کۆنفرانسی دادپەروەری و ئازادی بۆ جڤاکی ئێزدی
ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال بە درووشمی "دادپەروەری و ئازادی بۆ جڤاکی ئێزدی" بەبۆنەی ١٠ هەمین ساڵیادی فەرمانی ٣ ی ئاب لە شەنگال، ئاشکرا کرا.
ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنفرانسەکە ئەرگەش شەنگالی ئەنجامنامەکەی خوێندەوە، لە ئەنجامنامەکەدا ئەم خاڵانە هاتوون:
"- پێویستە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا و دادگای نێودەوڵەتی لاهای، چەتەکانی داعش و هاوکارەکانیان و خیانەتکارانی ماڵباتی بارزانی دادگایی بکەن و سزا بدرێن بۆ ئەوەی ماف و دادپەروەریی بەدی بێت.
- دەبێت سەرەتا حکومەتی عێراق و دواتر دەوڵەتانی نێونەتەوەیی ڕێککەوتنی ٩ـی تشرینی نێوان کازمی و بارزانی هەڵبوەشێننەوە، هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شەنگال کۆتایی پێ بهێنن.
- ئەوەی کە ئێزدییەکانی لە قڕکردن و لەناوچوون پاراست، سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیک و فکر و فەلسەفەی ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان بوو، لەسەر ئەو بناغەیە جڤاکی ئێزدیی خۆی پاراست و سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی دامەزراند، لێرەوە سیستەمی خۆبەڕیوەبەریی و نەتەوەی دیموکراتیک وەک پڕۆژەی چارەسەر بۆ هەموو گەلانی عێراق پێشنیار دەکەین.
- ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان ئازادیی ئێمەیە، چۆن تائێستا لەپێناو ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان خەبات و تێکۆشانمان کردووە، لەمەودواش بەشێوەیەکی بەهێزتر و فراوانتر تێکۆشان و خەبات دەکەین تا ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان مسۆگەر دەکەین.
- دەبێت هەم حکومەت و هەم گەلی عێراق باش ئەوە بزانێت، کە بۆ رزگاربوون لە قەیران و کێشە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و مێژوویی و ئیدارییەکان، تاکە ڕێی چارەسەری پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکە، کە ئەمڕۆ لە شەنگال بەرجەستە کراوە.
- پێویستە هەموو جڤاکی ئێزدیی ئەو ڕاستییە درک پێ بکەن، کە لە دوای فەرمانەوە هەموو ماف و دەستکەوت و ئازادیی ئێزدییەکان لە سایەی سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیک لەسەر خاکی شەنگال بەدەستهاتن، بۆیە پێویستە هەموو ئێزدییەکان بگەڕینەوە سەر زێد وماڵی خۆیان وخاوەندارێتی لە شەنگال بکەن، هەروەها بانگەوازیی لە هەموو دۆستانی ئێزدیی و دیموکراسییخوازان و ئازادییخوازان دەکەین، کە تێکۆشان فراوانتر بکەن لەپێناو پەسەندکردنی سیستەمی خۆبەڕیوەبەریی شەنگال و پاراستنی جڤاکی ئێزدیی.
- لەم کۆنفڕانسەوە سەرجەم شەهیدانی فەرمانی ٧٤ـەمینی ئێزدییەکان بەبیردەهێنینەوە و بەڵین دەدەین لەپێناو خۆپاراستن و ڕێگرتن لە دووبارەبوونەوەی فەرمانی سەر ئێزدییەکان و خۆبەڕێوەبردن تێکۆشان فراوانتر بکەین".