ئابوریناس تونچ: حکومەت قەیرانی ئابوری بە رێگەی شەڕ دەشارێتەوە
ئابوریناس رەمەزان تونچ باسی سیاسەتی ئابوری تورکیا کرد و وتی:" حکومەت دەیەوێت قەیرانی ئێستای ئابوری، بە ڕێگای شەڕ بشارێتەوە."
ئابوریناس رەمەزان تونچ باسی سیاسەتی ئابوری تورکیا کرد و وتی:" حکومەت دەیەوێت قەیرانی ئێستای ئابوری، بە ڕێگای شەڕ بشارێتەوە."
بە هۆی هێرش و شەڕی دەوڵەتی تورک لە بەرامبەر گەلی کورد و هاوکات شکستی سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، ئابوری تورکیا لە خراپترین ئاستدایە. هەوڵە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک لە لیبیا و باشوری کوردستان و هێرشکردنە سەر ئەو ناوچانە، وەکو سیاسەتێک بۆ شاردنەوەی ئەم بارودۆخە ناڵەبار و قەیراناویەی بوراری ئابوری دەنرخێنرێت.
رەمەزان تونچ ئابوریناس لەبارەی ئەم سیاسەتەی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە وتی:"لە تورکیا لە ساڵی ٢٠١٥وە قەیرانێکی قوڵی ئابوری، کۆمەڵایەتی و سیستمی دیمۆکراسی هەیە و ئەم قەیرانە لە ساڵی ٢٠١٧دا زیاتر قوڵ بووەوە."
تونچ ئاماژەی بەوە کرد کە، حکومەتی ئێستای تورکیا لە ساڵی ٢٠١٧ وە دەستەواژەی "قەیران"ی قەدەغە کردووە وتی، هەموو شیرۆڤەیەک لە بارەی راستیی کێشەکانەوە، لە لایەن دەسەڵاتەوە وەکو "بە مەبەستی خراپ" پێناسە دەکات.
تونچ رایگەیاند، لەم بارودۆخەی ئێستادا ئیدی وەزیرەکانی حکومەتیش تیشک دەخەنە سەر قەیرانەکان و وتی:"قەیران بە پشتگوێخستن چارەسەر نابێت. لە لایەکەوە نرخی دراو، ژمارەی بێکاری، کۆی قەرزی دەرەوە و نیشانەکانی ئابوری گشتی، حکومەت ئیدی ناتوانێت ئەم قەیرانانە بشارێتەوە. تەنها ئامرازێک لەبەردەستیاندا ماوە کە هەوڵ دەدات بە رێگەی راگەیاندنەکان بیشارێتەوە، ئەوەش بە شەڕی لیبیا و سوریا و قوڵکردنەوەی ئاڵۆزیەکان لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی ئەنجام دەدات.
تونچ رایگەیاند، قەیرانەکە زۆرترین کاریگەری لەسەر چینی کرێکار دروست کردووە و وتی:"لە ئێستادا ٨ میلیۆن کەس بێکار بوون. ئەو رووداوانەی لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە روودەدەن، هاوکات سیاسەتی شەڕی ئابوریی حکومەت، هەوڵدانە بۆ شاردنەوەی قەیرانەکان. هاوکات دەبێت لە رووی پرسی کوردیشەوە، سیاسەتی ئابوریی شیرۆڤە بکرێت.
ئێمە دەبینین کە حکومەت لە بارەی پرسی کوردەوە لە رووی ئەمنی، توندوتیژی و شەڕەوە هەنگاو دەنێت. بەمەش کۆمەڵێک بەخێو دەکات کە ئەو کۆمەڵەش خۆیان بەشەر بەخێو دەکەن. چونکە سیاسەتێکی وەها بەڕێوە دەبەن کە بە میلیۆنان دۆڵار بۆ پێشوازیکردن لە شەڕ، خەرج دەکەن. بۆ نمونە ساڵی ٢٠١٥ دوای وەستاندنی چاوپێکەوتنەکانی ئیمرالی، داهاتی گشتی تورکیا ٢٥٠ میلیار دۆڵاری کەم کرد. ئەگەر کێشەی کورد لە چوارچێوەی سیاسەتی شەڕ و ئەمنیدا شیرۆڤە بکرێت، دەبێت خەرجی و تێچووەکەشی لەبەر چاو بگیرێت. ئەم تێچووەش بە واتای بچوکبوونەوە و کەمکردنی ئابوری و کار و بەرهەمهێنان دێت."
تونچ راشیگەیاند، هەوڵ دەدرێت قەیرانی ئابوری کە لەگەڵ بڵاوبوونەوی ڤایرۆسی کۆرۆنا قوڵتر بووەوە، بە رێگای سیاسەتی شەڕ کۆتایی پێبهێنرێت و وتی:"بەرچاوترین هێمای ئەمەش جموجوڵە سەربازیەکانە لە باشور (باشوری کوردستان). حکومەت بەم هەنگاوە دوو ئامانجی هەیە؛ یەکەم ئەوەیە سوپا خەریک بکات بە شەڕەوە. دووهەمیش ئەوەیە کە هەوڵ دەدات، ئەو قەیرانەی لە ئارادایە، بە شەڕ کۆتایی پێبهێنێت. هەڵوێستی ئەمنیی حکومەت بە هۆی ئەوەی لە چوارچێوەی سەرکوتکردنی کۆمەڵگادایە، توندوتیژی سەربازی و پۆلیسەکانی رەوا کردووە. لە بنەڕەتدا فشارێکی ئابوری هەیە، بۆیە حکومەت هەوڵ دەدات بە شەڕ و توندوتیژی رۆژەکانی دەرباس بکات. بۆیە بە بنەماگرتنی رژێمی تۆتالیتەر هیچ چارەسەریەک بە دوای خۆیدا ناهێنێت، بە پێچەوانەوە چارەسەریی کێشە ئابوریەکان بەستراوە بە چارەسەری کێشەیەکی وەکو کێشەی کورد بە رێبازی دیمۆکراتیک."
ز.ش