ئویسال: دەستوەردان لە هەڵبژاردن کێشەی تورکیایە

پەرلەمانتاری بازنەی شڕنەخی دەم پارتی نەورۆز ئویسال ئاسلان رایگەیاند، دەستوەردان لە ئیرادەی هەڵبژاردن تەنیا کێشەی پارتێک نییە، کێشەی یاسایی، هەڵبژاردن، ئاسایش و دیموکراسی تورکیایە.

لە قلەبان ناڕەزایەتی گەل بەرامبەر دەنگدەرانی گواستراوە و هاوردە بەردەوامە، پەرلەمانتاری بازنەی شڕنەخی دەم پارتی نەورۆز ئۆیسال ئاسلان وتی، کە ئەگەر کاردانەوەکان بەهێز بن ئەنجام بەدەست دەهێنن.

پەرلەمانتاری شرنەخی دەم پارتی نەورۆز ئویسال ئاسلان لە لێدوانێدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورت رایگەیاند، لە شەوی هەڵبژارندەوە لە دژی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە قلەبان ناڕەزایەتی دەردەبرن. ئویسال وتی، "ئێستا بە گوێرەی لیستەکەمان جیاوازی دەنگەکان لە نێوان ئاکەپە و دەم پارتی ١٠٣ دەنگە، بە گوێرە ئاماری فەرمی ١٠٦ە. نزیکەی هەزار و ٣٠٠ دەنگی سەربازەکان بەکارهێنراوە. جگە لە خەڵک، نزیکەی هەزار و ٨٠٠ سەرباز ناویان تۆمارکرابوو، بەڵام هەندێکیان نەهاتن، سەرباری هەموو ئەوانەش جیاوازی دەنگەکان ١٠٦ دەنگە و چەندین پێشێلکاری و ساختەکاری دیکەش بە درێژایی رۆژی هەڵبژاردن روویدا. لەبەردەم هەموو خوێندنگەیەک جەندرمە بە چەکەوە وەستابوون. هەموو ئەو تانە و سکاڵایانەی لەو بارەوە بەرزمان کردەوە رەتکرانەوە. سەربازەکان بە کۆمەڵ دەنگیان دا، بە کۆمەڵ گواسترانەوە. هەروەها بە درێژایی رۆژەکە لە زۆر خوێندنگەدا زۆر کێشە هاتە ئاراوە. ژمارەی دەنگە پوچەڵکراوەکانمان یەکجار زۆرە، تائێستا ئەوەی دەرکەوتووەتە ٣٠٠ دەنگمان پوچەڵکراوەتەوە. داوای ئێمە ئەوەیە کە سەرلەنوێ دەنگەکان جیابکرێنەوە. ژمارەی دەنگەکانی ناو سندووقەکانی دەنگدان و ژمارەی ئەو دەنگانەی تۆمارکراون و ئەو دەنگانەی پوچەڵکرانەتەوە یەکناگرنەوە. پەیوەست بەوە تانەمان پێشکەش کرد و داوامان کرد سەرلەنوێ ژماردنەوە بۆ دەنگەکان بکرێت. سندووقی گەڕۆک بۆ نەخۆشەکان هەبوو، لەسەر پێشێلکارییەکان لەو سندووقانەش تانەمان بەرزکردووەتەوە. داوامان کرد کە ئەو سندووقانە بە تەواوەتی پوچەڵ بکرێنەوە".

نەورۆز ئویسال ئاسلان ئەوەشی خستەڕوو کە سەرباری هەموو تانەکان، دەستەی هەڵبژاردنی ناوچەکە دەستبەجێ کۆنەبووەتەوە، گەلیش لەبەرامبەر ئەوە کاردانەوەی هەیە و وتی، "ئێمە لەو بڕوایەداین کە ئەگەر گەل خاوەنداری لە ئیرادەی خۆی بکات، ئێمە ئەنجام بەدەستدەهێنین. لەبەرئەوەی جیاوازییەکە زۆر کەمە، دەکرێت لە رێگەی تانە و سکاڵاوە ئەنجامێک بەدەستبهێندرێت. ئێمە بڕواشمان وایە کە ئەگەر تانەکان قەبوڵ بکرێن، ئەو جیاوازیەش نامێنێت. گەل بڕوای بەوە هەیە، هەربۆیە ئێمە لێرەین".

بابەتەکە تەنیا پەیوەست نییە بە حزبێکەوە

نەورۆز ئویسال ئاسلان پەرلەمانتاری بازنەی شڕنەخی دەم پارتی ئەوەی خستەڕوو، کە بە دەنگدەری ساختە هەوڵدان بۆ سەرکەوتن نە ئەخلاقییە، نە مرۆییە و نە یاساییە و وتی، "پەیوەست بەوەوە بەردەوام دەڵێین، ئەوە تەنیا پرس و بابەتی حزبێک نییە. ئەوە کێشەی یاسا، ئاسایشی هەڵبژاردن و دیموکراسیە لە تورکیا. چەندین مانگە دەڵێین ئاکەپە کاربۆ دەنگدەری ساختە دەکات. لە ساڵی ٢٠١٩ و ٢٠١٨شدا هەمان شت هەبوو.

ئەو کەسانەی هێنران سەرباز نەبوون، پلەدار و ئەفسەر بوون، کارمەند و مووچەخۆر بوون. ئامانجی گواستنەوەی ئەو دەنگدەرانە، لە هەمان کاتدا بەشێکە لە ئۆپراسیۆنی شەڕی تایبەت، بۆ ئەوەی وردەی گەلی کورد تێکشکێنێت. شڕنەخ لەبەر ئەوە کرایە ئامانج، ئەو شوێنانەی دیکەش کە کرانە ئامانج بە هەمان ئامانج بوو".

هـ . ب