ئەو شوانەى لەلایەن سەربازانی تورکەوە تەقەى لێکرا دۆزرایەوە

سەربازانی تورک تەقەیان لە شوانێکی کورد بە ناوی ئیسماعیل کایا لە کوێستانەکانی گوندی مارینوس لە جۆلەمێرگ کرد، کە سەرقاڵی لەوەڕاندنی مەڕەکانی بوو. دوای ئەوەى لەلایەن سەربازانی تورکەوە تەقەى لێکرابوو پەیوەندیی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا پچڕابوو.

کاتێک شوانێک بە ناوی ئیسماعیل کایا لە کوێستانی لادێی کوتوس-ی سەر بە گوندی مارینوس لە ناوەندی جۆلەمێرگ سەرقاڵی لەوەڕاندنی مەڕەکانی بوو لە بنکەى سەربازیی ناوچەکەوە درایە بە دەستڕێژی گولـلە و دوای تەقەکردنەکان لێی هیچ هەواڵێک لە ئیسماعیل کایا و مەڕەکانیشی نەما.

وەهاب کایا لەوبارەیەوە وتی، ئیسماعیل دوو جار هەوڵیداوە مەڕەکانی بگەڕێنێتەوە بۆ گوندەکەکان، بەڵام بەهۆی تەقەى سەربازەکانەوە نەیتوانیوە. وەهاب وتیشی "دوای ئەوەى پەیوەندیی لەگەڵ ئێمە نەما، ئێمە نەمانزانی چیی بەسەر هاتووە. ئێمە زۆر ترسابووین، کە شتێکی بەسەر هاتبێت، بەڵام شوکر شوانەکە و مەڕەکانیشی هیچیان لێنەهاتووە، چونکە شوانەکە لە دوای تەقەى سەربازەکان دەستدەکات بە کۆکردنەوەى مەڕەکان، کە بە ناوچەکەدا بڵاوبوونەوە و دوای ئەوەش مەڕەکانی دەداتە بەر و دەڕوات بۆ ناو کوێستانیشینەکانی سەر سنووری ئەلکێ".

ژ.ت