یەرەکە فەرماندە هەورام ئاویەری بەبیرهێنایەوە

فەرماندەیی یەرەکە، لە پەیامێکدا فەرماندەی ئەیالەتی مێردینی بەبیرهێنایەوە و بە جەختکردنەوە لەوەی کە چەکی ئەم فەرماندە گەورەیە لە زەوی ناهێڵن، ڕایگەیاند: "ڕێگای شۆڕش بە ‘هەورام ئاویەر'ـ ەوە ڕوون و گەش دەبێت."

ئەمڕۆ فەرماندەیی یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- یەرەکە، لە پەیامێکدا هەڤاڵ هەورام ئاویەر (حەسەن مەحمودی) فەرماندەی ئەیالەتی مێردینی هەپەگەی بەبیرهێنایەوە.

لە پەیامەکەدا هاتووە: کۆتایی مانگی ئازار، لە قەڵای شەهیدانی هەرێمی باگۆک (مێردین) هەواڵی شەهیدبوونی فەرماندەی ئەیالەتی مێردین هەڤاڵ هەورام ئاویەر (حەسەن مەحمودی)ـمان پێگەشت، کە لە گوندی بزڵانەی هەرێمی ژاوەڕۆ لەناو خانەوادەیەکی وڵاتپارێز لەدایکبووە و هەر لەوێش گەورە بووە، ماوەیەکی درێژ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەریلایەتیی کرد و کاری بەڕێوەبرد، هەمیشە لەناو گەل و هەڤاڵانیدا بە هەڵویست و کردەوەی خۆی بووە پێشەنگێکی فیدایی ئاپۆیی، تا کۆتاییش گرێدراوی سەرۆک و گەلەکەی بوو، بەم هەڵویست و ژیانەی خۆیدا، لەناو گەریلایەتیدا بووە پێشەنگ و لە بەرامبەر دوژمن، لە بەرامبەر هێرش لەدژی گەلی کورد، شەڕ و تێکۆشانێکی بە شکۆ و گەورەی کرد، لە ڕۆژهەڵات تا باکوور، لە ئاستێکی هەر بەرزدا بەشداری شۆڕشی ئازادیی گەلی کورد بوو و ڕۆڵی گێڕا، بۆ سەربەرزیی و شکۆی گەلەکەی لەسەر خاکی کوردستان بەبێی دوودڵی بە جۆش و هەیەجانەوە ڕێی پێوا و بووە فەرماندەی سەردەمی شەڕی شۆڕشگێری گەل.

هەروەها هاتووە: بێگومان ئێمە چەکی ئەم شۆڕشگێرە گەورەیە لە زەوی ناهێڵین، کە لە ئێستادا بووەتە هێمای وڵاتپارێزی و بەرخۆدێریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان-دا بە پێشخستنی گەریلایەتی و بەدەستخستنی ئازادیی گەلەکەمان، شایستەی ڕەنج و تێکۆشانی هەڤاڵمان فەرماندە هەورام ئاویەر بین، تا کۆتایی لەژێر فەرماندەیی شەهیدی نەمر هەورام ئاویەر بەردەوام دەبین.

لە کۆتاییش  هاتووە: سەرەتا لە خانەوادەکەی، سەرەخۆشی لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو کوردستان دەکەین و دەڵێین؛ “ڕێگای شۆڕش بە ‘هەورام ئاویەر’ـەوە ڕوون و گەش دەبێت."

ک-ش