی هەرێمی کوردستان، لە نووسینێکیدا، تیشک دەخاتە سەر میتۆدەکانی بیرمەندی یەهودی ‘ یوڤال نوح هەراری’ لەبارەی مەترسییەکانی دەوڵەت نەتەوە و پێیوایە، مرۆڤایەتی لە بەردەم دوژمنێکی هاوبەشدایە، بۆ روبەروبونەوەی ئـەو دووژمنەش دەڵێت”پێویستمان بە شوناسێکی جیهانی نوێ هەیە”، بە بۆچوونی عەبدوڵای مەلانووری-ش، ئـەو شوناسە هاوبەشە لای ڕێبەر ئۆجالانە، کە لە (نەتەوەی دیموکراتیک) دا شکڵ دەگرێ.

دەقی نووسینەکەی عەبدوڵای مەلا نوری

ئـۆجالان و نوح هەراری و ئـاشتی جیهانی!

یوڤال نوح هەراری، بیرمەندێکی یەهودی گەنجی ئـەم سەردەمەیە و، لە ئـیسرائـیل مامۆستای زانکۆیە؛ کتێب و وتارەکانی بۆ چەندین زمانی زیندوی جیهانی وەرگێڕدراون و پڕخوێنەرترینن؛ پێی وایە لێکەوتەکانی پێشەکەوتنی پێشەسازی، گۆڕانە ژینگەییەکان، جەنگی ناوەکی هەڕەشەن لە سەر داهاتوی مرۆڤایەتی.

لە بارەی لێکەوتەکانی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیاوە پێشبینی دەکات لە داهاتویەکی نزیکدا رۆبۆتەکان لە مەیدانی کاردا، بەڕە لە ژێر پێی مرۆڤی ئـاسایی دەربهێنن و، بەمەش دەیان و بگرە سەدان ملیۆن مرۆڤی بێ کەڵک لە ناو سیستمێکی ئـابوری لاسەنگدا بێ کار بمێننەوە.

لەم رووە نمونەی ئـەوە دەهێنێتەوە، لەم کاتەدا داهاتی ٦٢ دەوڵەمەندی جیهان، هێندەی داهاتی سێ ملیار و شەشسەد ملیۆن مرۆڤی سەر هەسارەی زەوییە.

ئـەو زیاتر دەڕوات و پێشبینی دەکات هەڵپەی پێشەسازی و سەرمایەداری دەوڵەت-نەتەوە لەم شكڵەی ئـێستایدا، لەوەوە سەر دەربکات، کۆتایی بە رەچەڵەکی مرۆڤی ئـاسایی بهێنێت و (مرۆڤە-رۆبۆت) جێگا بە خۆمان لێژ بکات

هەراری پێی وایە بۆ ئـەوەی مەترسیەکان لە سەر ئـاشتی و سەقامگیری جیهانی کەم بکرێتەوە پێویستە ژینگەی جیهانی، ئـابوریی جیهانی، زانستی جیهانی، لە وابەستەیی بە سیستمە نەتەوەیەکانی ئـێستا ڕزگار بکرێت.

ئـەو بیری ناسیۆنالیزم رەد ناکاتەوە، دەڵێت:”هەڵەیەکی ترسناکە ئـەگەر وا وێنا بکەین کە بەبێ ناسیۆنالیسزم هەمومان دەمانتوانی لە بەهەشتی لیبراڵیزمدا بژین. زیاتر ئـەگەری ئـەوە هەبو لە هەلومەرجێکی خێڵەکیدا بژین. وڵاتە ئـاشتیخواز و بەختەوەرەکانی وەکو سوید، ئـەڵمانیا، سویسرا هەمویان خاونی هەستێکی بەهێزی ناسیۆنالیستین”.

بەڵام ئـەمە مانای ئـەوە نیە هەراری بەم دۆخەی ئـێستای ناسیونالیزم رازی بێت، بۆیە دەڵێت: ئـەو کاتە کێشە دروست دەبێت، کە نیشتیمانپەروەریەکی نەرم سەر بۆ ناسیونالیزمێکی پەڕگیری شۆڤێنیستی بکێشێت! بۆیە گەڕانەوە بۆ سیاسەتە ناسیونالیستەکان لە فۆرمی رابردودا بە قۆمارێکی گەورە دەزانێ.

