ئەمیر کەریمی: سیاسەتی حکومەتی نوێی ئێران، مەرایی بۆ دەرەوە و مشتی پۆڵایین بۆ ناوخۆیە

ئەمیر کەریمی هاوسەرۆکی پەژاک بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و رەنگدانەوەی لە سەر ئێران، بە تایبەتی دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار و کوژرانی ئیسماعیل هەنیە وتی، "سیاسەتی هەنووکەیی دەوڵەت، تێچوویەکی زۆری بۆسەر کۆمەڵگاکانی ئێران دەبێت".

لەم رۆژانەدا کە دۆخی ئێران هەم پەیوەست بە پێکهێنانی کابینەی چواردەیەم، هەم بابەتی هێرش بۆ سەر ئیسرائیل لە تۆڵەی کوژرانی ئیسماعیل هەنیە و هەروەها قەیرانە روو لە هەڵکشانەکان، تادێت ئاڵۆزتر دەبێت، ئەوەی ئێران لە دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێ بەرەو چ ئاراستەیەک هەنگاو دەبێت و سیاسەتەکانی تا چەندە ناتەبایە لەگەڵ ویست و داواکاری خەڵک، هەموو ئەو بابەتانەمان لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ ئەمیر کەریمی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) تاوتوێ کرد. ئەمیر کەریمی دەڵێت: "هەلومەرجی ناوخۆیی ئێران یەکجار هەستیار و روو لە داڕووخانە. قەیرانی زۆر گەورە لە ئارادان. کەلێنی نێوان کۆمەڵگە و دەسەڵات زۆر قووڵە. شەڕی نێوان کۆمەڵگاکانی ناوخۆی ئێران و دەسەڵات لە ئارادایە، کە بووەتە ئەوەی سیستم ئاسانتر زەبری بەربکەوێت".

دەقی چاوپێکەوتنەکە بەم جۆرەیە:

بە لەبەرچاوگرتنی کوژرانی هەنیە و هاتنە بەرباسی ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ئایا بە رای ئێوە ئێران خۆی لەم جەنگەوە دەگلێنێت؟

"مەکینەی شەڕ کە بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کەوتەکار، زۆر دژوارە بتوانرێت ئەو مەکینەیە رابگیرێت. کوژرانی ئیسماعیل هەنیە قۆناغێکی نوێیە لەو شەڕەی زیاتر لە ساڵێکە دەستیپێکردووە. لەم قۆناغەدا، شەڕەکە گواستراوەتەوە بۆ ناو سنوورەکانی ئێران و ئەمەش لێکەوتەی دەبێت. ئێران تا ئەو کاتەی لە دەرەوەی سنوورەکانی شەڕ بکات، ئەم شەڕە لە دەرەوەی سنوورەکانی دەمێنێتەوە و بە تەواوەتی خۆی بە پارێزراوی دەبینێت، بەڵام ئیسرائیلیش ئاگاداری خاڵە لاوازە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێرانە لە ناوخۆی سنوورەکانی. سیستمە دیکتاتۆرەکان بە گشتی سیستمی جەنگی و ئەمنییەکانیان لە ناوخۆ و تەنیا لە دژی خەڵکەکەی خۆیان بەهێزە. سیستمی سەربازی و ئەمنیەتی ئێرانیش تەنیا لە دژی خەڵک بە بەهێزی دەجوڵێتەوە.

