زیندانییەکی نەخۆشی تەمەن ٨٣ ساڵیان ٣ هەزار و ٣٠٠ کیلۆمەتر گەڕاند

زیندانییەکی سیاسیی نەخۆش بە ناوی محەمەد ئەمین ئۆزکان لە ماوەى ٢ هەفتەدا ٣ هەزار و ٣٠٠ کیلۆمەتر لەم شار بۆ ئەو شار گەڕاندیان و برسییان کرد و نانیان پێ نەدا. ئۆزکان لەو گەڕانەدا لەسەر هۆشی خۆی

زیندانییەکی سیاسیی نەخۆش بە ناوی محەمەد ئەمین ئۆزکان لە ماوەى ٢ هەفتەدا ٣ هەزار و ٣٠٠ کیلۆمەتر لەم شار بۆ ئەو شار گەڕاندیان و برسییان کرد و نانیان پێ نەدا. ئۆزکان لەو گەڕانەدا لەسەر هۆشی خۆی رۆیشتووە.

زیندانیی سیاسیی نەخۆش محەمەد ئەمین ئۆزکانی تەمەن ٨٣ ساڵ، کە دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە لە زیندانی ئامەدەوە بۆ وەرگرتنی راپۆرتی پزیشکی و بۆ ئەوەى ئازاد بکرێت، رەوانەى دەزگای پزیشکیی داد (ATK) لە ئیستەنبول کرا. ئۆزکان-یان بە فڕۆکە برد بۆ ئیستەنبول و لە زیندانی ئیستەنبول رایانگرت. دوێنێ بردیان بۆ دەزگای پزیشکیی داد تاوەکو راپۆرت لەبارەی دۆخی تەندروستیی دڵی ئامادە بکرێت و بۆ ئەوەش ئۆزکان لە دەزگای پزیشکیی داد پشکنینی بۆ ئەنجامدرا. دوای پشکنینەکە ئێوارەی دوێنێ جاریکیتر گەڕاندیانەوە بۆ زیندانی ئامەد.

بەپێی زانیارییەکان، ئۆزکان بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە لە فڕۆکەکەدا لەسەر هۆشی خۆی رۆیشتووە و لە بردن و هێنانیشدا نەیتوانیوە خۆی لەسەر پێ بگرێت.

ئۆزکان رۆژ لە دوای رۆژ باری تەندروستیی خراپتر دەبێت و لە ماوەی هەفتەیەکدا بەو حاڵەوە ٣ هەزار کیلۆمەتر بۆ بردنی بۆ ئیستەنبول و ٣٠٠ کیلۆمەتر بۆ بردنی بۆ خارپێت بە گشتی ٣ هەزار و ٣٠٠ کیلۆمەتر گەڕاندوویانە. لە کاتی بردنیدا بۆ خارپێت نانیان پێ نەدابوو و بە برسێتی رایانگرتبوو و ئەوەش کاردانەوە و ناڕەزایەتیی زۆری لێکەوتەوە.

ئاماژە بەوە دەکرێت، ئۆزکان هەر جارێک دەبرێت بۆ نەخۆشخانە و دەبرێتەوە بۆ زیندان دۆخی تەندروستیی خراپتر دەبێت.

ئۆزکان لە ساڵی ١٩٩٦دا لە مێرسین بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخستن دا" دەستگیرکرابوو و بە تۆمەتی ئەوەى لە ساڵی ١٩٩٣دا بەختیار ئایدن گەورە جەنەراڵی سوپای تورکی لە لیجەى ئامەد کوشتوە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە.

ئۆزکان ماوەى ٢٥ ساڵە لە زینداندایە و ئەشکەنجەیەکی زۆر دراوە و زیانێکی زۆر بە جەستە و دەرون و تەندروستیی گەیەندراوە. لەو ماوەیەدا ٥ جار جەڵتەى دڵ لێیداوە، ٤ جاریش قەستەرە و باڵۆنی بۆ کراوە.

هاوکات ئۆزکان چەندین نەخۆشیی تری وەک، پەستانی خوێن، غودەی دەرەقی، ئێسکەنەرمە، نەخۆشیی ریخۆڵەکان و قۆلۆن و لاوازیی هەیە.

سەرباری ئەوەى ئۆزکان ماوەی چەند ساڵێکە راپۆرتی پزیشکیی هەیە، کە ناتوانێت لە زینداندا بمێنێتەوە، بەڵام دەوڵەتی تورک ئامادە نییە ئازادی بکات. پێشتر یەکێک لە کوڕەکانی لە زیندانی ئامەد، کە لەگەڵ باوکیدا زیندانیکرابوو، خزمەتی باوکی دەکرد، بەڵام لەو کاتەوە کوڕەکەى بۆ زیندانێکی تر دوورخراوەتەوە، تەنها هاوڕێ زیندانییەکانی خزمەتی دەکەن، چونکە بەهۆی نەخۆشییەکان و زۆری تەمەنەوە ناتوانێت کاروبارەکانی خۆی ئەنجام بدات.

هاوکات بنەماڵەکەى چەندیجار داوایانکردوە، ئۆزکان ئازاد بکرێت بۆ ئەوەى لە ماڵەوە خزمەتی بکەن، بەڵام ئەو داوایەى بنەماڵەکەشی رەتکراوەتەوە.

ژ.ت

***