رێزان شێخ دلێر پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لەسەر لیستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (یەنەکە) رایگەیاند کە داگیرکەری بە تەنها لە باشوری کوردستان نییە، هاوکات لەسەر سەروەری خاکی عێراقە.
دەوڵەتی داگیرکەری تورک دوو ساڵە دەستی بە ئۆپەڕاسیۆن و هێرشی چڕ بۆ سەر باشوری کوردستان کردووە. لەم چوارچێوەیەدا لە ١٤ی نیساندا هێرشی داگیرکەری بە هێرشێکی ئاسمانی دەستپێکرد و ١٧ی نیسانیش لە زەمینیەوە هێرشی بە تایبەت بۆ سەر ئاڤاشین، زاپ و مەتینا دەستپێکرد.
بەم هێرشانە، مەترسی داگیرکەری زیاتر بوو. لەبارەی ئەم مەترسیەوە، رۆشنبیر و سیاسەتمەداران بانگەوازی بۆ هەستیاری لە گەل و پارتە سیاسیەکان دەکەن کە لەبەرانبەر ئەم مەترسیە هوشیار بن.
'گەورەترین مەترسی لەسەر هەرێم و عێراقە'
رێزان شێخ دلێر پەرلەمانتاری پێشووی یەنەکە لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بە مەترسیەکان کرد و وتی، " کاتێک باسی داگیرکەری دەکەین، دەبینین هەرێمی کوردستان لەژێر مەترسیدایە. دەوڵەتی تورک هاتووتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان. لە هەمانکاتدا خاکی عێراق داگیر دەکرێت. هەرێمی کوردستان و زۆر ناوچەی دیکە بۆردومان دەکرێن. چەمچەماڵ لە سنورەوە زۆر دوورە، بۆردومان دەکرێت. شوێنێک نییە کە پەکەکەی لێبێت. خەڵکی هەرێمی کوردستان لەوێ دەژی. ئەمڕۆ مەترسیەکی گەورە لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە."
'نە پەرلەمان، نە حکومەت، بۆ رێگریکردن لە هێرشەکان هیچ داوایەکیان لە عێراق و وەزارەتی دەرەوە نەکردووە'
ڕێزان شێخ دلێر، رەخنەی لە بێدەنگی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم گرت و وتی، " گەلیش لەئاستێکدا نییە کە لەدژی داگیرکەری چالاکیەکی گەورە ئەنجام بدات و بە فەرمی شەرمەزار بکات. تاوەکو ئێستا نە پەرلەمانی کوردستان و نە حکومەت بە فەرمی داواکاریان پێشکەشی عێراق نەکردووە، داوایان لە وەزارەتی دەرەوە نەکردووە کە رێگری لە دەستدرێژیەکان تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان بکات."
'پێویستە پەیوەندی سیاسی نەبێتە هۆکاری داگیرکەری'
رێزان شێخ دلێر پەرلەمانتاری پێشووی یەنەکە لە پەرلەمانی عێراق بێ ئەوەی ناو بهێنێت، باسی هاوکاری پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەری تورک کرد و وتی، " خەمساردیەکی گەورەی پارتە سیاسیەکان هەیە کە ناتوانن هەرێمی کوردستان بپارێزن. هەرچەندە پەیوەندی سیاسی هەبێت، پێویستە ئەم پەیوەندیە سیاسیە نەبێتە هۆکار کە دەوڵەت و ناوچەکان داگیر بکرێن و ژیانی هاوڵاتیان بکەوێتە مەترسیەوە."
'ئێرە ماڵی هەموو کوردێکە، مەترسی هەبێت پێویستە یەکهەڵوێست بین'
رێزان شێخ دلێر پەرلەمانتاری پێشووی یەنەکە لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی قسەی هەندیک لایەنی باشور کە دەڵێن، پێویستە پەکەکە لە باشور بچێتە دەرەوە وتی، " ئێمە سەر بە هەر پارتێکی سیاسی بین جیاوازی نییە، بە گشتی کوردین، ئێرە ماڵی هەموو کوردێکی پارچەکانی دیکەیە. کاتێک مەترسی لەسەر ناوچەیەک هەبێت، پێویستە کورد بە هەستی نەتەوەیی بەرهەڵستی بکات و بجوولێت و ئەرک و بەرپرسیاری خۆی جێبەجێ بکات."
ف.ق