ئەکادیمیای ژنەلۆژی لە کەرکوک سیمینارێکی لەبارەی قڕکردنی ژنان پێشکەش کرد

ڕێکخراوی ڤیان بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان دوای نێوەرۆی ئەمرۆ لە ناوەندی دیالۆک لە شاری کەرکوک سیمینارێکی ڕێکخست بۆ ئەکادیمیای ژنەلۆژی دەربارەی دیدی ئەو ئەکادیمایە لەسەر قڕکردنی ژنان.

لە سیمینارەکەدا نەجیبە قەرەداغی ئەندامی ئەکادیمیای ژنەلۆژی  دیدی ژنەلۆژی بۆ ئامادەبوان خستە ڕوو دەربارەی قڕکردنی ژنان لە سەدەی ٢١ و هاوکات ڕێگەچارەشی پێشکەشی کرد لە ڕوانگەی ژنە لۆژیەوە.

ناوبرا دەربارەی چەمکی قڕکردنی ژنان(fimecied) و مێژووکەی وتی: وشەی قڕکردنی ژنان بۆیەکەمجار لە ساڵی ١٨٠١ لە بەریتانیا بەکارهێنرا و دواتر لە ساڵی ١٨٢٠ دا تۆمارکرا وەک زاراوەیەک و بەکارهێنرا، دواتر لە ساڵی ١٩٤٨  ئەو وشەیە لە یاسادا جێگیرکرا و بڵاوکرایەوە.

نەجیبە قەرەداغی ڕوانگەی ژنەلۆژی بۆ ئەو چەمکە پێشکەشکرد و وتی: لە ڕوانگەی ژنەلۆژیەوە قركردنی ژنان شەڕێکی سەرتاپاگیری سیستمە بەرامبەر کۆمەڵگا کە لە کەسایەتی ژندا کۆمەڵگا قڕدەکەن وتیشی:"توندوتیژی کردەیەکی تاکەکەسی نیە بەڵکو سیستمێکی بنیادیە کە شۆربۆتەوە ناو کۆمەڵگا، هاوکات هەڵکشانی عەقڵیەتی پیاوسالاری توندی تیژ و قڕکردن پەیوەندی بە کلتوری ڕاوشکاریەوە(نیچراونیەوە)هەیە کە وایکردوە زیاتر کۆمەڵگا بەرەو توندیژی هان بدات".

ناوبراو وتیشی ئێمە تاکەکانی  کۆمەڵگا تەنها بینەری قرکردن نین بەڵکو هەندیك جار دەبێنە بکەری ئەو کردەوەیە، یاخود بەکار دەهێنرین بۆ قڕکردن، یان  بینەری ئەو کردەوەیە، ئەوەش بە شێوازێکی سیستماتیک کراوە، توند وتیژی تاکەکەسی نیە، بەڵکو سیستماتیکێکی بە دەزگابووە.

دەربارەی  چارەسەری ئەو پرسە ناوبراو وتی، ڕێبازی گونجاو ئەوەیە کە دەبێت ئێمە سەرەتا خۆمان ڕێکخستن بکەین، خۆمان لە میکانزمی توند و تیژی داببرێنین، لەو بوارە خۆمان بناسین لێکۆڵینەوە لە خۆمان بکەین خۆمان لە هەموو جۆرە توندوتیژیەک بە دوور بگرین.

یەکێکی تر لە ڕێبازەکانی ژنەلۆژی بۆ توندوتیژی چارەسەری ئەوەیە کەسی قوربانی دەبێتە کەسێکی کاریگەر بۆ بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی، واتا قوربانیەکان دێنەلای یەک و لێکۆڵینەوە لە چیرۆکەکانی یەکتری دەکەن، هاوکات خۆشیان دەپارێزن و هاوکاری کەسانی قوربانیانی دیکە دەکەن، چونکە ئەوەی قوربانی توندوتیژی نەبووبێت لە توندوتیژی تێناگەت و ناتوانی شرۆڤەی بۆبکات.

هاوکات ناوبراو وتیشی لەناو خێزاندا بۆ ئەوەی لە توندوتیژی ڕزگاربین و چارەسەری بکەین دەبێت دەست لە چەمکی موڵکایەتی هەڵبگرین و ئەندامەکانی تری خێزان بە موڵکی خۆمان نەزانین بەڵکو، وەک ئیرادەیکی ئازاد پەیوەندیەکەمان ڕێکبخەین لە چوارچێوەی خێزانێکی ئازاد.

لە بەردەوامی سمینارەکەدا نەجیبە قەرەداغی ئەندامی ئەکادیمیای ژنان ژمارەیەک بۆچوون تری دەربارەی زانستی ژنەلۆژی و چەمکی قڕكردنی ژنان و چارەسەریەکەی پێشکەشی ئامادەبوان کرد.

ف.ق