ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال لە ٩ هەمین ساڵڕۆژی ڕزگارکردنی شەنگالدا هەڵمەتێکیی مێژوویی نوێی دەستپێکرد. ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال بۆ ئەوەی دەوڵەتی عێراق فەرمانی ٣ ئابی ٢٠١٤ بە جینۆساید بناسێنێت هەڵمەتێکی واژۆ کۆکردنەوەی نێونەتەوەیی دەستپێکرد. هەڵمەتەکە لە ڕۆژی ١٣ تشرینی دووەم ڕۆژی ڕزگار کردنی شەنگال دەستیپێکرد و تا جەژنی چوارشەمە سووری نیسانی ٢٠٢٥ بەردەوام دەبێت. ئەم هەڵمەتە لە ئاستی شەنگال و عێراق و کوردستان و جیهان بەڕێوە دەچێت. واژۆکان هەم بە ئەلیکترۆنی و هەم بە شێوازی دەستی کۆ دەکرێنەوە.
ڕاگەیەنراوەکە لە لایەن هاوسەرۆکی مەجلسی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال جیهان جەلۆ خوێنرایەوە.
لە بەشێک لە ڕاگەیەنراوەکەدا شەهیدانی فەرمانی ٧٤ هەمینی سەر گەلی ئێزدی بە بیرهێنراوەتەوە و دەڵێ: " گەلی ئێمە هەزاران ساڵە لەگەل گەلانی هەرێمەکە بە ئاشتی پێکەوە دەژین، بە هۆکاری باوەڕی ئێمە بە جیاوازی و فرە ڕەنگی هێزە تاریک و دەسەڵاتخوازەکان فەرمانی ٧٤ هەمینیان بەسەر گەلی ئێمەدا سەپاند."
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێزە خۆپەرست و دەسەڵاتخوازەکان بەزۆر چەکیان لەدەستی گەلی ئێزدی ئێمە وەرگرت و ئەو هێزانەی بەرپرسی ئاسایشی شەنگال بوون کشانەوە، گەلی ئێمە بە بێ چەک لە بەردەم هێرشی دڕندانەی داعش بەجێهێڵران. بەو شێوەیەش جڤاکی ئێزدی ڕووبەڕووی گەورەترین تراژیدیا کرایەوە لە سەدەی ٢١.
جینۆسایدەکە لە بەرچاوی هەموو جیهان ئەنجامدرا
لە ئەنجامی فەرمانی ٧٤ هەمینی سەر جڤاکی ئێزدی، ٧ هەزار و ٢٢٤ ژن و منداڵ بەدیل گیران. لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا ٤هەزار و ١١١ کەس لەوانە ئازاد کراوە و چارەنووسی ٣ هەزار و ١١٣ کەسیش لەوانە نادیارە. چەندین جۆر پێشێلکاری وەک دەستدرێژی، سووکایەتی، ناچارکردنیان بە گۆڕینی ئاینی خۆیان لە لایەن داعشەوە دژی گەلی ئێزدی ئەنجام دراوە.
چەندین شوێنی پیرۆز، مێژوویی، کەلتووری، گۆڕستان و مەزارگە تەقێنرانەوە. شار ،شارۆچکە، گوند، ماڵ بە ماڵی گەلی ئێمە تاڵان و وێران کران. هەروەک بە هۆی ئەو جینۆسایدەوە چەندین کەس دووچاری نەخۆشی دەروونی هاتن و بەدەست دەرەنجامەکانی جینۆسایدەکەوە دەناڵێنن.
ڕوون و ئاشکرایە ئەوەی کە بەکورتی ئاماژەی پێکرا جینۆسایدە، بە پێی یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، فەمانی ساڵی ٢٠١٤ سەر گەلی ئێزدی هەموو خاڵەکانی جینۆساید دەیگرێتەوە. هەر بۆیە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا ١٤ واڵاتی ئەوروپی و ئەمریکی و ئاسیایی جینۆسایدی گەلی ئێزدیان بە فەرمی ناساند.
پێویستە دەوڵەتی عێراقیش دان بە جینۆسایددا بنێت
ئێمە داوا لە دەوڵەتی عێراق دەکەین کە دان بە جینۆسایددا بنێت و ئەرکە مرۆیی و سیاسی و یاساییەکانی جێبەجێ بکات. هەر وەک داوا لە سەرۆک کۆمار، پەرلەمان، دادگای فیدراڵی دەکەین دەم و دەست لەسەر ئەم پرسە کۆببنەوە و ئەم داواکارییانەمان جێبەجێ بکەن:
_ دان بە جینۆسایدی جڤاکی ئێزدیدا بنرێت.
_ تاوانبارانی جینۆسایدەکە دادگایی بکرێن.
_ بۆ ئەوەی جڤاکی ئێزدی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان هاوکاری مادیان پێشکەش بکرێت.
_ بۆ ئەوەی ئاوارەکانی جڤاکی ئێزدی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، نەتەوە یەکگرتووەکان پاراستنیان مسۆگەر بکات.
ئێمە لە ٩ هەمین ساڵڕۆژی ڕزگارکردنی شەنگالدا هەڵمەتی ناساندنی جینۆسایدی دژ بە گەلی ئێزدی دەستپێدەکەین. بەم بۆنەوە ئێمە داوا لە تەواوی گەلی خۆمان دەکەین کە بەشداری هەڵمەتەکە بکەن، داوا لە گەلی کوردستانیش دەکەین خاوەنداری لە هەڵمەتەکە بکەن. بۆ ئەوەی کە جڤاکی ئێزدی بە مافەکانی بگات و بەشێوەی خۆبەڕێوەبەری ژیانی خۆی بەڕێوە ببات.