مێژوو نیشانی دەدات کە لە ئەگەری هاتنەناوەوە هێزێکی دەرەکی بۆ ناو هاوکێشەکە، ئەم سیستمانە زۆر بە ئاسانی گورزیان بەردەکەوێت و ئیسرائیلیش بە باشی ئەمە دەزانێت. هەلومەرجی ناوخۆیی ئێران زۆر هەستیار و روو لە داڕوخانە. قەیرانی یەکجار زۆر لە ئارادایە. دابڕان و کەلێنی نێوان کۆمەڵگە و دەسەڵات یەکجار قووڵە. شەڕێک لە نێوان کۆمەڵگاکانی ناو ئێران و دەسەڵات کە ئارادایە کە بووەتە هۆی ئەوەی دەسەڵات بە ئاسانی زەبری بەربکەوێت. هەروەها گەندەڵی ناوخۆیی و بوونی باند و تاقمی مافیایی لە هەموو ئاستە بروکراتیکەکان و بە تایبەتی لە دامەزراوە سەربازی و ئەمنیەکانی ئەم سیستمەی والێکردووە کە بەراورد لەگەڵ ناوەندە هەواڵگرییە دەرەکیەکان ئاسانتر بتوانرێت دزە بکرێتە ناویەوە. هەربۆیە ئیسرائیل بە دەستنیشانکردنی ئەم لاوازیانە پێداگرە لەسەر ئەوەی شەڕەکە بگوازێتەوە بۆ ناوخۆی ئێران و لەم رووەشەوە بە روونی هۆشداری داوە. هەربۆیە دوور لە چاوەڕوانیە کە ئێران بە هۆی کوژرانی ئیسماعیل هەنیەوە شەڕێکی هەمە لایەنە هەڵبگیرسێنێت و هەوڵ بدات کە "تۆڵەی قورس" بکاتەوە یان گورزی گەورە لە ئیسرائیل بدات. تەنانەت ئەگەر ئێران بیەوێت بۆ پینەکردنی کەرامەتی ڕووشاو و شکۆی داماڵدراوی هەنگاوێکی لەم چەشنە بنێت، ئەم هەنگاوە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێران و بە شێوازێک کە زیاتر باری بانگەشەی میدیایی هەبێت ئەنجامی دەدات.

هەرچەندە ئەفسانەی نەبەزین و لە شکان نەهاتنی ئیسرائیلیش داڕماوە، بەڵام واپێدەچێت کە دەوڵەتی ئیسرائیل لە هەوڵی ئەوەدایە ئەو شەڕەی دەستیپێکردووە بیگەیەنێتە کۆتایی و ئەمەش لە کردەوەکانی لە غەززەدا دەبینرێت. هەر ئەم هەنگاوانە لە دژی ئێرانیش درێژە پێدەدات. ئیسرائیل لە سێ پرسی لەناوبردنی ناوەندە ئەتۆمیەکان، کردنە ئامانجی ناوەندە موشەکیەکان، هەروەها گورزوەشاندن لە گروپە پرۆکسیەکان کە شەری بە وەکالەت بۆ ئێران دەکەن زۆر پێداگر و رژدە و پێناچێت دەستبەرداری جێبەجێکردنی پلانەکانی بێت کە بەو ئاراستەیە دایڕشتوون. هەر چەشنە هێرشێکی تۆڵەسێنەرانەی ئێران دەتوانێت ببێتە بیانوویەکی تەواو بۆ دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی لەوم جۆرە.

