لە دوێنێوە خۆپیشاندان لە شارەکانی عێراق دژی ئەو کۆمەڵکوژییەی دەوڵەتی تورک فراوان دەبێت و جگە لە داخستنی باڵیۆزخانەی دەوڵەتی تورک لە بەغدا و داگرتنی ئاڵای تورکیا، ناوەندی پێدانی فیزای تورکیا لە تەواوی عێراق داخرا.
هەروەها دوێنێ هەینی چالاکوانانی مەدەنی لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان ، خۆپیشاندانیان دژی ناوەندی پێدانی فیزای تورکیا ئەنجامدا و ناوەندەکەیان لە کەرکوک داخست.
زانیار جومعە چالاکوانی مەدەنی کە خۆپیشاندانەکەی بەردەم ناوەندی فیزای تورکیای ڕێکخستبوو وەکو دەڕبڕینی هەڵوێست لەدژی بۆردوومانەکەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.
ئەم هێرشەی تورکیا پەیامێکی لەپشتەوە بوو
زانیار جومعە چالاکوانی مەدەنی و ڕێکخەری چالاکی داخستنی ناوەندی تورکیا لە کەرکوک، وتی : "ئەمڕۆ من وەکو چالاکوانێک بڕیارمدا، کە هەڵوێستم هەبێت و ناڕەزایی دەببڕم لەبەرامبەر ئەو بۆردۆمانەی لەزاخۆ گەشتیارانی عێراقی کردە ئامانج، بەداخەوە کە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئامانج و پەیامی ڕاستەقینەی تورکیا تێناگەن، تورکیا بەو بۆردوومانە ڕایگەیاند کە شەڕی ئەو لەگەڵ پەکەکە نیە بەڵکو بەئامانج کردنی گەلی عێراقە، ئامانجێکی دیکەی بۆردوومانکردنی گەشتیاران ئەوەیە هەرێمی کوردستان بۆ گەشتیاران ئارام نەبێت و گەشتیاران سەدرانی تورکیا بکەن وەکو ئەڵتەرناتیفی ناوچە گەشتیارەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمەش شەڕی ئابورییە، چونکە وڵاتێکە لەسەر گەشتیاری دەژێت".
لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق بەدەست پیاوی تورکیایە
هەروەها زانیار جومعە ئاشکراشیکرد: "پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەڕێگەی ئابورییەوە وەڵامی تورکیا بدەنەوە بەجۆرێک کە لانیکەم بۆ ماوەیەک دەروازەی ئیبراهیم خەلیل دابخەن ئەو کات تورکیا بەسیاسەتەکانیدا دەچێتەوە، بەڵام بەداخەوە ناتوانن هەڵوێستی ناوخۆش وەربگرن چونکە لەئیستادا سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراقدا بەدەست کەسێکەوە کە پیاوی تورکیایە، ئەویش ئەرشەد ساڵحییە، کە بەئاشکرا لەماڵپەری تایبەتی خۆی ، وەکو بەشێک لە تورکیا باسی خۆی دەکات و وەفاداری بۆ تورکیا ڕاگەیاندووە، پێوستە ئەو پیاوەی تورکیا لە پەرلەمانی عێڕاق لە پۆستەکەی دروبخرێتەوە، تا بتوانین هەڵوێست لەدژی تورکیا وەربگرین".
وەکو چالاکوانان ئەمڕۆ ناوەندی ڤیزای تورکیامان داخست لە کەرکوک
هەروەها ئەو چالاکوانی مەدەنیە وتیشی: یەکەم هەڵوێستی حکومتی عێراق دژی بۆردوومانەکانی تورکیا پێویستە وەستاندنی چوونی گەشتیاران بێت بۆ تورکیا، چونکە ئابوری تورکیا پشت بە گەشتیارانی عێراق دەبەستێت وەکو سەرچاوەیەکی بەهێزی ئابوری، بەڵام بەداخەوە حکومەت ئەم ڕێکارانە ناگرێتەبەر، لەئیستادا هەڵویستی حکومەت و دەرکردنی بەیاننامەکانیان زۆر باشە، بەڵام ئەمە بەردەوام نابێت بۆیە پێوستە ڕێکاری جدی بگیرێتەبەر لەلایەن دەسەڵاتی حکومەتی عێراقەوە، بەجۆرێک کە پێویستە باڵیوزخانە و ناوەندە فەرمییەکانی تورکیا دابخەن کە وەکو چالاکوانان کە ناوەندی ڤیزای تورکیامان داخست، بەڵام ئەمە بەردەوام نابێت ئەگەر حکومەت ڕێکاری پێویست نەگرێتەبەر".
لەپێناو خوێنی شەهیدان پێویستە حکومەت ڕێکاری توند بگرێتەبەر
لە کۆتایدا سەبارەت بەچالاکییەکەیان بۆ داخسنتی ئەو ناوەندی تورکیا لەشاری کەرکوک، زانیار جومعە چالاکوانی مەدەنی وتی: " ئێمەی چالاکوان و ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی شاری کەرکوک گردبوونەوەیەکمان ئەنجامدا بۆ داخستنی ناوەندێکی حکومەتی تورکیا و سەرکەوتووش بووین، بەڵام بەداخەوە نوێنەر و کەسی حزبە کوردستانیەکان نەهاتبوون بۆ چالاکییەکە، حکومەت پێویستە هەڵوێست وەرگرێت چونکە چالاکوانی مەدەنی تا ئاستێک دەتوانێت ڕۆڵبگێڕێت، ئەگەر حکومەت و پەرلەمان بیەوێت هاوڵاتیانی ڕازی بکات لەپێناو خوێنی شەهیدانی، پێویستە ڕێکاری توند بگرێتەبەر لەبەرامبەر هێرشە دڕندەکانی تورکیادا".
ف.ق