یەرەکە: بەهۆی بۆردوومانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە لە هەرێمی گەڵاڵە ئاگر کەوتەوە

یەرەکە ڕایگەیاند فڕۆکەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ٣ جار گوندی گەڵاڵەی ماوەتیان بۆردوومان کردووە، لە ئەنجامی بۆردوومانەکە هیچ زیانێک بە هێزەکانمان نەگەیشتووە، لە هەرێمەکە ئاگر کەوتووەتەوە.

ناوەندی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) پەیوەست بە هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، دووپاتی کردەوە، بەهۆی بۆردوومانەکەوە ئاگر لە هەرێمەکە کەوتووەوە و هێشتا بەردەوامە.

ڕاگەیاندراوەکەی یەرەکە بەم جۆرەیە:

"ڕۆژی هەینی ٢٦ ی تەمموزی ٢٠٢٤، دەوڵەتی داگیرکەری تورک پاش جموجووڵی زۆری چاودێری ئاسمانی، لە کاتژمێر ٢٣:٠٠ بە فڕۆکەی جەنگی ٣ جار هەرێمی دوکانی و کانی گومەهەسپ و خەزینەی لە گوندی گەڵاڵەی سەر بە ناوچەی ماوەت بۆردوومان کرد. لە ئەنجامدا زیانێکی مەزن گەیشتە ڕەز و باغ و زەوی گەلەکەمان. لە بۆردوومانەکەدا هیچ زیانێک بە هێزەکانمان نەگەیشت. بەڵام زەوی و باغ و بێستانی دەوروبەر ئاگری گرت و هێشتا ئاگرەکە بەردەوامە.

بێگومان ئامانجی دەوڵەتی تورک لەناوبردنی هەموو زیندەوەر و سرووشت و ژینگەی وڵاتەکەی ئێمەیە، دەبێت هەمووان ئەو ڕاستییە بزانن کە دوژمنایەتی دەوڵەتی تورک لەمێژینەیە، بێجگە لە دژایەتی بەرامبەر مرۆڤەکان، سرووشت و ژینگە و جوانییەکانی وڵاتەکەمان دەکاتە ئامانج. لە دار زەیتونەکانی عەفرینەوە تا جوانییەکانی بادینان، لە بازاڕەکانی هەولێر و کەرکوکەوە تا چیا و باغ و بێستانەکانی ئاسۆس دەکاتە ئامانج. بەڵێن دەدەین تا گەیشتن بە ئازادی و دەرکردنی هێزی قێزەونی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە وڵاتەکەمان، بۆ سرووشت و ژینگە و هەموو زیندەوەرەکانی وڵاتەکەمان بەرخۆدان دەکەین و تێدەکۆشین".