لەبەرامبەردا کۆماری ئیسلامیش نیازی ئەوەی هەیە، کە کوژرانی ئیسماعیل هەنیە بۆ مەرام و بەرژەوەندی سیاسی بقۆزێتەوە، بەو واتایەی کە ئەوە بکاتە بابەتێک بۆ مامەڵە و سات و سەودای دیپلۆماتیک لە گەڕێکی دیکەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا و سەندنی چەند ئیمتیازێکی پەیوەست بە وزەی ئەتۆمی و گەمارۆکان. ئەوەی مایەی هیواهەڵچنینی ئێرانە نەبوونی خواستی ئەمریکایە بۆ شەڕ لەگەڵ ئێران. شەڕێکی هەمەلایەنە و لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵ دەتوانێت زیانی گەورە و قەرەبوونەکراو بە هەژموونی ئەمریکا بگەیەنێت. هەروەها ئەمریکا نایەوێت کە رووسیا ئەو هەلەی بۆ بڕەخسێت و بابەتەکە بۆ جێگیربوونی خۆی لە ئێران بقۆزێتەوە. بە سەرنجدانێک لە دیمەنە گشتییەکە دەبینین کە رەوتی پێشهاتەکان بەرەو خێراترکارکردنی مەکینەی شەڕە، واتە دەتوانین بڵێین کە ناتوانرێت بەر بە شەڕ بگیرێت. بۆچی؟ چونکە داواکارییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئێران، پاشەکشێی ستراتیژیە. ئەوان ئەوەیان لە ئێران دەتەوێت کە لە پرسە ستراتیژیەکانی وەک دەستوەردان لە ناوچەکە، پشتیوانی لە گروپە پرۆکسیەکان و هەروەها سیاسەتی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی و پەرەپێدان بە پرۆژەی بەرهەمهێنانی چەکی دوورمەودا پاشەکشێ بکات. بەڵام ئەوەی کە ئێران بەدواوەیەتی، نەرمی نواندنی ئەمریکا و ئیسرائیلە لەگەڵ سیاسەتی ستراتیژی ئێران لە ناوچەکە و قەبوڵکردنی وەک بابەتێکی دیفاکتۆ و ئەگەریش بکرێت سازشە لەسەر هەندێک سیاسەتی کورتمەودا و تاکتیکی. لە هەڵسەنگاندنی مەودای نێوان ئەم چاوەڕوانی و خواستانە لە یەکترەوە، وادیارە کە ئەم شەڕە فراوانتر دەبێت. کەواتە بۆ ناچارکردنی ئێران بە پاشەکشێ هەندێک هێرش ئەنجام دەدرێن و هەر ئەم هێرش و گورزانە دەتوانێت قورس و کەمەرشکێن بن بۆ کۆماری ئیسلامی و کاربەدەستانی ئەو سیستمەش بە تەواوەتی ئاگاداری ئەوەن. هەڵبەت نابێت ئەوەش لەبیر بکرێت کە هەندێک دەوڵەتیش هەن کە هانی ئێران دەدەن بۆ شەڕ. یەک لەو وڵاتانەش رووسیایە. روسیا خوازی شەڕێکی لەم جۆرەیە، چونکە بەرژەوەندی زۆر درێژخایەن و ستراتیژی لەم شەڕەدا هەیە. پلانی رووسیا ئەوەیە کە لە ئێران جێگیر بێت، سەرچاوەکانی وزە، دەستڕاگەیشتن بە کەنداو و پێگەی جیۆستراتیکی ئێران دەتوانێت رووسیا بکاتە هێزێکی گەورەتر و ئەمەش هەمان ئەو شتەیە کە ئەمریکا ترسی لێی هەیە و بەربەستێکە لەبەردەم ئەمریکا بۆ ئاوەڵاکردنی دەستی ئیسرائیل لە هێرشکردنە سەر ئێران. تورکیاش وڵاتێکی دیکەیە کە مەیلی بەرەو ئەو شەڕە هەیە. تورکیا لەوە دەترسێت کە پێگەی ستراتیژی سەدەی بیستەمی لەدەست بدات. چونکە سیاسەتی ئەمریکی زیاتر لە سەر سوڕگەی هاوئاهەنگی و ئاشتەوایی نێوان ئیسرائیل و عەرەبەکان داڕێژراوە و تورکیا بەراورد لەگەڵ سەدەی رابردوو گرنگی جیۆپۆلیتیکی کەمتر دەبێت، هەربۆیە دەیەوێت لە رێگەی رۆڵگێڕان لە شەڕ لەدژی ئێران، هەم لە ناوچەی قەوقاز و هەم لە ئازەربایجان و هەم لە عێراق ببێتە هێزێک کە بتوانێت لە سیستمی داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا رۆڵی هەبێت.