ئـەو دەڵێت: مرۆڤ دەتوانێت بەرامبەر بە خێزانەکەی، نەتەوەکەی، دراوسێ و پیشە و ئـاینەکەی وەفادار بێت، بەڵام بۆچی مرۆڤایەتی و هەسارەی زەوی بۆ ئـەم لیستە زیاد نەکات؟!

سەرئـەنجام دەگاتە ئـەو باوەڕەی، مرۆڤایەتی لە بەردەم دوژمنێکی هاوبەشدایە، بۆ روبەروبونەوەی ئـەو دوژمنە ئـەڵی: (پێویستمان بە شوناسێکی جیهانی نوێ هەیە).

ئـەوەی لێرەدا مەبەستمە بیڵێم: ئـەو میتۆدەی کە نوح هەراری لە کتێبە بە ناوبانگەکانیدا (هۆشمەندەکان، هۆمۆدیۆس، ٢١ وانە بۆ سەدەی ٢١) بە کاری هێناوە (لە گەڵ هەندێک جیاوازیدا)، هەمان ئـەو میتۆدەیە عەبدوڵا ئـۆجەلان لە زینداندا بۆ نوسینەوەی کتێبەکانی پەنای بۆ بردووە، بە گشتیش ئـەوە مادانەی ئـۆجەلان و هەراری ئـیشیان لە سەر کردووە هەمان مادەن.

ئـۆجەلان لە کتێبەکانیەدا، کە لە زینداندا نوسیونی بە وردی باسی مەترسیەکانی ئـابوری و سیاسەت و پیشەسازی دەوڵەت-نەتەوە لەم فۆرمەی ئـێستایدا، لە سەر ئـایندی پێکەوەژیان و ئـاشتی جیهانی دەکات. بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئـێستای نێوان گەلان و دەوڵەتەکان و رێگری لەبەردەم مەترسیەکانی داهاتو، پێشنیازی چارەسەری (نەتەوەی دیموکراتیک) دەخاتە روو.

لە نەتەوەی دیموکراتیکی ئـۆجەلاندا نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکان بە باشترین شێوە لە سیستمێکی کۆمەڵگەی دیموکرتیکدا پێک دێن. لە بری ئـەوەی ببنە ئـامرازی شەڕ و پیکدادان دەتوانن لەناو مۆزایکێکی کلتوریدا پێکەوە بژین؛ لەم سیستمەدا ئـابوری و پیشەسازی ناکۆک نین بە ژینگە و دەرفەتی کار بۆ هەموان دەڕەخسێت و مرۆڤ لە بونە سروشتیەکان بەهرەمەند دەبێت.

بە کورتی؛ ئـەوەی یوڤال نوها هەراری پێی وایە مرۆڤایەتی لە بەردەم مەترسییەکی هاوبەشدایە و دەڵێت: (پێویستمان بە شوناسێکی هاوبەشی جیهانیە)؛ بە بڕوای من ئـەو شوناسە هاوبەشە لای ئـۆجەلانە، کە لە (نەتەوەی دیموکراتیک) دا شکڵ دەگرێ.

ئـێستا ئـۆجەلان لە قەفەسی زیندانی دەوڵەت نەتەوەی تورکیادایە، لە بەر ئـەوەی داوای پێکەوەژیانی نێوان گەلان دەکات، تورکیاش خەریکی شەڕو سەرکێشی گەورەیە بۆ تێرکردنی گەدەی دەوڵەت نەتەوەکەیان، سەرئـەنجام وەک ئـۆجەلان دەڵێت: ئـەو دۆخە وەک خانەیەکی سەرەتانی لە سەر حسابی خانەکانی تر گەورە دەبێ، لە گەڵ تەقینیدا ئـەشێ مەرگی کۆی ئـەو سیستمەی بە دودا بێت.

ئـازادی بۆ ئـۆجەلان.

عەبدوڵای مەلا نوری

ف.ق