زیاتر لە پێنج مانگە رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد لەلایەن پەدەکەوە بێسەروشوێنکراوە

ماوەی زیاتر لە پێنج مانگە رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە رفێندراوە و بێسەروشوێنکراوە و تائێستا رێگە بە پارێزەرانی نادرێت چاویان پێی بکەوێت.

سلێمان ئەحمەد هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی رۆژنیوز کە دوای ئەوەی لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو بە مەبەستی دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەی سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کردبوو، لە کاتی گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان، لە دەروازەی سنووری پیشخابور لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە رفێندرابوو.

دوای هەفتەیەک لە رفاندنی و دواجار لە ژێر گوشاری رای گشتیی و رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە ئازادی رادەربڕین، ئاسایشی پەدەکە لە دهۆک ناچاربوو دان بە رفاندنی ئەو رۆژنامەنووسەدا بنێت، بەڵام هاوشێوەی کەیسی زیندانیانی بادینان، ئاسایشی پەدەکە لە کەیسی رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەددا بانگەشەی ئەوەی کرد کە دەستگیرکردنەکەی پەیوەندی بە کاری رۆژنامەنووسیەوە نەبووە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ سەپاندنی سزای قورس بەسەر ئەو رۆژنامەنووسە دادەنرێت.

ئاژانسی رۆژنیوز لە وەڵامی ئەو تۆمەتەی ئاسایشی پەدەکە لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندبوو: "لە پاش ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان، ئاسایشی دهۆک بە بڵاوکردنەوەی تۆمەتێکی ناڕەوا و پڕ لە چەواشەکاریی دەیانەوێت سلێمان ئەحمەد، هاوشێوەی زیندانییانی بادینان سزا بدەن، ئێمە وەک ڕۆژنیوز سەرلەبەری ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەینەوە.

راشیگەیاندبوو: "ئەم مامەڵەیەی پەدەکە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئیدانە دەکەین و داواکارین دەستبەجێ چارەنووسی سلێمان محەممەد ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان ئاشکرا بکرێت و ئازاد بکرێت، لە ئێستادا سەلامەتی گیانی ئەو ڕۆژنامەنووسە لە ئەستۆی پەدەکەدایە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، ڕۆژى ٢٥ى مانگى ١ى ئەمساڵ نەریمان ئەحمەد، یەکێک لە ئەندامانی تیمی پارێزەرانی سلێمان ئەحمەد ڕایگەیاند: ئەگەر لەكاتێكی زوودا چارەنووسی سلێمان ئاشكرا نەكرێت، ئەوا حكومەتی هەرێم و وەزیر ناوخۆی هەرێم پەلكێشی دادگای فیدراڵی دەكەین، بۆیە داوا دەكەین، ڕێگەمان بدەن بیبینین و تۆمەتی ساختەی بۆ درووست نەكەن.

باسى لەوەشکرد، لە کاتی سەردانەکانماندا بۆ هەوڵی بینینی سلێمان ئەحمەد، جگە لە سلێمان ئەحمەد، زۆرکەسی دیکە بە ناڕەوا لە زیندانی ئاسایشدا بەند کراون و هیچ تۆمەتێکیان نییە، ئەمە پێشێلکارییەکی ڕوونە و ئەرکی هەموو لایەنەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤە لەدژی ئەو بابەتە بوەستنەوە.

رفاندن و بێسەروشوێنکردنی رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و دەیان رۆژنامەنووس و چالاکوانی کورد و هەروەها ژمارەیەک رێکخراوی نێونەتەوەیی داکۆکیکار لە ئازادی رادەربڕین و ئازادی کاری رۆژنامەنووسی داوای ئازادکردنی ئەو رۆژنامەنووسەیان کردووە.

هـ . ب