تورکیا خۆی بۆ شەڕێکی لەم جۆرە ئامادە کردووە. لە هاوکارییەکانی لەگەڵ ئازەربایجان و ئیسرائیل و وەبەرهێنان لەسەر ناسیۆناڵیزمی توندڕەوی ئازەری، پێیوایە کە بەرژەوەندی زۆری لەو شەڕەدا دەبێت. ئەگەر شەڕێک رووبدات یاخود ئەگەر شەڕ بگاتە قۆناغی کردەیی، ئەمریکا بێگومان ناچارە بەرگری لە ئیسرائیل بکات و لەئێستاوە کەشتییە جەنگییەکانی و ژێرئاوگەڕەکانی بۆ وەها دۆخێکی چاوەڕێکراو ئامادەکردووە. تورکیا بە تەواوەتی لە بەرەی ئیسرائیلدا دەبێت، زۆرینەی وڵاتانی عەرەبیش لە بەرامبەر ئێراندا دەوستنەوە و رووسیاش بە کەڵک وەرگرتن لە شەڕ هەوڵ دەدات لە ئێران جێگیر بێت و ئەم شەڕە بە هۆی کارتێکەری و دەستڕۆیشتووی ئێران لە گروپە پرۆکسیەکاندا کە بە گروپەکانی "بەرەی موقاومەت" ناسراون، تەواوی ناوچەکە دەتەنێتەوە و ژمارەیەکی زۆر هێز لەم شەڕەوە تێوەدەگلێن، کە ئەمەش شەڕەکە دەکاتە شەڕێکی هەرێمایەتی و سەروو هەرێمایەتی. بەڵام دواجار ئەم شەڕە دەبێتە مایەی لاوازی کۆماری ئیسلامی و تەنانەت رووخانی. واتە دۆڕاوی ئەم شەڕە کۆماری ئیسلامی دەبێت. ئەگەر پرسە ناوخۆییەکانیش لەبەر چاوبگرین، ئەگەر تەنانەت کۆماری ئیسلامی نەڕوخێت، دەبێتە دەوڵەتێکی بەتەواوەتی بێکاریگەر و بچوک و لەژێر رکێف و پشتیوانی هێزەکانی وەک رووسیا و چین و لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی و ناوچەیی چیتر هیچ ئیرادەیەکی نابێت. "

پێکهێنانی کابینەی حکومەتی چواردەیەکی ئێران دەرخەری چ سیاسەتێکی سیستمی کۆماری ئیسلامییە؟

"کابینەی پشنیازکراوی پزیشکیان هاوشێوەی خودی هەڵبژاردنەکە دیزاینکراوە و داڕێژراوە و بەتەواوەتی لەسەر بنەمای هاوکێشە و هاوسەنگیە ناوخۆییەکانی دەسەڵات رەنگڕێژکراوە. هەربۆیە ئەم کابینەیە دەرخەری سیاسەتی خودی سیستمی کۆماری ئیسلامیە لە قۆناغی داهاتوودا. پێکهاتەی کابینەکە چەند رەهەندێک لە کرداری سیاسی دەسەڵات بە روونی نیشان دەدات: یەکەم ئەوەی کە بە گشتی ئەم کابینەیە دەریدەخات کە سەرجەم بەڵێنەکانی پزیشکیان و گروپەکەی، تەنیا بانگەشەی هەڵبژاردنبوون و هیچ بوارێکی کردارییان نییە. هیچ پلانێک لە پشت ئەو بەڵێنانەوە نییە و ئەمەش نەبوونی خواستی رێبەران بۆ هەر چەشنە گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی بنچینەیی سیستمی نیشان دەدات.

دووەم؛ چنین و ریزبەندی کابینەکە نیشانی دەدات کە خەڵک و کۆمەڵگا بە تەواوەتی هیچ پێگەیەکیان لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیدا نییە، بەم واتایە کە روانینی خەڵک، پرسەکانیان، خۆشگوزەرانی کۆمەڵگا، داهاتووی ئەوان واتە بە گشتی کۆمەڵگا و پلانەکانیان بۆ کۆمەڵگا لە دامودەزگای سیاسی کۆماری ئیسلامیدا هیچ رۆڵێکی نییە. سیاسەتی سەرەکی سیستم لە بەرامبەر خەڵکدا بێدەنگکردنیان و بە بێدەنگی هێشتنەوەیانە. سیستم بە تەواوەتی یەک کاری لەپێشینەی هەیە. تەنیا کاری لەپێشینەشی تێپەڕاندنی قەیرانێکە کە لە سیاسەتی دەرەکیدا تێوەیگلاوە و دەیەوێت کەشتی کۆماری ئیسلامی لەم زریانە و باهۆزە ناوچەیی و جیهانیە بپەڕێنێتەوە و هیچ ئاوڕێک لە پرسە ناوخۆییەکان ناداتەوە. هەمان ئەو سیاسەتانە جێبەجێ دەکرێن کە بە درێژایی تەمەنی ئەو سیستمە بۆ پرسە ناوخۆییەکان بەرکاربوون.

