زیندانی دایە مەقبوڵە ئۆزەری تەمەن ٨٠ ساڵ لە زیندان باڵی شکا

دایە مەقبوڵە ئۆزەر تەمەن ٨٠ ساڵ، کە لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە بە تۆمەتی 'یارمەتیدانی رێکخستن' زیندانیکراوە، چەندین نەخۆشیی لەگەڵدایە و لە زینداندا کەوتووە و باڵی شکاوە.

دادگای ناوچەى ئارتەمێنت لە پارێزگای وان بە تۆمەتی "یارمەتیدانی ڕێکخستن" سزای ٢ ساڵ و مانگێک زیندانیی بەسەر دایە مەقبوڵە ئۆزەری تەمەن ٨٣ ساڵ دا سەپاندووە، کە بە رێژەى سەدا ٥٣ کەمئەندامە. دایە مەقبوڵە لە ٩ی ئایاری ٢٠٢٢ەوە لە زینداندایە.

دوێنێ دایە ئۆزەر لە زینداندا لەسەر هۆشی خۆی چووە و بەو هۆیەوە کەوتووە و باڵی شکاوە. دایە ئۆزەر گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و لەوێش دیسانەوە بوراوەتەوە و بەو هۆیەوە ئەو باڵەى شکاوە، کە پێشتر شکابوو و چاکبووبوویەوە لە هەمان شوێنی پێشتردا دیسانەوە شکاوەتەوە. سەرباری ئەوانەش ئۆزەر شەوێک لە نەخۆشخانە ڕاگیراوە و دووبارە گواستراوەتەوە بۆ زیندان.

دایە ئۆزەر سەرباری ئەوەی باڵی شکاوە بە سەختیش دەتوانێت بە ڕێدا بڕوات. ئۆزەر لە چاوپێکەوتنی هەفتانەدا لەگەڵ بنەماڵەکەى ڕایگەیاند، بە هۆی ئازاری جەستەیەوە ناچارە هەموو ڕۆژێک سروم و دەرزیی ئازار شکێن وەربگرێت و ناتوانێت شەوانە بخەوێت و جەستەی هەمیشە لە ئازاردایە.

دایە ئۆزەر لە رێگەى بنەماڵەکەیەوە داوای لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد، کە بەرامبەر بە دۆخی هەستیار بن.

ژ.ت