زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە نەورۆزی ئامەدن: ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان!

لە نەورۆزی ئامەد کە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس تیایدا بەشدارە،لە وتارەکاندا جەخت لە داواکارییەکان بۆ ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرایەوە.

لە پارکی نەورۆزی ناوچەی رەزانی ئامەد مەراسیمی پیرۆزبایی نەورۆز بە دروشمی 'رابن، کاتی ئازادی و سەرکەوتنە' بەردەوامە. لە گۆڕەپانەکەدا بە جۆش و خرۆشەوە ئاگری نەورۆز کرایەوە.

لە وتارەکاندا جەخت لە سەر هەوڵەکان بۆ هێنانەدی ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرایەوە و هەروەها داواکرا بە جۆش و خرۆشی نەورۆزەوە بەشداری لە هەڵبژاردنی خۆجێیی ٣١ی ئاداردا بکەن.

هەر لە مەراسیمەکەدا پەیامی ئەو زیندانیانە کە خوێندرایەوە ماوەی ١١٦ رۆژە لە پێناو ئازادیی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد مانیان لە خواردن گرتووە.

لە پەیامەکەدا هاتبوو، کە ئەوان بڕوایان وایە کە گۆشەگیری دەشکێندرێت، رێبەری گەلی کورد ئازاد دەکرێت و بە مزگێنی بەهار، نەورۆز لە هەموو کەس پیرۆزکرا.

لە مەراسیمی نەورۆزی ئامەد ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان لەوانە دوو هونەرمەندی رۆژهەڵاتی کوردستان غەزەڵ مستەفا و فەرەج عەلیپوریش بەشداربوون و گۆرانیان پێشکەش کرد.

سەرباری ئەوەی زیاتر لە ملیۆنێک کەس لە گۆڕەپانەکەدان، تائێستاس بە هەزاران کەس لە بەر خاڵەکانی پشکنینی گۆڕەپانەکە لە چاوەڕوانی چوونە ناوەوەدان.

لە گۆڕەپانەکەدا بێ پسانەوە دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" دەوترێتەوە.

هـ . ب