ئەم کابینەیە هەروەک خودی پزیشکیان و گروپەکەی باسیان لێکردووە، کابینەی یەکڕیزییە، ئەم یەکڕیزییە لە نێوان ئەو گروپانەدایە کە لە شەڕ و ململانێی دەسەڵات لە ناو سیستمدا بەشدارن و ئەم یەکڕیزییە پەیوەندی بە خەڵک و گروپە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتەوە نییە. ئەم کابینەیە بەشێک لە سیاسەت یەک دەستکردنی سیستمە. یەکدەستکردنێک کە تائێستا بە سەرکەوتوویی کاری نەکردووە و دەیەوێت بە شێوەی سازانی ناوخۆیی و دابەشکردنی کێکی دەسەڵات لە نێوان گروپەکاندا بگاتە ئەنجام. بە گوێرەی ریزبەندی کارە لەپێشینەکانیان لە سیاسەتدا کە ئەنجامیانداوە، ئەم کابینەیە ئەرکی ئەوەی هەیە کە لە سیاسەتی دەرەکیدا هەندێک سازش و نەرمینواندن بکات و بە پێدانی ئیمتیاز بگاتە هەندێک سازان، چونکە سیستم لە گۆڕەپانی سیاسەتی دەرەوەدا خۆی لەمەترسیدا دەبینێت. شەڕەکە تاڕادەیەک دەستیپێکردووە و دەوڵەتان بە تایبەتی ئیسرائیل پەیامی پێویستیان بە دەوڵەت داوە، تەنیا کۆماری ئیسلامی لە رووی سیاسەتی ناوخۆییەوە لەو بڕوایەدایە کە بە درێژەدان بە هەمان سیاسەتی رابردوو بە تایبەتی سیاسەتی سەرکوت، تۆقاندن و لەسێدارەدان دەتوانێت ناڕەزایەتیە ناوخۆییەکان کپ بکاتەوە و رێگری لە هاتنە مەیدانی هێزێک بکات کە بتوانێت گوشار بخاتە سەر سیستم.

دەکرێت بەم جۆرە سیاسەتی دیاریکراو بۆ ئەم حکومەتە پێناسەبکرێت: مەرایی و سازش بۆ دەرەوە و مشتی پۆڵایین بۆ ناوخۆ. بۆیەش وەزارەت و دامەزراوەکان کە لە سیاسەتی ناوخۆدا بەرپرسن لە سەرکوت لە جێگەی خۆیان هێڵراونەتەوە وەک وەزارەتی ئیتلاعات، وەزارەتی داد و وەزارەتی ئابوری و هەروەها کەسایەتیە سەربازی و توندڕەوەکان بۆ پۆستەکانی وەزارەتی ناوخۆ و تەنانەت وەزارەتی پەروەردە دانراون، کە هەموو ئەمانە دەرخەری رەوتێکی گشتگیری سەرکوتە. ئەمەش لە دوای هەڵبژاردنەوە تائێستا لە رێگەی هەڵکشانی ژمارەی جێبەجێکردنی سزای سێدارە و سەپاندنی سزای قورس بەسەر بەرهەڵستکارە سیاسی و جیابیرکان دەبینین و واپێدەچێت خێرایی و توندبوونەوەی ئەم پرۆسەیە لەگەڵ پێکهێنانی حکومەت نەک هەر دانابەزێت، بەڵکوو توندتریش دەبێتەوە و زیاتر هەڵدەکشێت. لە راستیدا ئەم کابینەیە بە روانگەیەکی تەواو ئەمنیەتی بۆ پرسە ناوخۆییەکان داڕێژراوە و بەرنامەی بۆ دانراوە و لە رێگەی رێکار و کەرستەی ئەمنیەتی و سەرکوتکارانەوە بەرەوڕووی پرسە ناوخۆیەکان دەبێتەوە. پرسی ژنان، نەتەوەکان، ئایینزاکان، مافەکان و ئازادیەکانی تاک و مافی زەحمەتکێشان و کرێکاران بە روانگەیەکی لەو جۆرە و رێکاری لەو جۆرە و بەرپرسانێکی لەو جۆرە تەنیا گرێ کوێرەکان توندتر و پرسەکان قوڵتر دەکەنەوە. بە لەبەرچاوگرتنی روانینی لەم چەشنەی ئەمنی و سەرکوتکارانە لە سەر بنەمای سڕینەوەی ئەوانی دیکە، رەخنەکردن لە بەشدارنەبوونی ژنان، نەتەوەکان، ئایین و ئایینزاکان لەم کابینەیەدا چیتر بەهای ئەوەی نییە گفتوگۆ و مشتومڕی لەسەر بکرێت. بەشداری لە کابینەیەک کە وەک بارەگای پلاندان و ئۆپراسیۆنی سەرکوت و سڕینەوە کار دەکات تەنیا بۆ کەسانی جێی متمانەی سیستم دەبێت کە ئامادەن بەشداری لەو سیاسەت و کردەوانەدا بکەن.

پزیشکیان لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردندا بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە پرسە سەرەکیەکەی ئێمە پرسی ناوخۆییە و دەبێت چارەسەر بکرێن، بەڵام ئەمرۆ رێک پێچەوانەکەی دەکات. چارەسەرکردنی پرسە ناوخۆییەکان لە روانگەی کۆماری ئیسلامییەوە واتە پاککردنەوە و سڕینەوەی خودی پرسیارەکە، سەرکوتی بەرهەڵستکاران و ئەوەی نەتوانرێت هیچ دەنگێکی ناڕازی بەرزبێتەوە؛ ئەمەش بە ئاراستەی پێناسەی نەریتی و کۆنی سیستمی دەسەڵاتی ئێران لە سەقامگیری و تەنانەت دادپەروەری. کاتێک کەس بوێری نەبێت رای خۆی دەربڕێت، کاتێک رێگە نەدرێت کە هیچ دەنگێکی بەرهەڵستی بوونی هەبێت، والێکدەدرێتەوە کە سەقامگیری و تەنانەت دادپەروەری چەسپێندراوە! بەڵام ئەوە جۆرێکە لە خۆخەڵەتاندن، کۆمەڵگا بە تەواوەتی لە کوڵان و لێواری تەقیندایە. هەموو شتێک لە ناوخۆی ئێران دەکوڵێت و ئەم کوڵان و بزاوتە ناوخۆییەی خەڵک لە ناو ئێران کەی دەگاتە ئاستی تەقینی گەورە، ئەمە تەنیا لەسەر کات وەستاوە. پزیشکیان لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا ئاماژەی بەوەدەکرد کە کێشەیەکی سەرەکی وڵات نەبوونی بەرپرسانی شیاوە و ئۆباڵی هەموو هەڵە سیاسی و ستراتیژە هەڵەکانی کۆماری ئیسلامی دەخستە ئەستۆی بەرپرسانی ناشایستە، ئەمەش لە کاتێکدایە هەر ئەم بەرپرسانە لە پۆستەکانیاندا هێڵراونەتەوە و نەک هەر هێڵراونەتەوە بەڵکوو لەو یەکڕیزییەی کە پزیشکیان باسی دەکات بە تەواوەتی دەستکراوە کراون کە سیاسەتەکانی پێشوویان درێژە پێبدەن. ئەم سیاسەتەش هەروەک وتمان سیاسەتی سازش و نەرمینواندن لە دەرەوە و سەرکوت لە ناوخۆ دەبێت، سیاسەتێک کە بە دڵنیاییەوە شکست دەهێنێت؛ سیاسەتێک کە تێچووی قورس دەخاتە سەر شانی کۆمەڵگاکانی ئێران، بەڵام سەرەڕای ئەوەش تێکۆشان و بەرخودانی جەماوەری زیاتری بەدواوە دەبێت".